بەهاى بازاڕیی ئەپڵ 3 تریلیۆن دۆلارى تێپەڕاند
یەکەمین کۆمپانیایە لە جیهاندا بەهاکەى گەیشتبێتە ئەو ئاستە
کۆمپانیاى ئەپڵ بەردەوامە لەسەر تۆمارکردنى ژمارەى پێوانەیی، وەک یەکەمین کۆمپانیا لە جیهاندا، بەهاى بازاڕییەکەى 3 تریلیۆن دۆلارى تێپەراند.
ئەمڕۆ دووشەممە، کۆمپانیاى ئەپڵ بەهاى بازاڕییەکەى بەربەستى 3 تریلیۆنى تێپەڕاند، بووە یەکەمین کۆمپانیا لە مێژوودا بەهاکەى بگاتە ئەو ئاستە.
بەهۆى بەرزبوونەوەى بەهاى پشکەکانى ئەپڵ توانى بگاتە ئەو بەهایە، ئەمڕۆ پشکەکانى ئەپڵ (AAPL) بە ڕێژەى 3% بەرزبوونەوە، هەر پشکێکى گەیشتە 182 دۆلار و 88 سەنت.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە 2ى ئابى 2018، بەهاى بازاڕى کۆمپانیاى ئەپڵ یەک تریلیۆن دۆلارى تێپەڕاند، هەروەها لە 19ى ئابى 2020 توانى بچێتە یانەى 2 تریلیۆن دۆلارییەوە.
بەڵام بە دوور نازاندرێت، کۆمپانیاى دیکەش بەشدار بن لە یانەى 3 تریلیۆن دۆلارى، چونکە ئێستا بەهاى بازاڕى مایکرۆسۆفت 2.5 تریلیۆن دۆلارە و بەهاى بازاڕیی کۆمپانیاى ئەلفابێتیش 2 تریلیۆن دۆلارە.