وەزیری سامانە سروشتییەکان: ئێمە نەوتی سپی بەرهەم ناهێنین

وەزیری سامانە سروشتییەکان دەرکەوت و باسی نەوتی سپی دەکات

لەدوا دیارنەمانی بۆ ماوەی نزیکەی سێ مانگ وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم جارێکیتر بە باسی دابەشکردنی نەوتی دەرکەوتەوە و دەڵێت، دواکەوتنی لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانیش تەنها 18%ی خێزانەکان نەوتیان پێدراوە.

نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم بەڵێنی ئەوەی بە هاووڵاتیان دا کە پێش دەستپێکردنی وەرزی زستان هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوتی پێدەدرێت و وتی، “خۆم ماڵ بە ماڵ دەگەڕێم تا دڵنیاببمەوە کەس بێبەش نەبووە لە دابەشکردنی نەوت.”

بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی وەزیری سامانە سروشتییەکان پێویستی بە 264 ملیۆن لیتر نەوت هەیە بۆ ئەوەی هەر ماڵێکی هەرێم بەرمیلێک نەوتی سپیی پێبدرێت.

کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەکان لە قەزای شێخان

وەزیری سامانە سروشتییەکان لەدوای بەڵێنەکەی دیارنەما و ئەمڕۆ پاش نزیکەی سێ مانگ کاتێک دەرکەوتەوە، دەوروبەری 50 ملیۆن لیتر نەوت لە هەرێمی کوردستان دابەشکراوە، واتە لەدوای نزیکەی سێ مانگ تەنها 18%ی خێزانەکان نەوتیان پێدراوە.

کەمال ئەتروشی لە قەزای شێخانەوە دەستی بە چاودێریکردنی پرۆسەکە کرد و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لیژنەی تایبەتمان هەیە بۆ دابەشکردنی نەوتی سپیی، بەپێی پلانی خۆمان ئەولەویەت بۆ ناوچە شاخاوییەکانە، لە قۆناغی دووەمدا نەوت لەناو شارەکان دابەش دەکرێت”.

وتیشی، “دواکەوتنی دابەشکردنی نەوتی سپی لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، چونکە ئێمە خۆمان بەرهەمی ناهێنین، بەڵکو بە هاوکاری حکومەتی عێراق دەیهێنین، بۆیە پێویستە بەردەوام بین لەگەڵ ئەوان، ئەگەر دواشکەوێت پێیان دەڵێین چارەسەری بکەن”.

ئەوەشی خستەڕوو، “دابەشکردنی نەوت بە هاوکاری وەزارەتی نەوتی عێراقە، رێککەوتنمان کردبوو 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن، کە بە سێ قۆناغ بینێرن، قۆناغی یەکەم هاتووە و دەست بە دابەشکردنی کراوە”.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$70.74  $0.26  0.37%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$67.20  $0.18  0.27%  
زێڕ 
$2,782.70  $26.80  0.97%  
یەک ئۆنسە زیو 
$31.30  $0.565  1.84%  
گازی سروشتی  
$2.30  $0.011  0.48%  
گازۆلین 
$1.95  $0.0191  0.97%  
ئەلەمنیۆم 
$2,638.50  $11.75  0.45%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.13  $0.0034  0.16%