کوردستان و مافی خاوەنداریەتی و بەڕێوەبردنی نەوت و گاز
وەڵامێک بۆ دادگای فیداراڵی عێراق
مافناس و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە گرێبەستی نەوت و گاز
دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتی 15/2/2022، بڕیاری نادەستوریبوونی یاسای نەوت وگازی هەرێم ژمارە 22ی ساڵی 2007 دەرکرد.
لە پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراقەوە لە ساڵی 2005، هەرێمی کوردستان لە ململانێیەکى تووندایە لەگەڵ بەغداد لەسەر مافی خاوەنداریەتیی نەوت و گاز، لەلایەک بەغداد دەیەوێت هەرێم دۆسییەى نەوت ڕادەست بکاتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە هەرێم دەیەوێت دەست بەو مافەوە بگرێت و تەنها داهات ڕادەست بەغداد بکات.
بەڵام دواجار دادگای فیدراڵیی عێراق، بڕیارێکی لایەندارانەی دژی مافی خەڵکی کوردستان بە قازانجی عەقڵیەتیی شۆڤێنستی عەرەب دەرکرد، زۆر بەداخەوە شۆڤێنیستەکان هەمیشە لە کەمیندان بۆ مافەکانی نەتەوەکەمان و ئێمەش وا کار بۆ شکاندنی ئێسکی یەکتر دەکەین.
لە خوارە شیکارییەکی ورد دەکەم بۆ مافی هەرێمی کوردستان لە مافی خاوەنداریەتیی نەوت و گاز لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق، بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەو دەوڵەتە فیدراڵییانەی کە چۆن مافی خاوەنداریەتییان داوە بە هەرێمەکانیان؛
یەکەم؛ مافی هەرێم لە خاوەنداریەتیی نەوت و گاز بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق ساڵی 2005؛
– مادەی 111ی دەستووری عێراق دەڵێت، گەلانی عێراق لە هەموو هەرێمەکان و پارێزگاکان خاوەنداریەتیی نەوت و گاز دەکەن بەبێ جیاوازی.
دەستوور ئەم مافەی لە حکومەتی بەغداد سەندووەتەوە داویەتی بە هەرێمەکان و پارێزگاکان.
ـ مادەی 112ی دەستوور بڕگەی یەکەم، بەهەمان شێوە بەڕێوەبردنی ئەو کێڵگانە کە هەبوون، دەبێت ناوەند لەگەڵ هەرێم و پارێزگاکان بەڕێوەی ببات و لەڕێگەی پەرلەمانی عێراقەوە، یاسای بۆ دەربکرێت، لەهەمانکاتدا دەبێت بڕێک لە داهاتی نەوت بۆ ماوەیەک بدرێت بەو هەرێمانەی کە بەعس زیانی پێ گەیاندوون.
لەم بڕگیەدا بەهەمان شێوە ناوەند دەبێت لەگەڵ هەرێمەکان نەوت بەڕێوە ببات یاسای بۆ دەربکات، بەڵام بەغداد بۆ ئەوەی مافی هەرێم نەدات ئامادە نییە یاسا دەربکات و کار بە یاسای سەردەمی بەعس ژمارە 84ی ساڵی 1985، دەکات کە ناوی یاسای پارێزگارییە لە هایدرۆکاربۆنات.
بڕگەی دووەمى هەمان مادە، لەبارەى ئەو کێڵگە نەوتییانەی کە لە دوای ڕێککەوتنی جێبەجێکردنی دەستوور دەدۆزرێنەوە، لەلایەن هەرێمەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.
– دەستووری هەمیشەیی عێراق، لە مادەی 115دا دەڵێت، لەکاتی دروستبوونی کێشە لەنێوان هەرێم و ناوەند ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمەکانە بە مەرجێک ئەو کێشەیە لە چوارچێوەی مادەی 110ی دەستوور نەبێت نەوت وگازیش لە چوارچێوەی مادەی 110 نییە و دەسەڵاتی ڕەهای ناوەند نییە و بەشێوازێکی تایبەت دەسەڵاتەکانی دیاری کردووە.
– هەروەها مادەی 121ی دەستوور، مافی بە هەرێم داوە دەستوور و یاسا بۆ خۆی دەربکات بە مەرجێک پێچەوانەی مادەکانی دەستوورى عێراق نەبێت.
کەواتە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری ساڵی 2005، مافی خاوەنداریەتی و بەکارهێنانی نەوت وگازی هەرێمی کوردستانی هەیە.
دووەم؛ مافی هەرێم بەپێی بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان؛
بڕیاری ژمارە (1803) کە لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، لە ڕێکەوتی 14ى کانونی یەکەمی ساڵی 1962 دەرچووە، دەڵێت “سەروەریی هەمیشەیی گەلانی بەسەر سامانە سروشتییەکەیدا پەسەندکردووە”، ئێمەش وەک گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا دەتوانین خاوەنداریەتیی نەوت و گاز بکەین.
هەروەها کۆمەڵێک بڕیاری دیکەى نەتەوەیەکگرتووەکان هەمان مافیان بۆ گەلان سەلماندووە لەوانە بڕیارەکانی (2158ی ساڵی 1966، 2692ى ساڵی 1970، 3116ى ساڵی 1972، 3171ی ساڵی 1973 و 32-1ى ساڵى 1974).
هەروەها لە بڕگەی دووەم مادەی یەکەم، لە بەشى یەکەم لە پەیماننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافی ئابوری، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری لە ڕێکەوتی 16ی کانونی یەکەمی ساڵی 1966دا دەڵێت، “هەموو گەلان هەوڵدەدەن بۆ ئامانجێک کە سەربەستانە دەتوانن خاوەنداریەتی بکەن بە داهات و سامانی سروشتییانەوە”.
سێیەم؛ ڕێکخستنی خاوەنداریەتیی سامانی نەوتی لە دەوڵەتە فیدراڵییەکان؛
بەمەبەستی زیاتر ئاشنابوون بە مافی هەرێمەکان لە دەوڵەتە فیدراڵییەکانی بەرهەمهێنی نەوت، دەوڵەتانی ئەمریکا و کەنەدا و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، وەک نمونە دەهێنینەوە و بەراوردکاریی دەکەین بەم شێوەیە؛
1- ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا
لە ئەمریکا دۆخێکی تایبەت بە نەوت هەیە، چونکە دەستووری ئەمریکا لە ساڵی 1787 نوسراوە، لەوکاتەدا نەوت نەدۆزراوەتەوە و پاش 72 ساڵ لەساڵی 1859 نەوت دۆزراوەتەوە، هەربۆیە سامانی سروشتیی نەوت و گاز لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیی نییە و دەسەڵاتی هەرێمەکانە.
خاوەنداریەتیی نەوت و گاز، دەگەڕێتەوە بۆ تاکەکان و کۆمپانیا تایبەتەکان و هۆزە هندییەکان کە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکان، هەرکەسێک خاوەنی هەر زەوییەک بێت بەشێوەی ستوونی چی لەژێر زەویدا بێت هی خاوەن زەوییەکەیە، خاوەن زەوییەکە وەک هەر ماڵێکی دیکەى خۆی کە خاوەنداریەتییەکى پوختە، دەتوانێت بیفرۆشێت واتە دەتوانێت نەوتەکەش وەک زەوییەکە بفرۆشێت.
ئەونەوتەی دەکەوێتە سنوری ئاویی هەر ویلایەتێکەوە، حکومەتی هەرێمەکە خاوەنداریەتی دەکات، وەک ویلایەتەکانی ئالاباما، نیویۆرک، کالیفۆرنیا، لەهەندێ ویلایەتی دیکە، خاوەنداریەتی دەگەڕێتەوە بۆهەمووو دانیشتوانی هەرێمەکە وەک کانساس، کۆلۆرادۆر، میرلاند، مسیسبی، واشنتۆن و ژمارەیەکی تر لە ویلایەتەکان.
2- خاوەنداریەتیی سامانی نەوتی لە کەنەدا؛
کەنەدا دەوڵەتێکی فیدراڵی خاوەنداریەتیی دەستورییە، پێکهاتووە لە 10 مقاتەعە و سێ هەرێم، دەوڵەتێکی بەرهەمهێنی نەوت، لە کەنەدا مافی خاوەنداریەتی و بەڕێوەبردنی نەوت و گاز دراوە بە هەرێمەکان.
بەپێی مادەی (109)ی دەستووری کەندی هەموارکراوی ساڵی 1867، کە دەڵێت هەموو زەوی و سامانی کانزایی و سروشتی، خاوەنداریەتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمەکانی وڵاتی کەندا.
3- خاوەنداریەتیی سامانی نەوتی لە ئیماراتی عەرەبی متەحدە؛
دەستووری ئیماراتی ساڵی 1971 مافی خاوەنداریەتیی نەوت وگازی داوە بە میرنشینەکان واتە هەرێمەکان، لە مادەی (23) دەڵێت، “خاوەنداریەتیی سامان و مواردی سروشتی لە هەموو میرنشینەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو میرنشینە بە تایبەتی و گەلەکە، بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانی بەکاری دەهێنن، بەپێی ئەم مادە حکومەتی ناوەندیی ئیمارات، ناتوانێت خاوەنداریەتی بکات بەڵکو بۆ میرنشینەکانە.
ئەنجام
دەستووری هەمیشەیی عێراق، ئەمریکا، کەندا، ئیمارات، هەروەها بڕیارەکانی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، مافی خاوەنداریەتی و بەڕێوەبردنی سامانی نەوت وگازیان بۆ هەرێمەکان سەلماندووە و هەر هەرێمێک مافی خۆیەتی خاوەنداریەتیی نەوت و گازەکەی بکات.
هەرێمی کوردستانیش وەک یەکێک لە هەرێمە فیدراڵییەکانی ئەو وڵاتانەی کە نەوت بەرهەمدەهێنن، مافی خاوەنداریەتی و بەڕێوەبردنی نەوت وگازەکەی خۆی هەیە، هەموو گرێبەستە نەوتییەکانی دەستووریی و یاسایین و مافی خۆیەتی کە دۆسییەی نەوت لە دەستی خۆی بێت و ڕادەستی بەغدادی نەکاتەوە.