داهاتى نۆکەندى سوێس لە 2021دا مێژوویی بووە
1.27 ملیار تۆن بە کەناڵەکەدا تێپەڕیوە
داهاتى نۆکەندى سوێس لە ساڵى 2021دا زیاتر لە 6 ملیار دۆلار بووە، دەستەى نۆکەندەکە بە داهاتى مێژوویی ناوى بردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئوسامە رەبیع، سەرۆکى دەستەى نۆکەندى سوێس ئاشکرایکردووە، بەگوێرەى ئامارەکانیان، لە ساڵى 2021دا نۆکەندى سوێس ژمارەى پێوانەیی لە داهاتدا تۆمار کردووە، بەجۆرێک داهاتى ساڵەکە 6 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە.
داهاتى نۆکەندى سوێس لە ساڵى 2020دا، 5 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بووە، “بە درێژایی مێژووى نۆکەندى سوێس، داهاتى نۆکەندەکە نەگەیشتووەتە ئەو بڕەى لە ساڵى 2021 بەدەستهاتووە”، وەک سەرۆکى دەستەى نۆکەندەکە ئاشکرایکردووە.
ئەوەشى خستوەتەڕوو، لەو ساڵەدا، یەک ملیار و 270 ملیۆن تۆن بار بە کەناڵەکەدا تێپەڕیوە، 100 تۆن زیاترە بەراورد بە ساڵى پێشووتر.
سەرۆکى دەستەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، لە ساڵى 2021دا، 20 هەزار و 694 کەشتى بە نۆکەندى سوێسدا تێپەڕیون، لەکاتێکدا لە ساڵى 2020، 18 هەزار و 830 کەشتى هاتوچۆیان کردووە.
لە ساڵى 2021دا، قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیی جیهان بە ڕێژەى 3.7% زیادى کردووە، لەکاتێکدا قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانی لەڕێی نۆکەندى سوێسەوە 8.5% زیادى کردووە.