ڕیاڵ مەدرید و مانچستەر ستی لە دوو تیۆریی پێکهێنانی تیمدا

خاوەنکار دەبێت بەهرە و لێهاتوویی کارمەندانی بناسێت

ڕەنجدەر کامەران

شارەزا لە بازاڕسازی و تیم وۆركینگ

سادەترین پێناسەی تیم بریتییە لە کۆکردنەوەی چەند تاکێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێک یاخود تەواوکردنی کارێک.

تیمی ڕیال مەدرید لە ئێستادا زۆرترین قسەوباسی هەڵگرتووە کە چۆن دەرئاسا توانیویانە لە سێ یاری یەک بە دوا یەکدا لاکێشەی سەوز ئاوەژوو بکەنەوە بەسەر دژبەرەکانیان، من کە شارەزای تۆپی پێ نیم بەڵام دوو تیۆریی جیهانی و ئەکادیمیتان پێدەناسێنم کە شیکەرەوەی یارییەکەی دوێنێ شەون بۆ بونیادنانی تیم، هیوادارم لە بزنس مۆدێلەکەی خۆت سوودیان لێ ببینیت:

GRIP model: REAL MADRID شێوازی گریپ بۆ یانەی ڕیال مەدرید

ڕیچارد بیکارد لە ساڵی 1972 دا شێوازی ( GRIPگریپ)ـی گەشەپێدا بۆ تیمە وەرزشییەکان. بەڵام دواتر دەرکەوت بە جێبەجێکردنی ئەم شێوازە، بەرهەمدارێتی تیم بەرزدەبێتەوە بۆ سەروو 90٪. لەبەرئەوەی شێوازی گریپ یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیادکردنی هەماهەنگیی نێوان کارمەندان و ژینگەی دامەزراوەیی لە کۆمپانیاکە جێگیر دەبێت و ڕێژەی وازهێنانی کارمەندان زۆر کەمتر دەبێتەوە و هەر ئەندامێکی تیمەکە هەست بە گیانی بەشداری پێکردن دەکات لە ئەنجام و دەستکەوتەکان.

توخمەکانی ئەم شێوازی پێکهێنانی تیمە دەبێت هەمووی لە تیمێکدا هەبن بەپێچەوانەوە هەر توخمێکی کەمبێت ئەوا کاریگەری نەرێنی لێدەکەوێتەوە، توخمەکانیش بریتین لە:

G: Goal ئامانج
R: Roles ئەرکەکان
I: Interpersonal relationships پەیوەندییە کەسێتییەکان
P: Procedures and processes ڕێکار و جێبەجێکارییەکان

G: Goal ئامانج

(هەموو باراشەکەت لە یەك ئاشی لێ بکە) پەندێکی کوردەوارییە بە واتای هەموو هەوڵەکانت لە یەک ئامانج چڕبکەوە تا ئەنجامەکەت بەرهەمدار بێت. هەر بۆیە گوێبیستی لێدوانی هەر یاریزانێکی ڕیاڵ مەدرید دەبیت هەمووی لە یەک ئامانجدا کۆدەبێتەوە، هەموویان لەسەر ئەوە ڕاهێنراون و گیانی سەرکەوتن کراوە بە ئاوەز و ناخیان کە پاڵەوانن و دەبێت تا کۆتایی بجەنگن و ئامانجەکەیان بپێکن. بیرت نەچێ!! ئامانجی گەورە، مرۆڤی گەورە درووستدەکات. با ئامانجەکەت مەزن بێت!!

R: Roles ئەرکەکان

دەبێت هەر یاریزانێک یان هەموو ئەندامانی تیم بزانن چ ڕۆڵێك دەگێڕن لە یاریگا و ئەرکیان چییە لە دامەزراوەکان دا. بۆ نموونە ڕۆدریگۆی تەمەن 19 ساڵ پێشووتر ئەرك و بەرپرسیارێتییەکانی زانیوە، ڕاهێنانی لەسەر پێکانی ئامانجەکەی کردووە، دەشزانێت هەموو یاریزانەکانی تریش گیانی پێکانی ئەو ئامانجەیان سات دوای سات زیاتر چەکەرە دەکات، لەبەرئەوە بەدەستهێنانی هیچ مەحاڵ نییە! (بۆ نموونە: سەیری کارڤاخاڵ بکە دوای گۆڵەکە ئاشکرا دەتوانیت دەمار و مولولەکانی خوێنی ببینت لە پەرۆشیان)

I: Interpersonal relationships پەیوەندییە کەسێتییەکان

لە توێژینەوەیەکی (European Leaders) دا هاتووە کە پەیوەندی نێوان یاریزان و هەماهەنگی و لەیەکتر تێگەیشتنیان بەڕێژەی 64% کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان هەیە. ڕەنگە کارمەندێک نەزانێت کە هەڵسوکەوتەکەی چەندە کاریگەری بەسەر بەرهەمدارێتی کۆمپانیاکەی هەیە، بەڵام بەڕێوەبەر/ڕاهێنەر دەبێ بزانێت لە چ کات و ساتێکدا چ توانا و بەهرەیەک پێویستە. هاتنە ناوەوەی یاریزانان ئەسێنسۆ و ڕۆدریگۆ و لێهاتوویی مێندی نموونەی بەڵگەنەویستن لەبارەی بایەخی پەیوەندییە کەسێتییەکانی نێوان یاریزانان کە سەلمێنەری ئەوەن ڕیاڵ مەدرید تیمێکی پتەوە لە پەیوەندییەکان و ئاسان ورەی ناڕوخێت.

P: Procedures and processes ڕێکار و جێبەجێکارییەکان

هەموو ئەو بڕیارانە دەگرێتەوە کە بۆ ئاراستەکردنی ئەرێنی و چارەسەرکردنی گرفتەکان دەدرێت تا بەربەستەکان ببڕن و ڕێکارەکان بگرنەوە بەر بۆ گەیشتن بە ئامانجی ڕاستەقینە.

کاتێک ئەنشلۆتی بە دوو گۆڵ لەدواوەیە، بڕیاری درووست دەدات بۆ دووبارەی بنیات نانەوەی تیمەکەی (گۆڕانکاری یاریزانان) و ئاراستەکردنیان بۆ گەیشتن بە قۆناغی کۆتایی. ئەمە ئاسان درووست نەبووە! سەیری دۆخی بنزیما بکەن لەپێشوودا هەمیشە ڕەخنەباران دەکرا کەچی ئێستا پیاوی ڕزگارکەری مەدریدە! ئەنشلۆتی توانی گیانی دڵسۆزی و تەبایی لە دڵ و ناخی یاریزانان بچێنێت چونکە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی پارساڵ دا بنزیما تۆمەتبار کرا بەوەی بە مێندی گوتوە پاس نەداتە ڤینیسیۆس کە ئەمە وای لە ڕۆژنامەی ماڕکا کرد لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوەبکات ڕیال مەدرید ئێستا بێ سەرەڕمە و گۆڵکاری نییە! زۆری نەخایاند و دوای 13 مانگ لە مانشێتێکی گەورە دا (دووانەکەی ڕیال مەدرید، کەریم و ڤینیسیۆس بە 36 گۆڵ، گۆڵەکانیان لە تیمی بەرسێلۆنا زیاترە کە 35 گۆڵە).

ئەوەیە بڕیاری درووستی بەڕێوەبەر و ئاراستەکردنی کارمەندان! خاوەنکار دەبێت بەهرە و لێهاتوویی کارمەندانی بناسێت و لە کات و ساتی گونجاو دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنێت تا بگەن بە ئامانجەکان.

لە پۆستی داهاتوو – خوا یار بێت – شێوازی لینچیۆنی Lencioni Model ڕووندەکەمەوە کە مایەی شکستی گواردیۆلا بوو.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$71.00  $0.27  0.38%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$67.42  $0.21  0.31%  
زێڕ 
$2,785.30  $4.20  0.15%  
یەک ئۆنسە زیو 
$31.39  $0.66  2.15%  
گازی سروشتی  
$2.36  $0.009  0.38%  
گازۆلین 
$1.96  $0.0094  0.48%  
ئەلەمنیۆم 
$2,649.00  $12.25  0.46%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.14  $0.0098  0.46%