وەزیرى کشتوکاڵ: 5 هەزار هەلى کار دەڕەخسێنین
ئەنجومەنى وەزیران لەبارەى وشکەساڵییەوە بڕیارێکى دا
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەى ئاسایی خۆى ئەنجامدا، تیایدا، بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاپۆرتێکی دەربارەی بابەتی وشکەساڵی و مەترسییەکانی بۆ سەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
لەو ڕاپۆرتەیدا، وەزیرى کشتوکاڵ ڕایگەیاند، “وشکەساڵى،کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی پەینی کیمیایی و مادە قڕکەرەکان و کاریگەری بۆ سەر چاندنی بەرهەمی دانەوێڵەی گەنم و جۆ و دۆخی ئاژەڵداران و کێڵگەکانی پەلەوەری و سامانی ماسی و بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک،دەبێت“.
لە ڕاپۆرتەکەى بێگەرد تاڵەبانیدا، ئاماژە درا بە گرنگیدان بە سەرچاوە ئاوییەکان و بەنداوەکان و پڕۆژە ئاودێرییەکان و گلدانەوەی ئاوی پێویست و پاراستنی ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو، لە ڕێگەی هوشیارکردنەوەی هاوڵاتییان و هەروەها چەندین پێشنیاری ئاسانکاری بۆ جوتیاران و ئاژەڵدارانی هەرێم خستەڕوو.
پاش ئەو ڕاپۆرتە، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، کە کاریان لەسەر بکەن و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان، هاوکاریى وەزارەتى کشتوکاڵ بکەن.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە فەیسبووکى خۆى بڵاویکردەوە، “لەڕێگەی بەکارخستنی پرۆژەیاسای سەرپەرشتیکردنی پرۆژە کشتوکاڵییەکان، 5 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنین بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگا کشتوکاڵی و ڤێتەرنەرییەکان”.
https://www.facebook.com/110007990716321/posts/448673413516442/?d=n
پرۆژەیاسای سەرپەرشتیکردنی پرۆژە کشتوکاڵییەکان چییە؟
ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، بە سەرپەرشتیی بێگەرد تاڵەبانی و ئامادەبوونی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و لیژنەی یاسایی و کشتوکاڵ، لە تەلاری پەرلەمانی کوردستان لە کۆبونەوەیەکی کراوەدا، گفتوگۆ کرا، بەمەبەستی خوێندنەوەی دووەمی “پرۆژەیاسای سەرپەرشتیارانی پرۆژە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان-عێراق“.
ئەو پرۆژەیاسایە، بە یەکێک لە “پرۆژە هەرە گرنگ و ستراتیژییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دادەنرێت، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو پەری پەرۆشییەوە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە کاری تیادا کراوە، بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان“، وەک وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە.
لەبارەى پرۆژەیاساکەوە، بێگەرد تاڵەبانى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا گوتى، “دەتوانین لەڕێگەی بەکارخستنی ئەم پرۆژەیاسایەوە لە سێکتەری کشتوکاڵی، دەرفەتی کار بۆ 5 هەزار لە دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگاکانی کشتوکاڵی و ڤێتەرنەری لە هەرێمی کوردستان برەخسێنین“.
ئاماژەى بەوەشکرد، “ئەم هەنگاوە گرنگە دەبێتە فاکتەرێکی بەهێزی پێشخستنی پرۆژە کشتوکاڵییەکان و زەمینەسازی بۆ سوودوەرگرتن لە توانای دەرچووانمان و دابینکردنی دەرفەتی کار و زەمانەتی بیمەی خانەنشینی،بەپێی ئەو ناوەڕۆکەی کە لە بڕگە و مادەکانی پرۆژەیاساکەدا هاتووە“.