ڕیاڵ مەدرید و مانچستەر ستی لە دوو تیۆریی پێکهێنانی تیمدا
شێوازی لینچیۆنی Lencioni Model کە مایەی شکستی مانچستەر سیتی بوو
ڕەنجدەر کامەران
هەرچەندە مانچستەر سیتی دەرفەتی پەڕینەوەی بۆ قۆناغی کۆتایی زیاتر بوو، بەڵام -بە بڕوای من- شێوازی لینچیۆنی جێبەجێدەبێت لەسەر گواردیۆلا و یاریزانەکانی کە نەیانتوانی بەردەوامی بە تیمە توندوتۆڵەکەیان بدەن و بگەنە کەناری ئارامی.
پاتریک لینچیۆنی لە کتێبی The Five Dysfunctions of a Team دا پێنج هۆکار دەخاتەڕوو کە تیمێکی بەئەزموون دووچاری نەمانی کاریگەری و شکستهێنان دەکات، ئەوانیش بریتین لە:
Lack of trust: نەمانی متمانە
کاتێک تیم خۆی لە ئامانجەکەی کەمتر بێتە بەر چاو یاخود ڕکابەرەکەی شایەنتر وێنا بکات، ڕێژەی سەرکێشی کردنی کەمتر دەبێتەوە و بەمەش ئاستی هەماهەنگی نێوان ئەندامانی تیم لاواز دەبێت و ناتوانن ئاراستەیان ڕێکبخەن بەرەو ئامانجەکە.
وەک بینیمان دوای گۆڕانکارییەکانی ڕاهێنەر و بە تایبەت تر لە کۆتا خولەکەکان شپرزەیی و بێ متمانەیی وای لە یاریزانانی مانچستەر یونایتد کردبوو تیمە توندوتۆڵەکەی جاران نەمێنن. بەپێچەوانەی تیمی ڕکابەر کە مێژووییەکی دێرینی هەیە لە گەڕانەوەی متمانە.
Fear of conflict: ترس لە ڕکابەرێتی
دژبەرەکەت و ئەوانەی لە کێبڕکێدان لەگەڵت باشترین سەرچاوەن بۆ بەرەوپێشبردنی خۆت. تیمی بەهێز نابێ لە کێبڕکێ بترسێت، چونکە پاشەکشە کردن لەو کێبڕکێ کردنە دەکرێ بۆماوەیەکی کاتی (ئاسوودەییەکی دەستکرد)ـت پێدەبەخشێت، بەڵام لەسەر حیسابی بەرەوپێشچوونتە وریابە!!، ئەوە بوو وای لە مانچستەر سیتی کرد دوای گۆڵەکە خۆیان لە کێبڕکێ دووربخەنەوە و هەوڵدەن ناوچەیەکەی ئارام بۆ خۆیان درووستبکەن، بێ ئاگا لەوەی کە دەبوو فێربن: دەستکەوتی گەورە لە کێبڕکێی گەورە دا بەدەستدێت.
Lack of commitment: پابەندنەبوون
ئەندامی تیمێك نەتوانێت بەردەوامی بداتە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی، پابەند نەبێت بە بڕیارە قورس و ساتە دژوارەکان -بەهەر هۆکارێک بێت- ئەوا زیان بە ئەندامانی تری تیمەکەش دەگەیەنێت و پرۆژەکەش شکست دێنێت. دەرچوونی کایل وۆکەر بەهۆی پێکان و پابەندنەبوونی یاریزانانی یەدەگی یانەی مانچستەر یونایتد بە پاراستنی ئەنجامەکە و لەلایەکی ترەوە خوێندنەوەی سەرکردەییانەی ڕاهێنەری تیمی ڕکابەر کە زانی چ یاریزانێك گۆڕانکاری پێبکات کە ڕەنگە پرەنسیپی (ئەندرو گۆڤ)ـی لەسەر جێبەجێ بێت کە ناسراوە بە “Disagree and Commit” وایکرد ئەنجامی یاری دژی مانچستەر سیتی تەواو بێت.
Avoidance of Accountability: خۆبەدوور گرتن لە بەرپرسیارێتی
دوو جۆر بەرپرسیارێتی هەیە (هەڵسوکەوت و جێبەجێکاری) هەمیشە هەڵسوکەت بنچینەی بەرپرسیارێتییەکانە، لەبەرئەوەی ئەگەر یاریزانێک یاخود کارمەندێک لە ناخەوە هەست بەو بەرپرسیارێتییە نەکات ئەوا جێبەجێکردنی ئەرکەکانیشی بەرهەمدار نابن. لە تیمی بەرانبەر ئاشکرا دەردەکەوت کە یاریزانانی یەدەگ وەک ڕاهێنەر لەسەر هێڵی یاریگان و تەنانەت ڕێنمایی ئاڵوگۆڕ دەکەن لەگەڵ ڕاهێنەر، بەپێچەوانەی مانچستەر سیتی کە دەروونیان بەتەواوی پەژموردە ببوو.
Inattention to results: بێئاگایی لە ئەنجام
دوا قۆناغی شکستی تیم پەرتەوازەییە کە هەمووان بێ ئاگا دەبن بۆچی و لەپای چی هەوڵ دەدەن! یاریزانانی مانچستەر سیتی پاش یەکسان کردنەوەی ئەنجامەکە لەلایەن تیمی ڕکابەر بەتەواوەتی شڵەژان و ئەصڵەن لە هەندێ بارودۆخدا تەرکیزیان نەمابوو کە ئەمە وایکرد لێدانێکی سزا پێشکەشی ڕیال مەدرید بکەن.
کۆتایی بابەتەکەم بە پەرتووکی دووەمی پاتریک لینچیۆنی دێنم بە ناوونیشانی The Ideal Team Player کە سێ خەسڵەت بە پێویست دەزانێت بۆئەوەی تیمێکی بەرهەمدار بنیات بنێیت و ئەنجامی شایستەت بۆ دەستەبەر بکەن ئەوانیش:
Humble: سادە و بێ فیز، دوور لە ئیگۆ و خودزاڵ کردن
Hungry: برسی بۆ سەرکەوتن، برسی بۆ هەنگاوی داهاتووو
Smart: زیرەکی لە تێگەیشتنی هەست و نەستی دەوروبەرت و کاردانەوەکان
هەموو ئەمانە دەبێت بەیەکەوە بێنەدی ئەگینا لە ئەگەری کەمبوونی هەر خەسڵەتێک قۆناغێکی تر دێتە ئاراوە کە دەبێت کاری لەسەر بکەیت تا تیمەکەت ببێتە نموونەیی!
(خستنەڕووی هەردوو تیۆرەکە بە مەبەستی سوودوەرگرتنی لایەنی کارگێڕی و بونیاد نانی تیمە نەك شیکردنەوەی وەرزشی)