ئارامکۆ نزیکەى 2 ملیار دۆلارى بۆ “ئابوریی دیجیتاڵى” تەرخان کردووە
بۆ ماوەى سێ ساڵ
کۆمپانیاى ئارامکۆى سعودى نزیکەى 2 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە، بە مەبەستى وەبەرهێنان لە بوارى تەکنەلۆجیا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 1ى کانونى دووەمى 2023، ئەمین ناسڕ، سەرۆکى کۆمپانیاى ئارامکۆ ڕایگەیاند، کۆمپانیاکەیان پرۆژەى “ئارامکۆ دیجیتاڵ” دەستپێدەکات، بە مەبەستى داهێنانى تەکنەلۆجى و گەشەپێدانى ئابوریی دیجیتاڵى لە سعودیە.
ئەوەش لەڕێی چەندین پرۆژەوە ئەنجام دەدرێت، وەک ئەمین ناسڕ ئاشکرای کردووە.
ئەوەشى خستوەتەڕوو، بۆ ئەو پرۆژەیە، بودجەیەک بە بڕى یەک ملیار و 900 ملیۆن دۆلار بۆ ماوەى سێ ساڵى داهاتوو تەرخان کراوە.
ئارامکۆ دیجیتاڵ، بە گەورەترین وەبەرهێنانى ئارامکۆ دادەندرێت لە بوارى تەکنەلۆجیا، وەک سەرۆکى کۆمپانیاکە ئاماژەى پێکردووە.