لە هەرێم و عێراق ساڵی ڕابردوو 102 کرێکار لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە
بە هەزارانیش بریندار بوون
لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 102 كرێكار لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەكاتی كاركردندا گیانیان لەدەستداوە، وەک ڕێکخراوێک ئاشکرای کردووە.
ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی لە ڕاپۆرتێکدا، ڕەوشی كرێكاران و ئازادیی كاری سەندیكایی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو.
ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە بخوێنەرەوە..
ساڵی 2021 ساڵێكی سەخت بوو بۆ كرێكاران و فەرمانبەرانی گرێبەستی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت. لەو كاتەی هیچ بەرەوپێشەوەچوونێكی یاسایی بوونی نەبوو، ڕەوشی كار و لەدەستدانی كار و زیاتربوونی ڕێژەی بێكاری سیمایەكی دیار و زەقی بارودۆخی كار و كرێكاری بوو، هەزاران كرێكار كارەكانیان لەدەستدا و سەدان شوێنی كار داخران. ڕەوشی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە لە ساڵی 2021دا، ڕێژەیەكی زۆری كرێكاران لەكاتی كاردا گیانیان لەدەستداوە و سەدانیش لەکاتی کارکردندا تووشی پێكانی جۆراوجۆربوون. لەو نێوەندەشدا كرێكاری بیانی لە ڕەوشێكی زۆر خراپتر و ئاڵۆزتردا بوون.
بواری ئازادی كاری سەندیكایی لەوكاتەی لە چوارچێوەی یاساییدا لە 2021 هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهات، بەڵام لە كرداردا یەكێتییە سەندیكاییەكانی عێراق ڕووبەڕووی چەندین گرفتی جیاجیا بوونەتەوە و بەربەست خراوەتە بەردەم كارەكانیان.
چاودێرییكردنی ڕەوشی كار و ئازادی كاری سەندیكایی بۆ ڕێكخراوێكی ناحكومیی هەروا ئاسان نییە، بەڵام بەهۆی سووربوونی ڕێكخراوەكەمان، ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی و شارەزایی و پەیوەندییەكانی، توانیمان لەساڵی 2021یشدا لە چوارچێوەی پڕۆژەی هاوبەشمان لەگەڵ ڕێكخراوی فریاگوزاری میللەتی نەرویجی درێژە بە كاری چاودێریكردنمان بۆ ڕەوشی كار و ئازادی كاری سەندیكایی لە عێراق و كوردستان بدەین. دیارە ئەم كارەشمان بێ كێشە نەبووە كە دیارترینیان نەتوانینمانە بۆ سەردانیكردنی شوێنەكانی كار لە هەموو عێراق و كەمی توانای داراییە لەو كارەمان.
لە كۆكردنەوەی زانیارییەكانی نێو ئەم ڕاپۆرتە، پشتمان بە چاودێرەكانمان بەستووە، هەروەها بەو زانیارییانەی كە هەندێك لە كەیسەكان لەكاتی سەردانیكردنیان داویانە بە ڕێكخراوەكەمان، جگە لە پشت بەستن بەداتا و زانیارییەكانی میدیا و سەندیكا كرێكارییەكان و لایەنە پەیوەندیدارە حكومییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان. دەبێت ئەوەش بڵێین كە پێشێلكاری مافی كار و كرێكار و ئازادی كاری سەندیكایی لەوە زیاترە كە لەم ڕاپۆرتەدا هەیە، بەڵام ئێمە تەنیا ئەوانە دەخەینە ڕوو كە لەلای ئێمە تۆماركراوە و ڕاست و دروستی یەكلا كراوەتەوە.
مەبەستیشمان لە درێژەدان بەم كارە دەرخستنی ڕاستییەكان و هەوڵدانە بۆ باشتركردنی ڕەوشی كار و كرێكار و ئازادی كاری سەندیكایی لە عێراق و كوردستان. سوپاسی هەموو كەس و لایەكیش دەكەین كە لە بەرهەمهێنانی ڕاپۆرتەكەدا هاوكاربوون.
یەكەم: ڕەوشی یاسایی كاری سەندیكایی لە عێراق و هەرێمی كوردستان
لە ساڵی 2021 هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر چوارچێوەی یاسایی تۆماركردن و ڕێكخستنی كاری سەندیكاكانی كرێكاران لە عێراق و كوردستان نەهات. ئەو لێژنەیەی كە لە ساڵانی ڕابردوو لە عێراق بۆ ڕەشنووسی یاسای ئازادی كاری سەندیكاكانی عێراق پێكهات بوو، ڕەشنووسەكەی ڕادەستی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی عێراق کرد بوو، بەڵام لە ساڵی 2021دا هیچ كارێك لەسەر ئەو ڕەشنووسە تا ئێستا نەكراوە. هەرچەندە زیاتر لە 10 یەكێتی كرێكاران لە عێراق هەن بەبێ پشتیوانیی یاسایی.
لە هەرێمی كوردستانیشدا سەرباری كاركردن لەسەر دەركردنی یاسایەكی نوێی کار كە ماف بە دامەزراندنی فرە یەكێتی سەندیكایی دەدات، بەڵام ئەو ڕەشنووسە تا ئێستا نەچووەتە پەرلەمان و كاری لەسەر نەكراوە، ئازادی دامەزراندنی فرە یەكێتی سەندیكایی لە هەرێم بوونی نییە و تەنیا یەك یەكێتی سەندیكاكانی كرێكاران هەیە كە یەكێتییەكی هاوبەشە لە نێوان حزبە سیاسییەكانی سەردەمی بەرەی كوردستانی.
هەر بۆیە پێشنیاز دەكەین:
یاسایەكی هاوچەرخ بۆ ئازادی كاری سەندیكایی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەربچێت بەپێی ئەو پابەندییانەی كە دەوڵەتی عێراق لە چوارچێوەی ڕێككەوتنامەكانی ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی، ڕای گەیاندووە.
دووەم: پێشێلكاری بەرانبەر بە یەكێتی سەندیكاكان لە عێراق
سەرباری هەبوونی 10 یەكێتی كرێكاران لە عێراق دا، بەڵام تا ئێستا حكوومەتی عێراق و وەزارەتە پەیوەندارەكانی مامەڵەی فەرمی لەگەڵ یەك یەكێتی دەكەن و زیاتر بە یەكێتییەكی فەرمی دەیناسێنن، كە ئەویش بریتییە لە یەكێتی گشتی سەندیكاكانی كرێكاران، هەر ئەویش نوێنەرایەتی لە دادگای كار و سندووقەكانی كرێكاران دانراوە و لەلایەن وەزارەتی كاری عێراقەوە دەبرێتە پێشەوە. هەرچەندە لە ساڵی 2020دا یەكێتییەكانی دیكە ناڕەزایەتییان دەربڕی و ئەو كارەیان بەنایاسایی ئەژمار كرد و وەزارەتی كار ڕوونكردنەوەی دا كە بە یەكسانی مامەڵە لەگەڵ هەمووان دەكات، بەڵام لە ڕاستیدا وەك یەكێتییەكانی دیكە دەڵێن وا نییە و هەر لەگەڵ ئەو یەکێتییەدا بە فەرمی مامەڵە دەكەن.
تەنانەت بەم دواییانە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەست لە كاروبارەكانیان وەردەدات و هەڕەشەی داخستنی بارەگای ئەو یەكێتییانە دەكات و كارەكانیان سنووردار دەكات وەك هەندێک لە چالاكانی بواری كاری سەندیكایی دەڵێن.
هەروەها وەزارەتی پیشەسازی عێراقیش پێشووتر هەموو فەرمانگەكانی خۆی بە نووسراوێك ئاگادار كردووەتەوە كە تەنیا مامەڵە لەگەڵ یەكێتی گشتی سەندیكاكانی كرێكاران بكەن و مامەڵە لەگەڵ یەكێتییەكانی دیكە نەكەن.
لەولاشەوە وەزارەتی كارەبای حكوومەتی عێراق بە نووسراوی ژمارە 9478 كە لە 29ی ئاداری 2021 دەرچووە، هەموو كارمەندانی ئاگادار دەكاتەوە نەچنە ڕیزی سەندیكاكانی كرێكاران و هەر كەسێكیش سەرپێچی بكات ڕووبەڕووی سزای یاسایی و كارگێڕی دەبێـتەوە.
هەموو ئەوانەش لە كاتێكدایە كە عێراق لە یاسای نوێی کار بە ژمارە 37ی ساڵی 2015 دانی بە فرەیی كاری سەندیكایی و ئازادی كاری سەندیكایی ناوە. هەروەها لە ساڵی 2017شدا ڕێكکەوتنامەی 87ی ساڵی 1948ی ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی پەسند كرد كە تایبەتە بە ئازادی و فرەیی كاری سەندیكایی.
هەر بۆیە لەم بوارەدا پێشنیاز دەكەین:
پەلە بكرێت لە دەركردنی یاسای ئازادیی كاری سەندیكاكانی كرێكاران لە عێراق و هەرێمی كوردستان و تا ئەو كاتەش مامەڵەی یەكسان لەگەڵ هەموو یەكێتییەكان بكرێت لە لایەن هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان. بۆ ئەو مەبەستەش گشتاندنێك بكرێت بۆ هەموو فەرمانگە و لایەنە حكومی و ناحكومییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان دا.
سێیەم: گیان لە دەستدانی كرێكاران لە 2021دا
بەهۆی نەبوونی مەرجەكانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە شوێنی كار و كەمی چاودێریكردنی ئەو لایەنە و ژمارەی كەمی چاودێرەكانی سەلامەتی پیشەیی و بەشداریی پێ نەكردن بە نوێنەرانی یەكێتییە كرێكارییەكان و لاوازی هۆشیاری كرێكاران بە مەرجەكانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، هێشتا ژمارەیەكی زۆری كرێكار دەبنە قوربانی چ بە گیان لەدەستدان لەكاتی كاركردندا یان برینداربوون و پێكان لە كاتی كاردا.
بەپێی ئەو داتایانەی كە بەردەستی ئێمە كەوتوون، لە ساڵی 2021 بەداخەوە رێژەی قوربانی زۆرن، كە لەو ساڵەدا (102) كرێكار لەكاتی كار لە عێراق و كوردستان گیانیان لەدەست داوە. بەم شێوەیەی لای خوارەوە، كە بێگومان ژمارەكە لەوە زیاترە و ئێمە تەنیا دەستمان بەو حالەتانە گەیشتووە و تۆمارمان کردووە:
ژمارەی پێكان و برینداربوونی كرێكارانیش لە كاتی كار بەهۆی نەبوون و كەمی ئامرازەكانی خۆپارێزییەوە بەردەوام لەزیادبووندایە. بەشێوەیەك بەپێی داتایەك كە وەزارەتی كار و كاروباری کۆمەڵایەتی حكوومەتی عێراق بۆ ماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2021 كە تەنیا باس لە كرێكاری بریندار لەكاتی كاركردن لە پارێزگاكانی بەغدا و بابل و دیالە و واست و میسان و نەینەوا و كەربەلا، واتە 7 پارێزگای عێراق دەكات، ئاماژە بەوە دەكات كە 584 كرێكار لەكاتی كاركردندا بریندار بوون. هەروەها لە ڕاپۆرتێكی دیكەیدا باس لەوە دەكات كە لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 لەلای ئەوان 20 حالەتی برینداربوونی کرێکاران تۆمار کراوە. لە ڕاپۆرتێكی دیكەشیاندا كە ئاماژە بە مانگەكەی نەكراوە، تەنیا لە ئاماژەیەکدا و بەپێی ڕێککەوتی بڵاوکردنەوە لە مانگی ئەیلوولی 2021 باس لەوە دەكات كە 241 كرێكار بریندار بوون كە زۆرترین كرێكاری بریندار لە كەرتی خزمەتگوزاری بوون. هەروەها باس لەوەش دەكات لەو ژمارەیە 127 كرێكاریان لە بەسرا بوون.
لە ئاستی هەرێمی كوردستانیش ئەوەی لەلای تیمەكانیڕێكخراوەكەمان تۆمار كراوە لەساڵی 2021 لە شاری هەولێر 10 كرێكار و لە سلێمانی 19 كرێكار بوون، كە بێگومان ژمارەی برینداربوونی كرێكاران هەم لە عێراق و هەم لە كوردستان زۆر زیاترە لەوەی لەم ڕاپۆرتەدا خراونەتە ڕوو بەهۆی ئەوەی كە ئێمە دەستمان بە زانیارییەكانیان نەگەیشتووە. نوێنەرێكی یەكێك لە سەندیكاكانیش دەڵێت بریندارانی كار لە عێراق و كوردستان ساڵانە بە هەزارانە، بەداخەوە حكوومەت خەمی جددی لێ نەخواردووە.
لە ئاستی حكومییدا لە ساڵی 2021دا پرسی سەلامەتی پیشەیی وێڕای ئەوەی كە چەندین خوولی ڕاهێنانی لەبارەوە ئەنجام درا لە لایەن ڕێكخراوەكەمان بە هاوكاری ڕێكخراوەكانی خاوەنكار و كرێكاران لە عێراق و كوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی، هەروەها ڕەشنووسی لێژنەكانی سەلامەتی و تەندروستی لەگەڵ وەزارەتی كار و كاروباری کۆمەڵایەتی كوردستان ئامادەكران. بەڵام لە ڕاستیدا هێشتا گرفتی گەورە هەن لەوبارەیەوە.
بۆیە پێشنیاز دەكەین:
1. زیادكردنی ژمارەی چاودێرانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە عێراق و كوردستان.
2. بەشداریی پێكردن بە ڕێكخراەكانی كرێكاران و خاوەنكار لە لێژنەكانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە عێراق و كوردستان.
3. نووسینەوە و ڕاگەیاندنی سیاسەتی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە عێراق و كوردستان.
چوارەم: ڕهوشی ژیانی كرێكارانی بیانی
له ماوهی ساڵی 2021 هاوشێوهی ساڵانی پێشتر گرفت و پێشێلكارییهكانی دژ به كرێكارانی كۆچبهر و بیانی بهردهوامی ههبوو. له ڕووی یاساییهوه هیچ بهرهوپێشچوونهك ڕووی نهدا، جگه له داڕشتنی ڕهشنووسێكی نوێ بۆ ڕێنماییهكانی تایبهت به كرێكاری بیانی كه وەزارهتی كار و كاروباری كۆمهڵایهتی له ههرێمی كوردستان ئامادهی كردووه و پێویستی بهوهیه ئهنجوومهنی وهزیران پهسهندی بكات بۆ ئهوهی بچێته بواری جێبهجێكردنهوه. بهپێی ئهو زانیارییانهی كه تیمهكانی ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی له بهرپرسانی وەزارهتی كارهوه وهریانگرتووه، ڕهشنووسه نوێیهكه وردهكاری زیاتری تێدایه بۆ ڕێكخستن و مامهڵهكردن لهگهڵ كهیسی كرێكارانی كۆچبهر و بیانی له ههرێمی كوردستان دا.
نهبوونی یاسای تایبهت به كرێكاری بیانی له عێراق و ههرێمی كوردستان لهلایهك و ههبوونی ڕێگەی جیاواز بۆ هاتنی كرێكاران لهلایهكی ترهوه، وایكردووه كه كرێكاران به بهردهوامی تووشی چهندین گرفت و پێشێلكاری ببنهوه. ئهمه سهرهڕای نهبوونی میكانیزمی پێویست و گونجاو بۆ ڕێگریكردن و بهدواداچوونی كهیسی پێشێلكارییهكان كه ڕهنگدانهوهی لهسهر ژیانی كرێكارانی بیانی و پێشێلكردنی مافهكانیان ههبووه.
ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی له ڕێگەی تیمهكانییهوه له ماوهی ساڵی 2021 بهردهوام بوو له چاودێریكردن و بهدواداچوونی ژیانی كرێكارانی بیانی له ههرێمی كوردستان و عێراق. جگه له سوود وهرگرتن له ڕاپۆرته ڕۆژنامهوانییهكان، چاودێرهكانمان چاوپێكهوتنیان لهگهڵ دهیان كرێكاری بیانی و بهرپرسانی حكومی و نوێنهری سهندیكاكان ئهنجام داوه. وهك له دهرهنجامی كۆكردنهوهی داتا و زانیارییهكان بهدهركهوت، بڵاوبوونهوهی پهتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكهوتهكانی، كاریگهری ڕاستهوخۆی ههبوو لهسهر ژیانی كرێكارانی بیانی له عێراق و ههرێمی كوردستان. ئهم كاریگهرییه زیاتر بهسهر ئهو كرێكارانهوه بهدهركهوت كه له كۆمپانیا و كارگهكان كاریان دهكرد، بهوهی كه بهشێكیان كارهكهیان لهدهستدا و دواتریش بههۆی قهدهغهی هاتووچۆوه نهیانتوانی بۆ وڵاتی خۆیان بگهڕێنهوه. دهرهنجامی چاوپێكهوتنهكان ئهوهی دهرخست كه له ساڵی 2021 پێشێلكاری جۆراوجۆر دژ به كرێكارانی بیانی و كۆچبهر له عێراق و ههرێمی كوردستان ئهنجامدراون. پێشێلكارییهكان به جۆرێكه كه دژ به كرێكارانی ناوماڵ (ئافرهتانی خزمهتگوزار)، كرێكارانی كارگه و كۆمپانیاكان، و ئهو كرێكارانهشی كه بهشێوهی سهربهخۆ كار دهكهن ئهنجامدراون.
سهبارهت به جۆری پێشێلكارییهكان ئهوه دهركەوتووه كه كرێكارانی بیانی بازرگانیان پێوه دهكرێت، لە چوارچێوەی بازرگانی کردن بە کرێکارانی بیانیشەوە، شێوازەکانی وەک فرتوفێڵ و کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانیان بۆ بازرگانی سێکسی، و پێنەدانی کرێیی کار باوترین جۆرەکانی بازرگانی پێوەکردنن. لە شێوە گشتییەکەشدا، پێشێلکارییەکانی وەک نەبوونی گرێبەستی کار، دەستەبەرنەکردنی کۆمەڵایەتی، دەست بەسەرداگرتنی دۆکیۆمێنت و دڕاندنی پاسپۆرت، توندوتیژی سێکسی، خراپی ژینگهی كار و گیان لهدهستدان، تەنانەت ڕێگریکردن لە هەندێک مافی کەسی، گرنگترین ئهو جۆرە پێشێلکارییانەن کە ڕووبەڕووی کرێکارانی بیانی دەبنەوه. ئهمه سهرهڕای ئهوهی كه بهشێكی زۆری كرێكارانی بیانی گلهییان له ڕێكارهكانی نوێكردنهوهی مۆڵهتی نشینگه و تێچووی زۆری ئهو ڕێكارانه ههبوو.
ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی له ماوهی داهاتوودا ڕاپۆرتێكی تێروتهسهل لهبارەی ڕهوشی ژیانی كرێكارانی بیانی بۆ ساڵی 2021 بڵاو دهكاتهوه.
لە بواری ڕەوشی كرێكاری بیانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان پێشنیار دەكەین:
1. پەسندكردنی ڕێككەوتنامەی 158ی تایبەت بە مافی سەرجەم كرێكارانی كۆچبەر و ئەندامانی خێزانیان لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە.
2. پەلەكردن لە دەركردنی رێنمایی نوێ لە هێنان و مامەڵەكردن لەگەڵ كرێكارانی بیانی لە هەرێمی كوردستان و سزادانی سەرپێچیكەرانی.
3. ڕێگەدان بە كرێكارانی بیانی بۆ بوون بە ئەندام لە سەندیكاكانی كرێكارانی ناوخۆ و مسۆگەركردنی مافی دامەزراندنی ڕێكخراو و كۆڕ و كۆمەڵەی تایبەت بە خۆیان و ڕێكخراوەكانیان.
پێنجەم: کاریگەرییە ژینگەییەکان لەسەر بارودۆخی ژیانی کرێکاران
گۆڕان لە كەشوهەوا و ژینگە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای گۆی زەوییەوە دیاردەیەکی جیهانییە و کاریگەری هەیە لە سەر هەموو ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی. عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەم کاریگەرییە بەدەر نین و چەند ساڵێکە بە شێوەی جیاواز ئەم کاریگەرییانە دەرکەوتوون. ساڵی 2020 عێراق و هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی وشکەساڵی بوونەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەو چین و توێژانەی کە بژێوی ژیانیان پشت بە چالاکییە کشتوکاڵییەکان دەبەستێت، دروستکرد، کە کرێکاران بەشێکی گەورەی پێک دەهێنن. لە کۆتایی ساڵی 2021یش بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە لە شاری هەولێر خەڵكێکی زۆر زیانمەند بوون، لە ناویاندا چوار کرێکاری بیانی لە کاتی گەڕانەوە لە شوێنی کارەکەیان ئۆتۆمبیلەکەیان ئاو بردیەتی و گیانیان لەدەستدا، هەروەها شوانێکیش لافاوەکە بردی و دوای چەندین ڕۆژ تەرمەکەی دۆزرایەوە. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کرێکاران وەکو یەكێک لە چینە پەراویزخراوەکانی کۆمەڵگا دەبنە قوربانی دیاردە سروشتییەکان و ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر کەشوهەوای گۆی زەوییەوە هاتووە. بیگومان دەستدرێژی مرۆڤە خاوەن دەسەڵات و بەژەوەندی کۆمپانیا گەورەکان ئەم دیاردانەی دروستکردووە و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا باجەکەی دەدەن.
لەم بوارەدا پێشنیاز دەكەین:
1. هەردوو حكوومەتی عێراق و كوردستان گرنگی بدەن بە پرسی گۆڕانكاری كەشوهەوا و ڕێكار و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بكەن.
2. كۆمپانیا و كارگەكان پابەند بكرێن بە ڕەچاوكردن و دابینكردنی ئامرازەكانی خۆپارێزی لەو ڕووداوانەی كە بۆی هەیە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا ڕووبدەن.
3. هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگایی و بەتایبەتی بۆ كرێكاران و چین و توێژە پەراوێزخراوەكان لەبارەی مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.
شەشەم: نەبوونی گرێبەست و دەستەبەری کۆمەڵایەتی
کێشەیەکی دیكەی کرێکاران لە عێراق و هەرێمی کوردستان بریتیە لە نەبوونی گرێبەستی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی. بەپێی بەدواداچوون و چاودێری تیمەکانمان بۆ ئەم بابەتە لە باشترین حاڵەتدا رێژەی ئەو کرێکارانەی کە گرێبەستی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیان هەیە ناگاتە 30٪. کرێکاران یان کارمەندانی کەرتی تایبەت کە بەپێی هەردوو یاسای کار و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی مافەکانیان ڕێک خراوە، دابەشبوونە بەسەر چەند جۆرێکی جیاوازی کارکردن یان چەند شوێنکارێک کە بارودۆخی جیاوازیان هەیە. بەشێک لەوانەی لە کۆمپانیاکان کاردەکەن بارودۆخیان باشترە، بەهۆی پابەندی یاسایی و دارایی بەرانبەر حکوومەت و ناوبانگی خۆیان بە بەراورد بەشێوەکانی تر زیاتر بایەخ بەبوونی گرێبەست و دەستبەری کۆمەڵایەتی دەدەن. بەڵام ئەمانەش لە بابەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێی کاری حەقیقی بە بەڕێوبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی نادەن، واتە ئەو لیستی مووچەیەی دەدرێت بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی تا بڕی پارەی دەستەبەری پێ دیاری بکرێت زۆر جیاوازە لەو لیستەی کە مانگانە کرێکارەکان مووچەی پێ وەردەگرن. لە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کرێکارێکی یەكێک لە کارگەکانی ناوچەی بازیان باسی ئەوەی کرد کە لە زۆربەی کارگەکان بەم جۆرەن، ئاماژەی بەوەشدا کە “ئێمە پێش ئەوەی نرخی دۆلار بەرزبێتەوە، بەرانبەر دیناری عێراقی بە دۆلار مووچەمان وەردەگرت، بەڵام کە دۆلار بەرزبوویەوە مووچەکەمان کرا بە دینار و بە هەمان نرخی پێشوو. ئەم بابەتە بووە بە شتێکی زۆر دیار کە زۆربەی کارگە و کۆمپانیاکان دوو لیستی مووچەیان هەیە یەکێكیان بۆ حکوومەت و یەكێکیان بۆ خۆیان کە مووچەی پێدەدەن. ئەمەش پێشێلکارییەکی گەورەیە بەرانبەر بە مافەکانی کرێکاران، چونکە تەنیا کار لە ئێستایان ناکات، بەڵکو کار لە داهاتووشیان دەکات.
بارودۆخەکە بۆ کرێکاران خراپترە لەو شوێنانەی کە شوێنی فەرمی نین، وەکو کۆمپانیا و کارگەکان، لەو شوێنانە زۆر بە دەگمەن گرێبەست و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بوونی هەیە. بە تایبەتی ئەوانەی کە کرێکاری رۆژانەن یان خاوەنکاریان نییە بە تەواوی لەم مافە بێبەشن، چونکە هیچ پاڵپشتییەکی یاساییان نییە، بڕیار بوو لە دوای هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە کەرتی تایبەت لە 2021 بە ڕێنمایی ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت، بەڵام تا ئێستا وەکو خۆی ماوەتەوە، ئەو کەسانەی کە کاری ڕۆژانە دەکەن یان خاوەنکاریان نییە ناتوانن لە سندووقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەشداربن، لە کاتێکدا ئەم کەسانە ژمارەیەکی زۆری چینی کرێکاران لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێک دەهێنن.
لەئاستی عێراقیش حكوومەت هەوڵیداوە كە یاسایەك دەربكات بۆ بیمەی كۆمەڵایەتی، بەڵام ڕەشنووسی ئەو یاسایە لە ئاستی داخوازی كرێكاران و سەندیكاكانیان نییە، هەر بۆیە لە ساڵی 2021دا سەرجەم یەكێتییە سەندیكاییەكان فشاریان خستە سەر حكوومەت بۆ كشانەوەی ڕەشنووسی یاساكە.
لەم بوارەدا پێشنیاز دەكەین:
1. یاسایەكی هاوچەرخ بەپێی پابەندییەكانی عێراق و هەرێم دەربكرێت كە مافەكانی كرێكاران لەو بوارەدا مسۆگەر بكات.
2. تا دەرچوونی ئەو یاسایە، پەلە بكرێت لە دەركردنی ڕێنمایی جێبەجێكردنی یاسای هەمواری بیمەی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان.
3. لیژنەكانی پشكنین بە بەشداری نوێنەرانی سەندیكاكان زیاتر بكرێن لە ڕووی ژمارە و قەبارەوە، هەروەها كاراتر بكرێن لە ڕێگەی پێدانی دەسەڵاتی زیاترەوە.
4. چارەسەری کێشەی كرێكارانی كەرتی ناڕێكخراو بكرێت لە عێراق و كوردستان لە پرسی بیمەی كۆمەڵایەتی، چونكە زۆرترین ژمارەی كرێكار پێك دەهێنن.
حەوتەم: بێکاری و دەرکردنی کرێکار لە کار
ڕێژەی بێكاری لە ساڵی 2021 لە عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر بووە، هەرچەندە لایەنە فەرمییەكان دانیان بەوەدا نەناوە و بە فەرمی ڕایاننەگەیاندووە. لەوكاتەی كە لە هەرێمی كوردستان بەهۆی سیاسەتی ئابووری پەیڕەوكراو، دامەزراندن لەكەرتی گشتیدا بوونی نەبووە و بە هەزاران دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان چوونەتە ڕیزی بێكارانەوە، لەهەمان كاتیشدا لە عێراقدا بەهۆی سیاسەتی (كاغەزی سپیی)یەوە دامەزراندن كەم بۆتەوە لە كەرتی گشتی دا. هەروەها بەهۆی هەمان سیاسەتەوە كە نرخی دیناری عێراقی بەرانبەر بە دۆلار دابەزێندرا كاریگەری خستە سەر شوێنەكانی كار و سەدانیان داخراون، لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق و كوردستان، جگە لەوەی كە بەهۆی سیاسەتی خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا لەزۆرێك لە كارگە و كۆمپانیا و شوێنەكانی كەرتی گشتی ژمارەی كرێكاران كەم كراونەتەوە. هەموو ئەوانەش بۆتە هۆی ئەوەی كە لە 2021دا ڕێژەی بێكاری و دەركردنی كرێكار لەم ساڵەدا زیاتر بێت. بە نموونە لە شاری هەولێر بەهۆی گرتنەبەری ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە فایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی شوێنە گەشتیارییەکان لە جەژنی رەمەزان ژمارەیەکی زۆر کرێکار لە کار دەرکراون، تەنیا لە یەک شوێن خاوەنکارەکە ئاماژە بەوە دەکات ٢٨ کرێکاری ڕەوانەی ماڵەوە کردووەتەوە. هەروەها لە شاری سلێمانی لە کۆی ٧٥ کارگەی دروستکردنی قەنەفە نزیکەی ٣٥یان داخراون کە هەریەکەیان ١٠ کرێکار کاری تێدا کردبێت دەکاتە ٣٥٠ کرێکار کە بێکار بوون. لە پارێزگای كەركووك لە مانگی شوبات تا مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2021 شەست و پێنج شوێنی كاركردن داخراون، كە زۆرینەیان نانەواخانە و چێشتخانە بووە كە تیایدا زیاتر لە 571 كرێكار نێردراونەتە ماڵەوە و كارەكانیان لەدەستداوە. بێگومان ژمارەكە زۆر لەوە زیاترە و تیمەكانی ئێمە تەنیا گەیشتوون بەو شوێنانە.
ئەوانە تەنیا چەند نموونەیەكی كەمی لەدەستدانی كار و بێكارییە لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2021دا، كە بێگومان ڕەوشەكە زۆر لەوە خراپترە و قەبارەی بێكاری و دەركردنی كرێكاران و ناردنەوەیان بۆ ماڵەوە زۆر گەورەتر و فراوانترە.
لەم بوارەدا پێشنیاز دەكەین:
1. هەردوو حكوومەتی عێراق و كوردستان سیاسەتی دامەزراندن لە كەرتی گشتی دابڕێژن بە شێوازێك بتوانێـت لە ئاستی توانای مرۆیی ئێستای كۆمەڵگا بێت.
2. چاودێریكردن و گرنگیدان بە كەرتی تایبەت و دامەزراندن لەكەرتی تایبەت بەپێی یاسا و ڕێكاری یاسایی بێت.
3. مسۆگەركردنی بیمەی بێكاری وەك ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە بۆ بێكاران.
هەشتەم: خۆپیشاندانی كرێكاران و كارمەندان و سزادانیان
ساڵی 2021 ساڵێكی پڕ لە جووڵە و بزاوتی كۆمەڵایەتی بوو لەلایەن كرێكاران و كارمەندانی گرێبەست و مامۆستایانی گرێبەست و دەرچووان و بێكاران و جووتیارانەوە لە عێراق و هەرێمی كوردستان دا. بەپێی چاودێریكردنی ڕێكخراوەكەمان بۆ ڕەوشی داخوازییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان نزیكەی 250 خۆپیشاندان و ڕێپێوان و مانگرتن و گردبوونەوە لە شارەو شارۆچكە جیاجیاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بە بەشداری هەزاران كەس بەڕێوەچوو. كە تەواوی داواكارییەكان پەیوەست بووە بە داواكاریی پیشەیی و مافەوە.
هەرچەندە بەشێك لەو مافانە هاتوونەتە دی، بەڵام بەشێكی زۆریشی نەهاتۆتە دی و چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی 2022دا درێژەی هەبێت. بەتایبەتی ئەگەر حكوومەتی عێراقیش نموونەی حكوومەتی هەریم دەرگای دامەزراندن لە كەرتی گشتی نەكاتەوە و ململانێی سیاسی زیاتر ببێت، بۆی هەیە ئاستی داخوازییەكان زیاتر و فراوانتر ببێت.
ئەوەی جێی سەرنجە بۆ ئێمە هەندێك فەرمانگە و وەزارەتی حكومی سزای كرێكار و كارمەندانی خۆیان دا لەساڵی 2021 بەهۆی بەشداریكردن لە چالاكییەكانی كرێكاران یان لە ڕێپێوان و خۆپیشاندانەكان. بە نموونە بەهۆی بەشداریكردنی كرێكارانی بیرلێدانی نەوتی باشور بەمەبەستی باشتركردنی ڕەوشی كاریان، وەزارەتی نەوتی عێراق هەندێك لەو كرێكارانەی ڕووبەڕووی سزای كارگێڕی كردەوە.
هەروەها وەزارەتی كارەبای عێراق لە 11ی ئابی 2021 لە نووسراوێكدا هۆشیاری دەداتە كارمەندان و كرێكارانی كە نابێت لە هیچ گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییدا بەشدارببن. كارگەی ماسیش لە سلێمانی سزای كرێكارانی دا بەهۆی ئەوەی رازی نەبوون لە ڕۆژی یەكی ئایاری 2021 كاربكەن كە پشووی فەرمی كرێكارانە لە عێراق و هەرێمی كوردستان.
لەم بوارەدا پێشنیاز دەكەین:
1. ڕێز لە ئازادی خۆپیشاندان و مانگرتن و رێپێوان و هەموو چالاكییەكی ناتوندوتیژی كرێكاران و كارمەندان بگیرێت.
2. ئازادی كاری سەندیكایی لە هەموو كەرتەكان(گشتی، تایبەت و تێكەڵاو) بگیرێت و بەپێی یاسا مسۆگەر بكرێت
3. ڕێز لەو دەستكەوتانە بگیرێت كە بە فەرمی دانی پێدانراوە بۆ كرێكاران و كارمەندان، بە نموونە یەكی ئایار وەك ڕۆژێكی پشووی فەرمی كرێكاران و سزای ئەو كۆمپانیا و خاوەنكارانە بدرێـت كە پێشێلی ئەو مافە دەكەن.