ئەو کاڵەکەى یەک دانەى لە یابان بەرامبەرە بە 22 هەزار و 500 دۆلار
هۆکارى گرانیی ئەو کاڵەکە چییە؟
تێچووى بەرهەمهێنانى جۆرێک کاڵەک لە یابان 200 دۆلارە، بەڵام بەلایتەوە سەیر نەبێت، کە لە ناوەڕاستى ساڵى 2019، دوو دانەى بە 5 ملیۆن یەن فرۆشراون کە دەکاتە (45 هەزار دۆلار).
چی وا دەکات ئەو کاڵەکە نرخەکەى بگاتە ئەو ئاستە؟
کاڵەکى سەوزى هیگۆ و بەرهەمهێنانى کاڵەک بە گشتى لە یابان بازرگانییەکى بایەخى پێدەدرێت، گەشەکردنى وڵاتەکەى پێوە بەستراوە، تەنها وەک میوەیەکى ئاسایی تەماشا ناکرێت، بەڵکو ڕۆڵێکى گەورەى لە کلتورى یابان هەیە.
ئەوەى وایکردووە یابانییەکان سەرسامى کاڵەک بن، تام و بۆنەکەى نییە، بەڵکو شێوەکەیەتى، کاڵەکى (تاج)، بەناوبانگترین جۆرى کاڵەکە، تەنها لە فرۆشگا ڕاقییەکانى تۆکیۆ دەبیندرێت.
کاڵەکى تاج، تەنها لە پارێزگاى شیزۆکا لە ناوەڕاستى ئەو وڵاتە بەرهەم دەهێندرێت، هەر دانەیەکى 200 دۆلار تێچوویەتى، بە پێچەوانەى ئەو کاڵەکە ئاساییانەى کە تەنها پێنج دۆلار تێچوویانە و زۆریان لێ بەرهەم دەهێندرێت.
بۆ ماوەى 60 ساڵە خانەوادەى Fumiyoshi Chujyo ئەو جۆرە کاڵەکە بەرهەم دەهێنن، بەردەوام جێی گرنگیپێدانە.
لە بەرهەمهێنانى جۆرەکانى کاڵەکى تاج، جوتیارەکان بە گرنگییەکى تەواوە و بە بەردەوامى چاودێری دەکەن، لە چاندن تا وەرزى لێکردنەوەى، 100 ڕۆژى پێویستە، 20 جۆرى هەیە و گوێ بە وەرز نادەن لە بەرهەمهێنانى و بەڵکو جوتیارەکان لەسەر ڕەزامەندى خانەوادەکە، ژینگەیەکى گونجاو بۆ بەرهەمهێنانى کاڵەکەکە دروست دەکەن.
چوار پلە بۆ کاڵەکى تاج دانراوە، فوجى، یاما، شیرۆ و یۆکى، ئەو کاڵەکانەى کەموکورتییەکیان تێدا بێت، بە یوکى ناودەبرێن، ئاستى شیرینى و شێوەى کاڵەکەکان بڕیار دەدەن لە کام پلەدا دەبن، 55% ئەو کاڵەکانەى بەرهەم دەهێندرێن، لە پلەى شیرۆن، 25%ی دیکەیان لە پلەى یامان، لە هەر هەزار کاڵەکیش یەک دانەیان پلەى فوجى وەردەگرن، کە بەرزترین پلەیە.
پاش 50 ڕۆژ لە چاندن، کاڵەکەکان گوڵ دەکەن، ئیتر لەوێوە هەنگاوە قورسەکان دەست پێدەکەن.
بەرهەمهێنانى ئەو کاڵەکانە بە تەواوى بە دەستن و ئامێر بەکار ناهێندرێت، تەنها گرنگى بە تام نادرێت، بەڵکو شێوەى کاڵەکەکەش جێی بایەخێکى زۆرە، لەگەڵ گەورەبوونى کاڵەکەکان، بە کاغەزێکى تایبەت دەپێچرێنەوە، بۆ ئەوەى زیانیان پێ نەگات.
لات سەیر نەبێت، هەر لەو کاتەوەى وەک شەمامەیەکن، کاڵەکەکان ڕۆژانە مەساجیان بۆ دەکرێت و لە قۆناغى کۆتاییشدا لە تیشکى خۆ دەپارێزرێن.
کۆمپانیایەکى تایبەت دانراوە بۆ سەرپەرشتی کردنى بەرهەمهێنان و پشکنینى کاڵەکەى تاج، کە ناوى “Shizuoka Crown Melon“ە.
کاڵەکى جۆى تاج، وەک دیارییەکى گرانبەهاش دەبەخشرێت، خەڵکێک پێشەکى پارە دەدەن و ناو تۆمار دەکەن بۆ دەستخستنى ئەو کاڵەکە بۆ ئەوەى وەک دیارى بیبەخشن.
ئەو کاڵەکە هەرگیز نابینیت لە سندوقى میوەفرۆشیدا یان میوەفرۆشێک لەسەر قوماشێک داینابێت بۆ فرۆشتن، بەڵکو لە فرۆشتنیش مامەڵەى تایبەتى لەگەڵ دەکرێت.
لە سەرەتاى وەرزى بەرهەمهێنانى ئەو کاڵەکانە، باشترین جۆرى ئەو بەرهەمە پێشەکى دەفرۆشرێت، هیچ کات نرخى کاڵەکى تاج دانەبەزیوە.
ئەوانەى تامى ئەو جۆرە کاڵەکەیان کردووە، سەرسام بوون پێی، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئامادەیت 22 هەزار و 500 دۆلار بدەیت بە یەک دانە کاڵەک لە باشترین جۆرى کاڵەکى تاج؟.
لە ناوەڕاستى ساڵى 2019، دوو دانە لە باشترین جۆرى کاڵەکى تاج کە لە پلەى فوجی بوون، لە زیادکردنێکدا، بە 5 ملیۆن یەن فرۆشراون کە دەکاتە (45 هەزار دۆلار).