چی دەبینیت و چۆن دەیبینیت؟

ئاراس عومەر

شارەزا لە بەڕێوەبردن و سەرچاوە مرۆییەكان

لە جەنگی جیھانی دووەمدا ئەمریکا ویستی دیراسە و لێکۆڵینەوەی زیاتر دەربارەی فڕۆکە جەنگییەکانی بکات و ئامانجیش لەم دیراسەیە ئەوەبوو تا بەجۆرێک تۆکمەیان بکات لە ئەگەری پێکانیاندا کەمترین کەوتنەخوارەوە ڕووبدات.

بۆ ئەم مەبەستە تیمێکی بەھێزی لە شارەزایانی بوارە جیاوازەکان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا دروستکرد تا خەریکی لێکۆڵینەوە و ریسێرچ بن و بگەنە دەرئەنجامێک، زانایەکی گەورە و ناسراوی بواری ئامار و بیرکاریشی کرد بە سەرۆکی تیمەکە کە ناوی ئەیبرەھەم واڵد (Abraham Wald) بوو.

تیمەکەی ئەیبرەھەم لە یەکەم ھەنگاویاندا ھاتن دیراسەی ھەموو ئەو فڕۆکە جەنگییانەیان کرد کە لە شەڕ گەڕابوونەوە و فیشەک یاخود ھەر چەکێکی دژە ھەوایی دژیان بەکارھاتبوو، ھاتن ھەموو ئەو پارچە و شوێنانەی فڕۆکەکانیان دیاریکرد کە زۆرترین فیشەکیان بەرکەوتبوو وەک لە وێنەکەدا دیارە، کە ئەوانیش بریتی بوون لە باڵەكان و ناوەڕاستی فڕۆکەکە و لای کلکەکانی.

ویستیان ھەموو ئەو ناوچانە بکەن بە پۆڵا و گەشەی زیاتر بە توندوتۆڵییان بدەن ھەرچەند ئەو پۆڵایە وەزنی فڕۆکەکەی قورس دەکرد و توانای مناوەرەی کەم دەکردەوە، بەڵام ئەوە ئەو رێگایە بوو کە لێکۆڵینەوەکەیان لەسەر بنیات نابوو… تا ئێستا ئەم چیرۆک و شێوازی داتا کۆکردنەوە و ھەوڵدانە بۆ گەشەپێدانی فڕۆکەکان بۆ ھەرکەس باس بکەیت ھاوڕایە لەگەڵت و کێشەیەکی ئەوتۆی نییە…

بەڵام ئا لێرەیا واڵد ھەستی بە ھەڵە گەورەکەی تیمەکەی کرد و بەھۆی ئەم ھەستکردنەی بەو ھەڵەو ئیرەرەوە؛ بووە خاوەنی ئەو بیرۆکەیەی کە دواتر ناونرا سەرڤایڤەرشیپ بایەس ((Survivorship Bias لایەنگرێتی رزگاربووەکان.

واڵد وتی، سەرجەمی ئەو فکرەیەی ئێمە کاری لەسەردەکەین ھەڵەیە، چونکە کۆکردنەوەی داتای شوێنی فیشەکەکان لەسەر ئەو فڕۆکانەی کە فیشەکیان بەرکەوتووە و توانیویانە بە سەلامەتی بگەڕێنەوە کافی نییە، بگرە ئەو داتایانە ھەر کێشەشی تیایە چونکە ڕاستە زۆرترین فیشەک بەر ئەو پارچانەیان کەوتووە بەڵام توانیویانە بە سەلامەتی بگەڕێنەوە و نەکەونە خوارەوە، لەکاتێکا ئێمە بەدوای ئامانجێکەوەین کە کەوتنەخوارەوە کەم بکاتەوە، کەواتە ئێمە ئەبێ داتایەکی ترمان ھەبێت بۆ ئەوەی بتوانین گەشە بە فڕۆکەکان بدەین، ئەویش ئەوەیە ئایا ئەو فڕۆکانەی کەوتونەتە خوارەوە و نەگەڕاونەتەوە فیشەک بەر کوێیان کەوتوە؟ بە کورتی واڵد وتی (لە لێکۆڵینەوە و گەشەپێداندا تەنھا ئەوداتایانە گرنگ نین کە دەیانبینین، بەڵکو ئەوانە گرنگترن کە نایانبینین، ھەروەھا دەبێت وێنە گەورەکەمان لەبەرچاو بێت) ئەم ھەڵەیەشی ناونا ھەڵەی (لایەنگرێتی رزگاربووەکان Survivorship Bias).

ڕوونتر بیڵێین (سەرڤایڤەرشیپ بایەس) بریتییە لەو ھەڵەیەی کە تەنھا ئەو داتا و زانیاری و چیرۆکانە ببینیت و زەق بکەیتەوە کە خۆت باوەڕت پێیەتی و سەپۆرتی ئەو بڕوایانەت دەکات کە خۆت ئیمانت پێیەتی… یاخو فەرامۆشکردنی داتا نەبینراوەکان، ئیتر ئەم بابەتە گەشەی زیاتری پێدرا و ھاتە ناو دنیای بزنس و مەنیجمێنت و زۆربەی بوارەکانی تری ژیانەوە.

تەنانەت لە تەنمیەی بەشەریشدا کە ھەندێکجار ھەندێک فیکرە ڕۆڵێکی خراپیان دەگێڕا، ئەم بیرۆکەیەی واڵد زۆربەیانی کردە کونەوە و ھەڵەکەیانی دەرخست، کە بەداخەوە لای ئێمە ھێشتا ھەر ڕەواجی پێ دەدرێت، بۆ نموونە تەنھا لەبەرئەوەی بیڵ گەیتس و مارک زوکەربێرگ خوێندنیان تەواو نەکردووە و بونەتە ملیاردێر، ئیتر خەڵک و ھەندێک واعیزی ناحاڵیی دێن ئەم شتە زەق دەکەنەوە، لەکاتێکا ئەو ملیاردێرانە تەنھا دوو سێ نموونەن بەڵام ملیارەھا کەسی تری بێ بڕوانامەی وەک ئەوان ھەن نەیانخوێندوە و ھیچ سەرکەوتوو نەبوون لە ژیاندا.

ئەمەش دیسانەوە لە کاتێکدا ھەرچی ئاماری دنیا ھەیە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە (بەشێکی زۆر زیاتر) لەوانەی خوێندویانە؛ لە ڕووی کار و پیشە و باری داراییەوە زۆر لەوانە لەپێشترن کە نەیانخوێندوە، دەی ئەمان دێن تەنھا بە نموونەی گەیتس و زوکەربێرگ ھەرچی داتای تر ھەیە سفری دەکەنەوە. ئەم زەقکردنەوەیە بریتییە لەو ئیرەرەی واڵد دۆزییەوە.

یان بۆ نموونە لە بزنسدا پاککەرەوەیەکی وەک براندی (تاید) لە فەترەیەکی زەمەنیدا دێت و بەھۆی چیرۆکێکەوە پێشی ھەمووان دەداتەوە، کەچی ھەموو خەڵک دێن لە ھۆکارەکانی سەرکەوتنی تاید دەکۆڵنەوە و ئەوە لەبیردەکەن کە ھەر لەگەڵ تاید-دا دەیان براندی تر خەریکی کار بوون و بەرھەمەکانیان فەشەلی ھێنا و دیار نەماون، رەنگە لە سەرکەوتنی تاید-دا بەختیش رۆڵی بینیبێت کە ھیچ سودێکی نییە بۆ دیراسەکانمان و بیرکردنەوەمان، بەڵام چیرۆک و داتای فەشەلی ئەوانی تر کە لەھەمان زەمەنی تاید-دا بوون و سەرنەکەوتن (وەک تەیارە نەگەڕاوەکان) زۆر گرنگترن بۆ بەرەوپێشچوونی ئێمە و تێگەیشتن لە وێنە گەورەکە..

بۆیە گەر خاوەنی بزنس بیت یان بەڕێوەبەر بیت یاخود تەنھا لەسەر ئاستی شەخسی تموحێکت ھەبێت، یان بتەوێت لێکۆڵینەوە بکەیت، ئەبێت زۆر وریابیت کە توشی ھەڵەی سەرڤایڤەرشیپ بایەس نەبیت و؛

١- تەنھا بەدوای ئەو ڕاستی و چیرۆک و داتایانەدا نەگەڕێیت کە پشتگیری بڕواکەی خۆت دەکەن

٢- تەنھا سەیری چیرۆکی سەرکەوتوەکان نەکەیت

٣- حەماسەتی ئەو داتایانەی کە دەیانبینیت بەلاڕێتدا نەبات و بەدوای ئەو داتایانەشدا بگەڕێیت کە دیار نین و نایانبینیت…

با ورد و وریاتر بین، بەھیوای سوود.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$74.53  $0.76  1.03%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$71.18  $1.08  1.54%  
زێڕ 
$2,718.20  $43.30  1.62%  
یەک ئۆنسە زیو 
$28.47  $0.43  1.53%  
گازی سروشتی  
$3.12  $0.217  6.50%  
گازۆلین 
$2.06  $0.0016  0.08%  
ئەلەمنیۆم 
$2,614.25  $13.25  0.50%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.27  $0.0014  0.06%