نرخی نەوت دەگاتە “125 دۆلار”
بازاڕی نەوت لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە
بانکى جەى پی مۆرگان، پێشبینى ئەوەى کردووە، لە چارەکى دووەمى ئەمساڵدا، نرخى یەک بەرمیل نەوتى خاو لە بازاڕەکانى جیهان، تا 125 دۆلار بەرز ببێتەوە.
جەى پی مۆرگان، بانکێکى وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریی دارایی ئەمریکییە، لەبارەى نرخى نەوتەوە پێشبینیی خۆى بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “لە چارەکى دووەمى ئەمساڵ، نرخى یەک بەرمیل نەوتى خاو تا 125 دۆلار بەرز دەبێتەوە”.
بانکە ئەمریکییەکە، هۆکارى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت دەگەڕێنێتەوە بۆ، نزمى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت لەلایەن وڵاتانى بەشدار لە ئۆپێک پڵەس و ترس لە کەمبوونەوەى نەوتى یەدەگى ستراتیژیی وڵاتان، کە خواست لەسەر نەوت بەرز دەکاتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە، لەکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت، 95 دۆلار و 86 سەنتە، شەوی ڕابردووش 96 دۆلاری تێپەڕاند.
بڕیارەکەى ئۆپێک پڵەس کاریگەری لەسەر نرخى نەوت نەبوو
ئۆپێک پڵەس ڕۆژى 2ى شوباتى 2022، لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریدا، لە مانگى ئازارى ئەمساڵەوە، بڕى 400 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە بۆ بەرهەمى وڵاتانى بەشدار لە هاوپەیمانییەکە زیاد بکرێت.
بڕیارەکە بەجۆرێکە، کە ئەو وڵاتانە پێکەوە، رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتى زیاتر بەرهەمبهێنن.
هەرچەندە لەو ڕۆژەى هاوپەیمانییەکە بڕیارەکەى تیادا دا، نرخى نەوت بە ڕێژەى 0.30% دابەزى، بەڵام کاریگەرییەکەى درێژخایەن نەبوو، بەگوێرەى پێشبینییەکانى ئۆپێک، لە مانگى ئازار کە بڕیارى زیادکردنەکە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، نرخى نەوت دادەبەزێت.