هەولێر.. 220 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری خەرج کرا
لەسەر داهاتی شارەوانی
ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی نزیكەی 220 ملیۆن دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی هەولێر، وەک وەزارەتی شارەوانی ئاشکرای کردووە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، “لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دوو پرۆژەی خزمەتگوزاریی كۆنكرێتكردن و قیڕتاوكردنی شەقامەكان جێبەجێ دەكرێن و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش ڕەزامەندی دا لەسەر خەركردنی گوژمەی نزیكەی 220 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەكان”.
وەزارەتەکە ڕاشیگەیاندووە، “گوژمەكە لەسەر داهاتی شارەوانی و لە چوارچێوەی پلانی ساڵی 2022 بە مەبەستی جێبەجێكردنی هەردوو پرۆژەی كۆنكرێتكردنی چەند شەقامێك لە گوندی سێبەردان و هەروەها جێبەجێكردنی پرۆژەی قیڕتاوكردنی چەند شەقامێك لە گەڕەكی هەولێری نوێ، كەرتی 250 لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر”.
“ئەم پرۆژانە كاریگەریی باشیان لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان و شۆفێرانی ئەو سنوورانە دەبێت، وێڕای ئەمانە ئێستا لە شاری هەولێردا لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە ژمارەیەك پرۆژەی دیكە لە قۆناغی جێبەجێكردندان”، وەک وەزارەتی شارەوانی باسی لێوەکردووە.