میسر و مەغریبیشمان تێدا نەبوو

دانیار فاروق

ڕۆژنامەنوس و شارەزا لە کاروبارى تورکیا

هەرێمى کوردستانى عیراق، ماوەى 30 ساڵە حوکمى خۆبەڕێوبەرى جێبەجێدەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆى تەنگژە سیاسى و ئابورییەکانى ناوچەکەوە، نەیتوانیوە بگاتە ئەو ئاستەى، لەڕوى بەرهەمى ناوخۆوە خۆى بژیەنێت.

ئەگەر دوور نەڕۆین، تورکیا لەچاو وڵاتانى دیکەى خۆرئاوا و ئەمریکا، هێشتا زۆرى ماوە پێشکەوتنى بەرچاو بەدیبێنێت، بەڵام ماوەى 20 ساڵ زیاترە، برەوى بە بەرهەمى ناوخۆى خۆیداوە و پشت بە بەرهەمە ناوخۆییەکانى وڵاتەکەى خۆى دەبەستێت، لەبوارى کشتوکاڵ و پیشەسازییەکان بە گشتى، کە پیشەسازیى خۆراک و ئەوانى دیکەش لەخۆدەگرێت.

ئەوەى لێرەدا دەمەوێ هەڵوەستەى لەسەربکەم، پیشەسازیى بەرهەمە خواردەمەنییە، سروشتى و لەقوتونراوەکانى تورکیایە، کە ئێستا ستراتیژییەتى تازەى ئەو وڵاتە، لەخزمەتکردنى هاوڵاتییانى وڵاتەکەى، ئەوەیە، لەساڵى 1995، بە 21 لقەوە، بیرۆکەى بونیادنانى مارکێت و بازاڕى داخراوى بەدیهێنا، کە لەڕوى کوالێتى و نرخ و جۆرییەتى بەرهەمەکانەوە، هیچی واى جیاواز نەبێت، لە بەرهەمەکانى دیکەى بازاڕەکانى تورکیا.

ئەو مارکێتەى کە ئێستا زۆرترین برەوى هەیە لەسەرانسەرى تورکیا، بگرە لقى خۆى لە دەرەوەى تورکیاش کردوەتەوە، مارکێتى “بیم”ە (BİM).

مارکێتى “بیم” (BİM)، مارکێتێکە لەهەمو تورکیا لقى هەیە و لەساڵى 1995، بیرۆکەى دامەزراندنى هاتوەتە کایەوە، کارى ئەم مارکێتە، لەقوتوبەندکردنى بەرهەمە خۆراکییە دەستکرد و سروشتییەکانە و بەش بەشکردنێتى و پاشان خستنە بەرچاوى هاوڵاتییان و کڕیارانى تورکیایە، مارکێتى “بیم” (BİM)، لەژێر دروشمى، “بەرهەمى تاک بە نرخى کۆ”، دەستى بەکارەکانیکرد.

نرخ و جۆر و کوالێتى بەرهەمەکانى زۆر جیاوازن و هەرزانتر و باشترن، لە بازاڕە گشتییەکانى تورکیا.

مارکێتى “بیم” (BİM)، ساڵانە لقى زیاتر دەکاتەوە لە شار و شارۆچکەکانى تورکیا، کە بە گوێرەى ئامارێک، ساڵانە 12%، کردنەوەى لقى تازەى مارکێتەکانى ڕوى لە زیادبوونە و تاوەکو کۆتایى ساڵى 2020، 9 هەزار و 365، لقى لە تورکیا کردووەتەوە.

جگە لە ناوخۆى تورکیا، لە دەرەوەى تورکیاش، لقى کردووەتەوە، لەو چوارچێوەیە، ساڵى 2009، لەرێگەى ڕەوانەکردنى شاندێک لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى مەغریب، بۆ تورکیا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەى، لقى مارکێتەکانى “بیم” (BİM)، لەو وڵاتە بکرێنەوە، ئێستا 4 هەزار و 751 لقى لە مەغریب و 1401 لقیشى لە میسر کردووەتەوە.

مارکێتى “بیم” (BİM)، هەلى کارى بۆ 60 هەزار و 663 کەس، لەسەرجەم لقەکانى رەخساندوە، هاوکات 3 هەزار و 449 نوسینگەى سەرەکى و 5 هەزار و 958 کۆگاى گەورە بۆ هەڵگرتنى بەرهەمەکانى و 51 هەزار و 256 مارکێتى کردووەتەوە.

بەگوێرەى ئامارێک کە لە ساڵى 2019، بڵاوکراوەتەوە، قەبارەى فرۆشى بەرهەمەکانى مارکێتى “بیم” (BİM)، ساڵانە بەڕیژەى 24.5% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە، 40 ملیار لیرەى تورکى واتا (4.8 ملیار دۆلارى ئەمریکى)، ئێستا بەهۆى گۆڕانکارییە دارایى و ئابورییەکانى تورکیاوە، نرخ و رێژەکان گۆڕانکارییان، بەسەرداهاتووە.

بۆ ئەوەى لە شەپۆلى پێشکەوتنەکانى جیهانگیرى دوانەکەوێت، جیاواز لە کارى مارکێت، “بیم” (BİM)، ڕویکردە جیهانى تەکنەلۆژیا، لەو چوارچێوەیە، لە ساڵى 2012، بۆ یەکەمجار لەمێژوى تورکیا، براندێکى بازرگانیى خۆى دروستکرد بەناوى “بیم سێڵ” (BİMCell)، ئەوەش بە هاوکارى لەگەڵ کۆمپانیاى “تورک تیلیکۆم” بۆ پەیوەندییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش، لە رێگەى تۆڕى جى ئێس ئیم، تاوەکو کۆتایى ساڵى 2019، توانى خزمەتگوزارییەکانى بگەیەنێتە زیاتر لە 2 ملیۆن بەشداربووى کۆمپانیاکەى.

یەکەم بەرهەمى مارکێتى “بیم” (BİM)، شیرێک بو بەناوى دۆست سوت (Dost Süt).

هەمیشە بیرمکردووەتەوە، شێوازى ژیانکردن و خزمەتگوزارییەکان، کە وڵاتانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان، بۆ خۆیان پەیڕەوى دەکەن، بتوانرایە، هاونیشتمانیانى کورد لێرەش بەهەمانشێوە، سودیان لەو خزمەتگوزرییانە ببینیایە.

کە دەڵێم میسر و مەغریبیشمان تێدانەبو، مەبەستى سەرەکیم ئەوەیە، لەرێگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، رێککەوتنى بازرگانى و ئابورى لەگەڵ زنجیرە مارکێتەکانى “بیم” (BİM)، بکرێت، تاوەکو، لە شار و شارۆچکە و پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیش، لقى مارکێتەکانیان بکاتەوە، بەوەش هاونیشتمانیان بتوانن سود لەو بەرهەمانە ببینن، هەم لەروى کڕینى بەرهەمەکانەوە، هەم لەدابینکردنى هەلى کار بۆ گەنجانى هەرێمى کوردستان.

ئێستا یەکێک کە ئەم نوسینە دەبینێت، ڕاستەوخۆى ناسیۆنالیستانە بیردەکاتەوە و سەرجەمى نوسینەکەى منى قبوڵ نییە، خوێنەرى خۆشەویست، کە وڵاتەکەت لەماوەى 30 ساڵى حوکمڕانى خۆیدا نەیتوانیوە، بگاتە ئەو ئاستەى پشت بە بەرهەمە ناوخۆییەکانى خۆى ببەستێ، بۆچى بیر لەوە نەکەینەوە، لەبرى هاوردەى کاڵا و بەرهەمى خۆراکى خراپ و ماوە بەسەرچوو، بیر لەوەنەکەینەوە، بەرهەمەکانى مارکێتێکى هاوشێوەى “بیم” (BİM)، بهێنرێتە کوردستان و بەهەمان نرخى تورکیا کەمێک جیاوازتر، هاونیشتمانیان سوود لە بەرهەمەکان ببینن؟. وەڵامەکەى بۆ ئێوەى خوێنەرى خۆشەویست جێدێڵم.

لێرە و لەم مینبەرە ماڵپەرى بین نیوزى خۆشەویست، داواکارم لە بەرپرسانى حکومەتى هەرێم و وەزارەتى بازرگانى و لایەنە پەیوەندیدارەکان، رێککەوتن لەگەڵ مارکێتى “بیم” (BİM)، بکەن و بتوانن لقى ئەو مارکێتەش لە هەرێمى کوردستان بکرێتەوە.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$71.13  $0.4  0.57%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$67.60  $0.39  0.58%  
زێڕ 
$2,790.80  $9.70  0.35%  
یەک ئۆنسە زیو 
$31.39  $0.66  2.15%  
گازی سروشتی  
$2.36  $0.009  0.38%  
گازۆلین 
$1.96  $0.0098  0.50%  
ئەلەمنیۆم 
$2,647.25  $5.75  0.22%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.14  $0.0098  0.46%