چەند ئامۆژگارییەک بۆ دەرچووانى پۆلى 12

ونبوون لەنێوان پسپۆڕی و ئارەزوو و پیشەزانی

پشتیوان جەلال

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەندی ئابوری و ڕاوێژکارى بازرگانى

دەستم بۆ تەکسییەکە ڕاگرت و مەعمەلەم کرد و سەرکەوتم، شۆفێری تەکسییەکە گەنجێک بوو، باس لە گرانیی بەنزینەوە دەستی پێکرد، تا مەوزوع چووە سەر ئیش و کار.

گەنجەکە، وەستای کارەبا بوو، دەرمانسازی تەواوکردبوو، شۆفێریی تەکسی دەکرد، کێشەکە لەوێدا نییە ئەم کوڕە فرەپسپۆڕییە، کێشەکە لەوەدایە، وەستای کارەبایە و ئیشی دەستناکەوێت، دەرمانسازی تەواوکردووە نە حەزی لێیە و نە تاقەتی هەیە لەو بوارە ئیش بکات، تەکسییەکی پێیە و لەنێو هەزاران تەکسی تردا و خۆی دەیوت، “پارەی بەنزینەکە دەرکەمەوە سوپاسی خوا دەکەم”.

لێرە دوو پرسیار دێنە پێش..

یەکەم- وەستای کارەبا هەیە ئێستا تەلەفۆنی بۆ بکەیت، یەک مانگی تر سەرەی خانووەکەی تۆ نایات، ئەی بۆ ئەم گەنجە بێکارە؟.

دووەم- تازەدەرچووی دەرمانسازی هەیە، تەنها بە مەندووبی داهاتێکی باشی هەیە؟، ئەم گەنجە دەرچووی ئەو بەشەیە بۆ کاری نییە؟.

وەڵامی یەکەم، ئەم گەنجە پیشەیەک دەزانێت، بەڵام نازانێت لە بازاڕدا جێی خۆی بکاتەوە، نەیتوانیوە خۆی بسەلمێنێت و بازاڕکاریی باشبۆ خۆی بکات، ئێ ئەوە نەکەیت، کەس ئیشت ناداتێ ناوبانگت نەبێت و جێ دەستت دیار نەبێت.

وەڵامی دووەم، ئەم گەنجە پسپۆڕییەکی هەڵنەبژاردووە لەگەڵ خواست و ئارەزوو و حەزیدا بگونجێت، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی خۆى لەو ئیش و پسپۆڕییەدا نەبینێتەوە و خۆى لەگەڵدا نەگونجێنێت.

لە پەیمانگا من کاتێک ژمێریاریم خوێند، بیرمە کچێکمان لابوو، نە حەزى لە بوارەکە بوو نە یەک وشە عەرەبیشی دەزانی لەکاتێکدا وانەکان زۆربەیان عەرەبی بوون، ئێ نابێت چاوەڕوان بیت لەم پسپۆڕییەدا ئیش بکات و خۆى تیادا ببینێتەوە.

ئەگەر پۆلى 12ى و ئێستا سەرقاڵى زانکۆلاینى، ئەوە بزانە..

1- ئەگەر بەشێک هەڵنەبژێریت حەزت بۆى هەبێت، دەبێتە بار لەسەرت، بۆیە دواى قسەى کەس مەکەوە و ئەو بەشە بخوێنە کە دەزانیت خۆتى تیادا دەبینیتەوە و دەتوانیت بیکەیت بە سەرچاوەى پارە بۆ خۆت.

2- ئەگەریش نازانى حەزت لە چی بەشێکە بیخوێنیت، ئەوە بزانە هیچ بەشێک بۆت گرنگ نییە ئەگەر لە داهاتوودا پارە پەیدا نەکات.

3- پرس و ڕاوێژ بە کەسانى شارەزا بکە لەبارەى بەشەکان و پسپۆڕییەکان.

پرسیارێک دێتە پێش، ئەى چین ئەو بەشانەی تەواویان بکەیت بێ کار نابیت؟

بەشە تەکنەلۆجییەکان/
کۆمپیوتەر، داتا، زانیاری و تەکنەلۆجی، پرۆگرامین و هەر بەشێکی پەیوەندیدار.

بەشە پیشەییەکان/
ژمێریاری و دارایی، کارگێڕی و بەڕێوەبردن، بازرگانی و بازاڕکاری، کشتوکاڵی و درامەتە سروشتییەکان و هەر بەشێکی پەیوەندیدار.

بەشە تەندروستییەکان/
پەرستاری، شیکاری، دەرمانسازی، سڕکردن، تیشک و سۆنار، لەگەڵ هەر بەشێکی پزیشکی.

بەشی میدیا/
گرافیک دیزاین و مۆنتاژ، گەر لە میدیا وەرگیرایت دەبێت لەڕوی پیشەیی و پێویستبوونی دامەزراوەکان مامەڵەی لەگەڵ بکەیت.

چەند تێبینییەکی گرنگ؛

گەر لەو بەشانەی باسمان کرد وەرگیرایت پێویستە ئارەزوشت نەبو لێی خۆتی لەگەڵ بگونجێنیت و بڕوا بە خۆت بێنیت ئارەزوت بۆی هەبێت.

زۆر گرنگە پلانێکی باش دابنێیت بۆ ئەوەی لەو دوو ساڵەی پەیمانگا، یان چوار ساڵی زانکۆ خۆت فێری زمانی ئینگلیزی بکەیت، ئەوە گەرنتیی وەرگرتنتە لە کار.

ساڵانی #زانکۆ و پەیمانگات وەک گەشتێکی تەرفیهی تەماشا مەکە، ئەوە تەمەنێکتە و پارەی تیا خەرج دەکەیت، دەبێت هیچ نەبێت لەکۆتاییدا شتێک فێربوبیت کە بتکات بە خاوەنى کار.

هەوڵ و کۆشش و تێکۆشان و کۆڵنەدان، خاڵى گرنگى سەرکەوتنت دەبن، شتى وا نییە نیوەڕۆ خەو بکەیت و دواى هیچ کارێک نەکەویت و بڵێی، “خوێندن سودى نییە”.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$78.78  $2.20  2.87%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$75.31  $2.07  2.83%  
زێڕ 
$2,639.20  $13.20  0.50%  
یەک ئۆنسە زیو 
$28.27  $0.405  1.45%  
گازی سروشتی  
$2.65  $0.009  0.34%  
گازۆلین 
$2.14  $0.0695  3.36%  
ئەلەمنیۆم 
$2,552.00  $59.50  2.39%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.34  $0.0618  2.71%