وەزارەتى کارەبا وەڵامى “هەڵمەتى لێکردنەوەى پێوەرى زیرەک” دەداتەوە
"پرۆژەی پێوەری زیرەكی کارەبا، یەكێک لە پرۆژە گرنگ و سەركەوتووەكانی کەرتی کارەبای هەرێمە"
لە ڕوونکردنەوەیەکدا بەهۆى “هەڵمەتى لێکردنەوەى پێوەرى زیرەک”، وەزارەتى کارەباى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاندووە، “پرۆژەی پێوەری زیرەكی کارەبا، یەكێک لە پرۆژە گرنگ و سەركەوتووەكانی کەرتی کارەبای هەرێمە”.
وەزارەتى کارەباى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، “پرۆژەی پێوەری زیرەكی کارەبا، یەكێک لە پرۆژە گرنگ و سەركەوتووەكانی کەرتی کارەبای هەرێمە و ڕۆڵێکی گرنگی بۆ چارەسەركردنی گرفتی كارەبا هەیە”.
ئەو ڕاگەیەندراوەى وەزارەتى کارەبا، وەڵامێکە بۆ ئەو هەڵمەتەى لە شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان لە سۆشیال میدیاوە ڕایگەیەندراوە بۆ “لێکردنەوەى پێوەرەکانى ئاو و کارەبا”.
وەزارەتى کارەبا ئاماژەى بەوەشکردووە، “تا ئێستا 79%ی پڕۆژەکە تەواو بووە و تەواوی تایبەتمەندییەکانیشی بەگەڕ نەخراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بە ڕێژەیەكی بەرچاو سەرپێچی لەسەر تۆرەکانی كارەبا و زیانگەیاندن بە ئامێرەکانی کارەبا لەوانە سوتانی گۆڕەری گەڕەکەکان و ئۆڤەرلۆد بوونی فیدەرەکان کەم بکاتەوە و دادپەروەری لە دابەشکردنی كارەبا بەدی بهێنێت”.
بەشێک لە هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان پێوەرى زیرەک بۆ ئاو و کارەبا بە “خراپ” ناو دەبەن، وەزارەتى کارەباش دەڵێت، “پێوەری زیرەک بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی، ناڕازی بوونی ئەو کەسانەی لێ کەوتووەتەوە، کە ساڵانێکە لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گشتی، بە سەرپێچی یاسایی، کارەبا دەدزن و پارەی کرێی کارەبا نادەن و مافی خەڵکی دیکەیان پێشێل دەکرد”.
وەزارەتەکەى هەرێم ئەوەشى وتووە، “کەمی ماوەکانی پێدانی کارەبا هیچ پەیوەندییەکی بە پێوەری زیرەکەوە نییە، بەڵکو لە پلەی یەکەمدا پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا و دواتر بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا و بەرزبوونەوەی ژمارەی هاوبەشانی کارەباوە هەیە”.
ئەوەشى خستوەتەڕوو، “بەلارێدا بردنی ڕای گشتی بە ئەنقەست بێت، یان لە نەزانینەوە بێت، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پاڵنەرانی ئەم بابەتە، هێشتا لە کار و ئەرکی پڕۆژەی پێوەری زیرەک تێنەگەیشتوون و نازانن ئەرکی ئەم پێوەرە لە کەرتی کارەبادا لەپاڵ بەشەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن چییە”.
لەبارەى سوودەکانى پێوەرەکەوە وەزارەتى کارەبا دەڵێت، “تەنیا لەناو سەنتەری شاری سلێمانی، لە ساڵی 2018 زیاتر لە 50 فیدەر ئۆڤەرلۆد بووە، سەرەمحاویلە 100 بووە، بەڵام لە ساڵی 2021 بەهۆی بوونی پێوەری زیرەکەوە، بۆ 10 سەرەمحاویلە و 10 فیدەری ئۆڤەرلۆد و سوتانی تەنیا محاویلەیەک کەم بووەتەوە”.
https://www.facebook.com/KRG.MOEL.Official/posts/4696170530469416