لەبارەى موچە و نرخى دۆلارەوە لە عێراق هۆشدارى دەدرێت
"پارەى تەرخانکراو بۆ موچە زیادى کردووە و داهاتى نانەوتى کەم"
بەگوێرەى چەند داتایەک کە ئابوریناسى عێراقى بڵاوی کردوونەتەوە، لە عێراق پارەى تەرخانکراو بۆ موچە تا دێت بەرز دەبێتەوە و لەبەرامبەردا داهاتى نانەوتیی وڵاتەکە کەم دەبێتەوە.
ئەندازیار مەنار عەبدى، ئابوریناسى عێراقی لە پەڕەى خۆى لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، “موچەى حکومەى بە ڕێژەى %7.58 بەرزبووەتەوە بەراورد بە موچەى حکومى لە ساڵى 2019دا، کە تێکڕاى موچەى هەر مانگێکى موچەخۆرانى عێراق 3 تریلیۆن و 640 ملیار دینارە”.
ئەو ئابوریناسە ئەوەشى خستوەتەڕوو، لەبەرامبەر زیادبوونى پارەى تەرخانکراو بۆ موچە، بەراورد بە ساڵى 2019، داهاتى نانەوتى عێراق بە ڕێژەى 3% کەمى کردووە.
“ئەگەر گریمانەى ئەوە بکەین کە عێراق نەوتى نامێنێت، ئەگەر تەنها پارەى موچە بدات و هیچ خەرجییەکى دیکەشى نەبێت، ئەوا کورتهێنانى مانگانەى 5 تریلیۆن دینارى عێراقى دەبێت”، وەک ئەندازیار مەنار عەبدى ئاشکراى کردووە.
هۆشداریی ئەوەشى داوە، ئەگەر موچەى حکومی بەو جۆرە گەشە بکات، ئەوا پێویستە نرخى یەک دۆلار بەرز بکرێتەوە بۆ هەزار و 800 دینارى عێراقى، ئەگەر نرخى نەوت وەک ئێستاش بێت.