تەنها لە چین سەدان هەزار کۆمپانیاى تایبەت بە ئۆتۆمبێلى کارەبایی هەن
بەهاى پشکى هەندێکیان موشەک ئاسا بەرزبوونەتەوە
هاوکاتى بەرزبوونەوەى بەهاى پشکى ژمارەیەک کۆمپانیاى چینى کە لە بوارى دروستکردنى ئۆتۆمبێلى کارەبایی کاردەکەن، دەیان هەزار کۆمپانیاى دیکەى هەمان بوار هەوڵى گەشەپێدانى کارەکانیان دەدەن.
بەگوێرەى ڕاپۆرتێکى Qichacha، ژمارەى ئەو کۆمپانیا چینییانەى تایبەتن بە دروستکردنى ئۆتۆمبێلى کارەبایی گەیشتوونەتە 321 هەزار ئۆتۆمبێل، 81 هەزار کۆمپانیاى نوێ زیادیان کردووە.
چین کە بە گەورەترین بازاڕى ئۆتۆمبێل بە جیهاندا دادەنرێت، ئامانجێتى تاوەکو ساڵى 2025، 20%ى ئۆتۆمبێلەکانى ئەو وڵاتە بە وزەى خاوێن کار بکەن نەک بە گاز و بەنزین.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەشى خراوەتەڕوو، بەهاى پشکى هەریەک لە کۆمپانیاکانى Nio و Xpengى چینى، بەرزبوونەوەیەکى موشەک ئاسایان بەخۆیانەوە دیوە، ئەوەش دەرخەرى ئەوەیە وەبەرهێنان لە دروستکردنى ئۆتۆمبێلى کارەبایی زیادیکردووە.
کۆمپانیا چینییەکان چاویان لەوەیە، ببن بە ڕکابەرێکى سەرسەختى کۆمپانیاى تێسلا کە بە پێشەنگى بەرهەمهێنانى ئۆتۆمبێلى کارەبایی هەژمار دەکرێت.