ئابوریی تورکیا داڕمان یان بوژانەوە؟
سەرۆککۆمارى تورکیا ڕقى لە سووى بانکییە
ڕاپۆرتى شیکاری- جەگەر محەمەد؛ پسپۆڕ لە سیاسەتی نەختینە
لە دوای لابردنی شەش سفڕ لە ساڵی 2005 لەلایەن ئەردۆگانەوە، بو یەکەمجار لە ساڵی 2018 لیرەی تورکی دەستى بە دابەزینی بەرچاو کرد، دواتر لە ساڵی 2021 دابەزینى ئەو دراوە ئاستی پێوانەیی لە نزمبونی نرخەکەی بەرامبەر بە دۆلار تۆمار کرد، بەجۆرێک کە لە ئێستادا نرخی یەک دولار یەکسانە بە زیاتر لە 15 لیرە.
تەنها لە ساڵی 2021دا لیرەی تورکی زیاتر لە 50% بەهاکەی لەدەستداوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پەیرەوکردنی سیاسەتی فراوانبونی ئابوری، کە لەلایەن حکومەتی ئەردۆگانەوە، لە دوای لابردنى سێ بەرپرسی بانکی ناوەندی و چەندین بەرپرسی دارایی و ئابوری، دواجار بانکی ناوەندیی تورکیا بڕیاری دا ڕێژەی قازانجی بانکی بۆ 14% دابەزێنێت، بەمەش لیرەى ئەو وڵاتە ئاستێکی ترى لە دابەزین تومارکرد.
https://www.facebook.com/BusinessNews20/posts/453943799656070
قازانجی بانک و بەهای دراو؛
قازانجی بانکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆى پێچەوانەى لەگەڵ بەهای دراو هەیە، یەکێکە لە میکانیزمە چالاکەکانی سیاسەتی نەختینەیی هەر وڵاتێک، کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى قەبارەی دراو لە بازاڕ پەنای بۆ ئەبات.
قازانجی بانکی چییە؛
بریتییە لەو ڕێژەی قازانجە کە بانکی ناوەندی ئەیبەخشێتە بانکە بازرگانییەکان بەرامبەر پارە پاشکەوتکراوەکانیان لە بانکی ناوەندی، زیادکردنی ڕێژەی قازانجی بانکی، واتە هەڵمژینی دراو لە بازاڕەکاندا (کەمبونەوەی قەبارەی خستنەڕووی دراو)، دواجار دەبێتە هۆی بەرزبوونی نرخی دراوی نشتیمانی بەرامبەر دراوە قورسەکان (دۆلار، یۆرۆ) لەلایەک، هەروەها لەلایەکی تریش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وەبەرهێنان و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری، بۆ هەندێک لە ئابورییەکان وەک ئابوریی تورکیا.
لیرەی تورکی لە ساڵی 2018؛
ساڵی 2018 بە ساڵی کەمبوونەوەی بەهای لیرەی تورکی ناودەبرێت، کە لەو ساڵەدا بەهاى لیرەی تورکی دەستی کرد بە دابەزین، بۆ ئەمەش چەندین بۆچونی جیاواز هەن، حکومەتی تورکیا ئەم دابەزینە بە پلان لە دژی ئابوریی خۆی ناودەبات، بە دەستی نەیارەکانی و یارمەتیی ناوخۆیی.
گرنگترین ئەو خاڵانەی کە بوونە هۆی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی؛
– زیادکردنی رێژەی قازانجی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، بەمەش خواست لەسەر کڕینی دۆلار لە هەموو جیهان زیادبوو.
– سیاسەتی نەختینەیی تورکیا.
– تورکیا چاوی لە سیاسەتی فراوانبوونی ئابورییە، واتا زیادکردنی وەبەرهێنان و زیادکردنی دەرفەتەکانی کار.
– ئەردۆگان رقی لە قازانجی بانکییە، بە سو ناوی دەبات (حەرام)، دەڵێت هەژارەکان هەژارتر دەبن و دەوڵەمەندەکانیش دەوڵەمەنتر دەبن.
– پەتای کۆرۆنا، ئابوریی جیهان لە سەروبەندی ئەم پەتایەدا، توشی زیانێکی گەورە بوو، ئەمەش بۆ خەڵکی تورکیا توندتر و قورستر بوو، کەمی ژمارەی گەشتیاران، بێکاری لەو وەڵاتە زیادی کرد لەلایەک، لەلایەکی تریش بووەتە هۆی کەمیی هاتنەناوەوەی دراوە قورسەکان بۆ ناوخۆی تورکیا، ئەمەش زیانى بۆ بەهای لیرەی تورکیا هەبوو.
– میدیاى ناوخۆ و جیهانی، میدیای حکومەتی تورکیا بەرگەی هێرشە زۆرەکانى ناوخو و دەرەوەی تورکیاى نەگرت، کە بە مانشێتی زەق وتیان (ئابوریی تورکیا داڕوخا!)، بە مەش زیاتر متمانەی خەڵکی تورکیا بە لیرەی وەڵاتەکەیان نەما، وەبەرهێنەرەکانیش دڵنیاییان لە سەرمایەکانیان لە وڵاتی تورکیا وەکو جاران نەما، ئەمەش ڕاستەوخو کاریگەریی نێگەتیڤى لەسەر بەهای لیرەی تورکی هەبوو.
– سەپاندنی پێناسی گومرگی لەلایەن ئەمریکاوە لەسەر مادە قورسەکان و ئەلەمنیۆم لەلایەک، لەلایەکی تریش لێدوانە توندەکانی ترەمپ بەرامبەر تورکیا، بووە هۆی کەمبوونەوەی وەبەرهێنانی بیانی.
ڕۆڵى بانکی ناوەندیی تورکیا لەم هاوکێشەیەدا؛
لە دوای گۆڕینی سێ بەرپرسی بانکی ناوەندیی تورکیا لەلایەن ئەردۆگانەوە، کە ئەم کارە سەربەخۆیی بانکەکەى خستە ژێر گومانەوە، دواجار بانکی ناوەندی کەوتە ژێر دیدی حکومەتى تورکیا بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی فراوانبوونی ئابوری، بەمەش رێژەی قازانجی بانکی کەمکرد بۆ 14%، پێچەوانەی رێکارەکانى چارەسەری سیاسەتی نەختێنەیی، واتا بانکی ناوەندی دەستی هەڵگرت لە بەهای لیرەی جاران و بەهیچ شێوەیەک بەهاکەی بۆ پێشتر ناگەڕێتەوە.
حکومەتی تورکیا بەنیازی چییە؟
لەدوای چەندین هەوڵی حکومەتی تورکیا لە دوای ساڵی 2018ەوە، بۆ ئارامبونی نرخی دراوی نشتیمانى (لیرە) بەرامبەر بە دۆلار، دواجار گەیشتە ئەو بریارە کە دەستبەرداری بەهای لیرەی خویان بن، بۆ ئەمەش چەندین ئامانج و بەهانەیان هەیە؛
ئابوریی تورکیا توانای دابینکردنی 65%ى پێویستییەکانی هەیە، بەمەش نرخی کاڵاکانی ئەوەندە بەرز نابێت
بەهای نزمی لیرە، وادەکات نرخی کاڵاکانی تورکیا کێبڕکێی نرخى کاڵاکانى جیهان بکات، بەمەش قەبارەی هەناردە زیاد دەبێت لە ئاستی پێشتر.
زیادبونی ژمارەی گەشتیاران.
ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانی و پاراستنی وەبەرهێنەرى ئێستا.
ئەم خاڵانە دەبنە هۆی یەکلابوونەوەی تەرازوى بازرگانی لە بەرژەوەندیی تورکیا، واتە زیادبوونی قەبارەی دراوە قورسەکان، بەمەش وەبەرهێنان زیاد دەبێت، دەرفەتەکانی کار زیادەبن، کرێی کارکردن زیاد دەبێت، واتە ئابوری دەبوژێتەوە، هەر لەم ڕوانگەیەوە حکومەتی تورکیا بریاریدا سەرەتای ساڵی داهاتوو، بە ڕێژەی 50% کەمترین موچەی فەرمانبەرەکان زیادبکات، بەمەش هەڵئاوسانی 20%ى تورکیا لەسەر خەڵکەکەی سوکتر دەبێت.
پێچەوانەی ئابوڕیی تاکلایەنی (پەتڕۆل) عێراق، ئابوریی تورکیا هەمەجۆرە، هەر گۆڕانکارییەک لە جیهان ڕوبدات، کاردەکاتە سەر ئابوریی تورکیا، جا بە قازانج بێت یان بە زیان.