لە ئەمساڵدا زیاتر لە 700 هەزار گەشتیار سەردانى هەولێریان کردووە
"ئۆتێلەکانى هەولێر پڕ بوون لە گەشتیار"
لە پشووەکانى جەژنى ڕەمەزاندا، 100 هەزار گەشتیار ڕوویان لە شارى هەولێر، پایتەختى هەرێمى کوردستانیان کردووە، پارێزگارى هەولێریش، ئامارى سەردانى گەشتیارانى لە ئەمساڵدا ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ى ئایارى 2022، کە هاوکاتى دووەم ڕۆژى جەژنى ڕەمەزانە، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لەماوەى چوار مانگى سەرەتاى ئەمساڵ لە 1ى کانونى دووەمى 2022ەوەوە تاوەکو 30ى نیسانى 2022، نزیکەى 700 هەزار گەشتیار سەردانى شاری هەولێریان کردووە”.
سەبارەت بە هاتنى گەشتیار لە پشووەکانى جەژنى ڕەمەزاندا، پارێزگارى هەولێر وتى، “بۆ پشووەکانى جەژنى ڕەمەزان، نزیکەى 100 هەزار گەشتیار سەردانى هەولێریان کردووە، هەروەها 95%ى ئۆتێلەکانى هەولێر پڕ بوون لە گەشتیار و شوێنیان نەماوە”.
“ئەو گەشتیارانە لە دەروازە و بازگەکان و فڕۆکەخانەکانەوە هاتوونەتە نێو شارى هەولێر”، وەک پارێزگارى هەولێر ئاشکرای کردووە.
ئاماژەى بەوەش کرد، “لەکۆى ئەو ژمارە گەشتیارە، نزیکەى 100 هەزاریان گەشتیارى بیانی بوون، ئەوانى دیکە لە شارەکانى عیراقەوە هاتوون”.
ئومێد خۆشناو باسی لەوە کرد، “بۆ هاتنى گەشتیار، ئەو چوار مانگە پێوەرێکى دروست نییە، بەڵکو لە دواى مانگى پێنجەوە زیاتر گەشتیاران ڕوو لە هەرێمى کوردستان دەکەن”.