ئینتەرنێتى دراوسێکانت بەکار دەهێنیت؟.. ئەوروپاشی گرتووەتەوە
لە هەندێک وڵات شکاندنى پاسۆردى واى فاى تاوان نییە
پێت وانەبێت تەنها لە هەرێمى کوردستان، دراوسێکەت واى فاى ئینتەرنێتەکەى تۆ بە بێ بەرامبەر بەکار دەهێنێت، چ بە پرسى خۆت بێت یان بێ پرس، لە توێژینەوەیەک دەرکەوتووە، لەنێو وڵاتانى ئەوروپیش بەکارهێنانى ئینتەرنێتى دراوسێ بووەتە دیاردە.
کۆمپانیاى Statista ڕاپرسییەکى کردووە و دەرکەوتووە، 16ى بەشداربووانى هۆڵەندى ڕایانگەیاندووە، بەشێوەیەکى سەرەکی، ئینتەرنێتى دراوسێکانیان بەکار دەهێنن و لەڕیی واى فاى دوورمەوداى ئاسۆییەوە هێڵەکانیان پێدەگات.
هەروەها لەو ڕاپرسییەدا دەرکەوتووە، 7%ى بەشداربووان لە وڵاتى ئەڵمانیا و 6%ى بەشداربووانى وڵاتى فەڕەنسا، ئینتەرنێتى دراوسێکانیان بەکار دەهێنن.
ئەو ئامارە تایبەتە بەو ڕاپرسییە و لە ساڵى 2022 ئەنجامدراوە، ئەوانەى ڕایانگەیاندووە ئینتەرنێتى دراوسێکانیان بەکار دەهێنن بەبێ بەرامبەر، بەشێکیان بە ڕەزامەندی بووە، ئەوى دیکە بە هاککردنى واى فاى هێڵەکان بووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە هۆڵەندا، شکاندنى پاسۆردى واى فاى ئینتەرنێتى دراوسێ، تاوان نییە، لەکاتێکدا لە بەشێکى وڵاتان ئەوە بە تاوان هەژمار کراوە.