لە هەرێم بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سوود لە وزەی خۆر وەردەگیرێت
وەزارەتی کارەبا دوو گرێبەستی بۆ ئەو مەبەستە واژوو کردووە
دوو پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەڕێگەی وزەی خۆرەوە، لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن.
كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا، دوو گرێبەستی بۆ بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات کارەبا لە هەولێر و دهۆک، لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای زاگرۆس گرووپ و ستێر گرووپ واژوو كرد، وەک وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کردووە.
ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکە، یەک ساڵە.
وەزیری کارەبا لە کاتی واژووکردنی گرێبەستەکان، داوای لە هەردوو کۆمپانیاکە کردووە، لە ماوەی دیاریکراودا پرۆژەکانیان جێبەجێ بکەن.
“هەردوو پڕۆژەکە، کە هەر یەکێکیان 50 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە جێبەجێ دەکرێن و لەڕووی تێچوونی بەرهەمهێنانی كارەبا و پاراستنی ژینگەوە، ئابوورییانە و ژینگەپارێزن”، وەک وەزارەتی کارەبا ئاماژەی پێکردووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر وەزارەتەکە ڕایگەیاندبوو، لە گەرمیان وێستگەیەکی کارەبا دروست دەکرێت، کە بە هەڵم کار دەکات.