بۆچی هەردوولا ڕازی نین؟

10 ھۆکار بۆ بۆڵەی بەردەوامی کارمەند و خاوەنکار

ئاراس عومەر

ڕاوێژکاری کار و ڕاهێنەر

بە حوکمی کارەکەم لە راوێژکاری و راھێناندا بەردەوام بەر ژمارەیەکی ئێجگار زۆر خاوەنکار و کارمەندیش ئەکەوم.. گوێ لە ھەردوولا ئەگرم و ھەردووکیشیان قسەی خۆیان ھەیە، موعانات و گلەیی خۆیان ھەیە.. بەشێکی زۆریشیان تا ڕادەیەک نارازین ئیتر چ خاوەنکارەکە بێت لە کارمەندەکەی، یان کارمەند لە خاوەنکارەکەی.

جا ئەگەر ئەمە یەکلایەنە بوایە ئەکرا بڵێین خەتایەک یاخود ھەڵەیەک لە لایەنێکیانەوە ھەیە، بەڵام کە شتەکە دەبێتە دوولایەنە ئیتر پێویستە تێبگەین ھەڵەکە لە شوێنێکی تردایە کە رەنگە پەیوەندی بە کەسیانەوە نەبێت، بەڵکو پەیوەندی ھەم بە بەڕێوەبردن و ھەم بە تەسەوری کارمەندەوە ھەیە بۆ کارەکەی.. گەر بە خێرایی بچینە ناو باسەکەوە؛ بەڕای من ئەو ھۆکارە سەرەکییانەی ئەم کێشەیە دروست دەکات بریتین لە؛

1- پرۆسەی دامەزراندنی کارمەند پرۆسەیەکی سیستماتیک نییە.. ئەو قۆناغانەی دامەزراندنی کارمەند کە پێویستە ھەنگاو بە ھەنگاو جێبەجێ بکرێن وەک خۆی ناڕوات، قودرەتی ھەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەر یان بەرێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان (ئەگەر ھەر ھەبێت) لاوازە لە دۆزینەوەی کارمەندی راست و دانانی لە شوێنی راست و ھەڵسەنگاندنێکی دروست بۆ کاندیدەکان. ئێ کە کارمەندی راستت نەدۆزییەوە ھەم کارمەند گلەیی لە کارەکەی ھەیە و ھەم خاوەنکاریش لە کارمەند.

2- ناڕوونی لە وردەکاریی ئەرک و لێھاتوییەکان، بەشێکی ھەرە زۆری دەزگای ئێرە جۆب دیسکریپشن واتە وردەکاریی کار-یان وەک بابەتێکی رێکخراو و سیستماتیک نییە، ئەو پێوەرانەیان نییە کە کارمەندی لەسەر وەرئەگرن، واتە شتێکی نوسراویان لەبەردەست نییە و ھەمووی 3-4 شتە لە خەیاڵی خۆیاندا کە چاوپێکەوتنێکی کاڵوکرچی پێ ئەنجام دەدەن بێ ئەوەی لە لایەنە جیاوازەکانی ئەو کەسە تێبگەن کە پێشکەشی کاری کردووە… پاشان گەر کارمەندەکەش وەرگیرا نادڵنیایە سەبارەت بەوەی ئەرکەکانی چین و کاتێک مقابلە دەکرێت شتێکی پێ ئەڵێن، کە بەر واقع ئەکەوێت شتێکی ترە. بەمەش ھەردوولا ئەکەونە بۆڵەکردن لە یەکتر.

4- تەئسیراتی کلتور و خزمایەتی؛ خۆی خاوەنکار مافی خۆیەتی چاوی لە کەسە نزیک و ھاوڕێکانی بێت و دەرفەتی کاریان بداتێ، بەڵام لە ھەمووی گرنگتر مەسەلەی لێھاتویی و شایستە بوونە، یەعنی تۆ ناکرێت لەبەر ئەوەی فڵان خزمتە یان فەقیرە ئیشێکی بدەیتێ کە بەتەواوی فیت نییە بۆ تواناکانی و دواتریش گلەیی لێبکەیت. ئەمە لە جگە لەوەی ئەوەندەی من بینیومە دامەزراندنی خزم و ناسراو رێگایەکی سەرکەوتوو نییە لە بەڕێوەبردنی شوێنی کاردا و زۆرجار ئیحراجی بۆ ھەردوولا دروست ئەکات.

4- مووچەی کەم؛ بەشی ھەرەزۆری خاوەنکارەکان ئەیانەوێت مووچەی کەم بدەن، ئێ ناکرێت چاوەڕێی ئەوە بکەیت بە مووچەی کەم کارمەندی توانابەرزت دەست بکەوێت.. زۆر بە کورتی ئەگەر ئەتەوێت کارەکەت پێش بکەوێت ئەبێت ستافەکەت باش و بەتوانا بێت، ئەگەر ئەتەوێت ستافێکی بەتواناشت ھەبێت ئەبێت موچوەکەت باش بێت. رەنگە بڵێی ئاخر ناتوانم لە ئێستایا ئەم مووچەیە بدەم و ھەرکات بەرەوپێش چووین مووچە زیاد ئەکەم، ئێ دڵنیابە ئەوە لە خۆیەوە ڕوونادات، بەڵکو ئەبێت سەرەتا خەرج بکەیت و وەبەرھێنان لە تواناکاندا بکەیت ئنجا قۆناغی پێشکەوتن ڕوو ئەیات.

5- نەبوونی تایبەتمەندی؛ بۆ بەشێکی زۆری ئیشەکان پشت بە اختصاص نابەستین، بەڵکو پشت بە خزمایەتی و برادەرایەتی و ناسراوی ئەبەستین، کوڕەکەی پورت ئینگلیزی تەواو کردووە دەی قەیناکا بیھێنە بیکە بە محاسب. (خاوەنکاری بەڕێز؛ ئەگەر ھاوسۆزی لەگەڵ خزم و ھاوڕێكەت کاری ھەڵەی مەدەرێ لە دەزگاکەتدا بەناوی چاکە و باشییەوە و بە حساب چاکەی لەگەڵ ئەکەیت، دڵنیابە لە ماڵەوە داینێ و وەک یارمەتی پارەی بدەیتێ باشترە لەوەی کاری ھەڵەی بەیتێ، چونکە ئەوە نەک ھەر بۆ کارەکەت، بەڵکو تەئسیر ئەکاتە سەر کارمەندەکانی تریش لە زۆر رووەوە)

6- نەبوونی ئەیچ ئاڕ؛ زۆربەی جێگاکان ھەر گاڵتەیان بە ئەیچ ئاڕ واتە سەرچاوە مرۆییەکان دێت. راستە ئەیچ ئاڕێک کە توانای خراپ بێت کێشەی زیاترە لە سوودەکانی، بەڵام ناکرێت ژمارەیەکی زۆر کارمەندت ھەبێت بەبێ ئەیچ ئاڕ.. یان بڵێی باوەڕم پێی نییە، یان دایبنێیت و بە ئارەزووی خۆت دەست بخەیتە کارەکانییەوە لەژێر ناوی خزمایەتی و واستە و ھاوڕێیەتی.

7- بڕوا نەبوون بە ڕاھێنان، زۆر کەم خاوەنکارەکان باوەڕیان بە راھێنان ھەیە بۆ کارمەندەکانیان، ئەگەر باوەڕیشیان پێی ھەبێت ناتوانن راھێنانی راست بدۆزنەوە، بەڵکو دەچن شتێکی ھەرزان و بێسوود و بێناوەرۆک دەکەن ھەر بۆ دەفعی گلەیی کە ھیچ دەرئەنجامێکی نییە، مەسەلەی راھێنان نەک ھەر قورسە لە دۆزینەوەی راھێنانی راستدا، بەڵکو ئەسڵەن دەبێت بشزانیت کە کێن ئەوانەی بەشداری لە راھێنانەکە دەکەن و بۆ چ مەبەستێکە… کەواتە چ راھێنانێک و کێ بەشداری دەکات و ئامانج چییە لە راھێنان کۆڵەکە سەرەکیەکەن.

8- مەسەلەی دابڕانی خاوەنکار یان بەڕێوەبەر لەگەڵ کارمەندەکان و تێکەڵ نەبوونیان یەکێکی تری لەو ھۆکارانەی کەلێن دروست ئەکات و وا ئەکات بە ئاسانی دەنگیان نەگات بەیەک و بەردەوام ئاگایان لەیەک نەبێت.

9- نەبوونی سیاسەتێکی نوسراوەی شوێنی ئیش کە کارمەند لەکاتی دامەزراندن وەریبگرێت و بیخوێنێتەوە تا لە دیدگا و خەونەکانی خاوەن کار تێبگات و بزانێت ئایا ئەتوانێت بەو کواڵتی و بڕوایانەوە کار بکات یان نا یەکێکی ترە لە بابەتە سەرەکییەکان. زۆر گرنگە خاوەنکار و کارمەند لە روئیا و شێوازی کاری یەکتر تێبگەن. بەڵام چۆن ئەمە ئەنجام دەدەیت؟ رێوشوێنی خۆی ھەیە.

10- نەبوونی ڕێڕەوێکی ڕوونی کار و ئەوەی ناسراوە بە (وۆرک فلۆو چارت)، ئەم حاڵەتە وادەکات کە ھەرکەس بەخواست و بیرکردنەوەی خۆی کاربکات، ئەمەش جیاوازی دروست دەکات و وادەکات کە ھەندێک جار ھەردوولایەن رازی نەبن لەو شێوازانەی یەکتر کە کاری پێ ئەنجام دەدەن.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$71.05  $0.32  0.45%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$67.57  $0.36  0.54%  
زێڕ 
$2,793.40  $12.30  0.44%  
یەک ئۆنسە زیو 
$31.39  $0.66  2.15%  
گازی سروشتی  
$2.36  $0.009  0.38%  
گازۆلین 
$1.96  $0.0098  0.50%  
ئەلەمنیۆم 
$2,644.50  $3.00  0.11%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.14  $0.0092  0.43%