کیسی کاغەزی ئێستا و وانەیەکی مارکێتینگی ماکدۆناڵدس لە جامی جیهانیی 1994
گۆڕینی شکست بۆ سەرکەوتن
ڕەنجدەر کامەران
وەک هەر بەیانییەکی ڕۆژانی هەفتە نانی بەیانیم دەکڕی سەرنجم دا لەبری کیسی نایلۆن (عەلاگە) کیسی کاغەز (زەرف) دانراوە، زۆرم پێخۆش بوو کە ئێمەش کلتوری ژینگەپارێزی پەیڕەو دەکەین وەک هەر وڵاتێکی تر. ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئاڵای عێراقە کە وشەی (اللە اکبر)ی تێدایە! وێنا دەکەم ئەو بابەتە ئاسان بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا تێپەڕنەبێت چونکە ئەم کیسانە دواجار فڕێ دەدرێت و موسڵمانان ڕەنگە وەك بەشێک لە بێڕێزیکردن بەرانبەر ئایین ناوزەدی بکەن.
ئەو بابەتە ڕەنگە فتوای ئایینی و قسەوباسی یاسایی هەڵبگرێت کە تایبەتمەندێتیی من نییە! بەڵام هەمان دۆخی (ماکدۆناڵدس)ی بیرهێنامەوە کە بۆ جامی جیهانی 1994 ئەنجامیان دابوو!
حادیسەکە چۆن بوو؟
وەک ستراتیژێکی بازاڕسازی، ماکدۆناڵدس ویستی زیاتر هەستی بەکاربەرانی ڕابکێشێت و بەمەش ئاڵای وڵاتانی بەشداربووی مۆندیالی 1994ی لەسەر زەرفی پێچراوەی ژەمەکانی دانابوو. سعودیە یەکێک بوو لە هەڵبژاردەکان و ئامانج ئەوەبوو فرۆشی ماکدۆناڵدس بەم ڕێگەیە زۆر زیاتر بێت بەتایبەتی کە لقی یەکەمی ساڵێک لەمەوبەر لەو وڵاتە کردبوویەوە. بەڵام کتوپڕ بایکۆت دەستیپێکرد و ژەمەکانی ماکدۆناڵدس ڕەت کرانەوە و کەمپینەکە ناڕەزاییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لەبەرئەوەی ئاڵای وڵاتی سعودیە دەستەواژەیەکی لەخۆگرتووە کە ڕوکنی پیرۆزی موسڵمانەکانە (لآ اِلَهَ اِلّا اللّهُ مُحَمَّدٌ رَسُوُل اللّهِ) و بە فڕێدانی ئەو پاکەتانە بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی چەندین ملیۆن موسڵمان دەکرێت.
هەنگاوی چارەسەرساز و خێرا
لقی سعودیە دەستبەجێ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکانی ئەو وڵاتە واژوو کرد تا بەخێرایی هەموو ئەو کیس و پاکەتانە کۆبکەنەوە کە ئاڵای وڵاتی سعودیەی لەسەرە و ڕۆژانەش لە بڵاوکراوەکان و کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن هۆشداری دەدرایە خەڵک کە هەر کەسێک بتوانێت کیسە – عەلاگە – یان کارتۆنێک کۆبکاتەوە و بیهێنێتەوە، ماکدۆناڵدس ژەمێکی بەخۆڕایی پێشکەش دەکات.
گۆڕینی شکست بۆ سەرکەوتن
ماکدۆناڵدس دوو ملیۆن زەرفی چاپ کردبوو بەڵام بەم ڕێگەچارە دەستبەجێ توانی خۆی لەو قەیرانە دەرباز بکات و هەستی ئەرێنی کڕیارەکانی بەدەستبێنێتەوە.
لەکۆتایی دا دەڵێم: هەرگیز ناتوانیت خەڵکی ناچار بکەیت ئیشت بۆ بکەن یان کڕیارت بن ئەگەر سەرەتا هەستیان نەجولێنیت.