مەسرور بارزانی پێشوازی لە بڕیارێکی یەکێتیی ئەوروپا دەکات
لەبارەی سپیکردنەوەی پارەوە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، “پێشوازییەکی گەرم” لە بڕیاری یەکێتیی ئەوروپا دەکات، بۆ لابردنی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی مەترسیی سپیکردنەوەی پارەیان لە سەرە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، “لەم ساڵانەی دواییدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد، بەهەماهەنگیی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، پێکەوە کاریان کردووە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی باربووکردنی دارایی تیرۆر و تۆڕەکانی تاوان، لە نێویشیاندا ئەنجامدانی زیادکردنی ئاشکرا و ئاڵۆگۆڕ و کاروباری نایاسایی بە دراو”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری دارایی گشتی و شێوازەکانی ئەنجامدانی گرێبەست و ڕێکارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان و فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی ڕوون و شەفاف کە لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیتەوە وردبینی بۆ دەکرێت، بوونەتە هۆی ئەوەی ئێمە بەهێزتر شەڕی گەندەڵی بکەین و هەروەها توانیومانە بە شێوەیەکی باشتر، چاودێری داهاتەکانمان بکەین لە ڕێگەی بەستنەوەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سیستەمی بانکی جیهانی”.
“ئێستاش لە ڕێگەی برەودان بە هەماهەنگیی دارایی و وەبەرهێنان لە گەڵ یەکێتی ئەوروپا، ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی بانکی ئاسانتر دەبێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا”، وەک مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە.
I strongly welcome the EU’s decision to remove Iraq from its list of countries at high risk of money laundering.
Now, with increased cooperation and investment from the EU, banking sector reform and support will become easier to deliver for our people.https://t.co/LKteTccc5J
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) January 10, 2022
ئەوەشی خستووەڕوو، “بۆ ئێمە لە کوردستان، ئەم بڕیارەی یەکێتیی ئەوروپا، هەنگاوێکی تایبەتییە، داعش هەوڵیدا و شکستی هێنا لە تێکدانی ژیانمان، بۆیە ئێمە لەسەنگەری پێشەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانین بۆ پەکخستن و ڕیشەکێشکردنی هەوڵەکانی بەدەستهێنانی پشتیوانی دارایی و خۆپارەدارکردن لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ( گرووپی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ ڕووبەرووبوونەوەی پارەدارکردنی داعش)”.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کردووە، “ئێمە ئەم گۆڕانکارییانەمان لە پێناو باشترکردنی داهاتووی خۆمان ئەنجام داوە، چونکە ئەگەر ئێمە ئەم چاکسازییە ئابووری و خۆڕێکخستنەوەمان نەکردایە و ڕووبەڕووی کێشەی بازرگانیی نایاسایی نەبووینایەتەوە، ئێستا ئەو دەرفەتەمان بۆ نەدەڕەخسا بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانمان لە ئەوروپا هەماهەنگی بکەین”.
مەسرور بارزانی دەڵێت، “ئەم سەرکەوتنەی ئەمڕۆ ئێمە بەدەستمانهێناوە، هاوکات لە گەڵ داننانی ئەوروپا بە هەوڵە هاوبەشەکانی هەولێر و بەغدا، پێویستە هاندەرێکی زیاتر بێت بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوانمان لە پێناو دابینکردنی ئایندەیەکی گەشی ئابووری بۆ نەوەکانمان”.
دەشڵێت، “من دڵنیام ئەمە دەبێتە وەرچەرخانێک لە هەنگاونانی کوردستان بەرەو دواڕۆژێکی جیهانی و ئاسوودە و ئارام بۆ خەڵکی کوردستان”.