ئۆپێک پڵەس لە بەردەم کۆبوونەوەیەکى چارەنوسسازدایە

ئۆمیکرۆن و ئەمریکا بڕیاردانى ئۆپێک پڵەسیان قورستر کردوە

چارەنوسى نرخى نەوت، بەندە بە کۆبوونە چاوەڕوانکراوەکەى ئۆپێک پڵەس، کە بڕیارە لە 1 و 2ى کانونى یەکەمى 2021، دوو کۆبونەوە ئەنجام بدات.

لە گەڵ نزیکبونەوە لە کۆبونەوەى ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس، سەرهەڵدانى “ئۆمیکرۆن” جۆرە گۆڕاوەکەى ڤایرۆسى کۆرۆنا بازاڕى نەوتى شڵەژاندووە، ، کە بە بۆچونى شارەزایانى بازاڕ، رەنگە ئاڕاستەى بڕیارەکانى ئۆپێک پڵەس بگۆڕێت.

چەند سەرچاوەیەک لە رێکخراوى ئۆپێکەوە، بە ئاژانسى رۆیتەرزیان وتووە، لە 1ى کانونی یەکەمى 2021، ئۆپێک بە بەشداریى وەزیرانى نەوت و وزەى وڵاتانى بەشدار کۆدەبێتەوە، رۆژى دواتر 2ى کانونی یەکەمى 2021، کۆبونەوەى دوەم دەستپێدەکات، کە کۆبونەوەى هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەسە.

کۆبونەوەى ئۆپێک پڵەس، تایبەتە بە سیاسەتى بەرهەمهێنانى نەوت لەلایەن ئەو 23 وڵاتەى بەشدارن لە هاوپەیمانییەکە، کە تا ئێستا بەگوێرەى پلانە نوێیەکە، زیادکردنى بەرهەمهێنانى 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەیە، لە کانونى دوەمى 2022ەوە.

ئۆپێک پڵەس لەلایەک و ئەمریکا لەلاکەى دیکە

رۆژى سێشەممەى ڕابردوو، جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا ئاشکرایکرد، 50 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگى ستراتیژیی وڵاتەکەى بەکاردەهێنێت، بە هەماهەنگى لەگەڵ چین، هیندستان، کۆریاى باشور، ژاپۆن و بریتانیا ئەو هەنگاوەی ناوە، بە مەبەستى دابەزاندنى نرخى نەوتى خاو.

ئەو هەنگاوەى ئەمریکا دواى ئەوە هات، واشنتن فشارێکى زۆرى خستبووە سەر ئۆپیک پڵەس، بۆ زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوت، بەڵام هاوپەیمانییەکە ئەو فشارانەى ڕەت کردەوە و بە پلانى خۆى کاری کرد.

دەستبردن بۆ ئەو یەدەگە لەلایەن جۆ بایدنەوە، دوو بۆچوونى لەنێو هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس هێنایە کایەوە، ڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵ–ى ئەمریکى لە راپۆرتێکیدا، لە دوو سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، سعودیە و روسیا، بە نیازن ئەو پلانەى ئۆپێک پڵەس ڕابگرن، کە بۆ زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوت دانراوە.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو، هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، لەنێویاندا ئیمارات و کوەیت، بەو هەنگاوەى سعودیە و ڕوسیا رازى نین، چونکە زیادکردنى بەرهەم بە پێویست دەزانن.

وڵاتانى بەشدار لە ئۆپێک لەبارەى هەنگاوی داهاتوى ڕێکخراوەکەوە چی دەڵێن؟

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى نەوتى عێراق دوێنێ شەممە، 27ى تشرینى دوەمى 2021 ڕایگەیاند، “عێراق ئەندامێکى سەرەکیی ئۆپێکە، کارى ئێمە دۆزینەوەى هاوسەنگییە لە بازاڕى وزەدا، ئۆپێکیش بۆ هەمان مەبەست کار دەکات”.

ئەوە لەکاتێکدایە، کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى نیشتمانیى عێراق “سۆمۆ”، ئاماژەى بەوەکردبوو، عێراق بەپێویستى نازانێت بڕیار بدات بۆ زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوت لەدەرەوەى پلانى ئۆپێک.

سۆمۆ ئاشکرایکردوە، “هەرچەندە خواستى جیهانى لەسەر نەوت زیادى کردووە، بەڵام عێراق وایدەبینێت، رێککەوتنى ئۆپێک پڵەس بۆ زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوتى رۆژانە بە بڕى 400 هەزار بەرمیل، گونجاوە بۆ هاوسەنگیی بازاڕ”.

لەلایەکى دیکەوە، وەزیرى نەوتى کوەیت ڕایگەیاندوە، هیچ رێککەوتنێکى پێشوەختە نییە، کە لە کۆبونەوەى ئۆپێک پڵەسدا بڕیارى لەبارەوە بدرێت، ئاماژەى بەوەشکردوە، هاوسەنگیی بازاڕى وزە، ئامانجیانە.

کۆبونەوە چاوەڕوانکراوەکەى ئۆپێک، کۆبونەوەى ژمارەى 182ى رێکخراوى ئۆپێک و کۆبونەوەى وزاریی ژمارەى 23ى هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەسە.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$71.13  $0.4  0.57%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$67.60  $0.39  0.58%  
زێڕ 
$2,790.80  $9.70  0.35%  
یەک ئۆنسە زیو 
$31.39  $0.66  2.15%  
گازی سروشتی  
$2.36  $0.009  0.38%  
گازۆلین 
$1.96  $0.0098  0.50%  
ئەلەمنیۆم 
$2,647.25  $5.75  0.22%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.14  $0.0098  0.46%