یونسێف لەهەرێم پرۆژە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی وشکەساڵی جێبەجێ دەکات
لەگەڵ شارەوانیی هەرێم کۆبووەوە
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، لەگەڵ شاندێكی یونیسێف پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە و وشكەساڵی تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لەگەڵ عەلی خەتیب، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە ئۆفیسی یونیسێف لە عێراق و شاندێكی یاوەری کۆبووەوە، كە پێكهاتبوون لە بەڕێوەبەرانی ئاو و ئاوەڕۆ لە ئۆفیسەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆكی یونیسێف.
لەو کۆبوونەوەیە، کە ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەی بوو، “چەند تەوەرێكی گرنگ و ستراتیژیی تایبەت بە وشكەساڵی و كاریگەرییەكانی لەسەر كەمئاوی و پەرەپێدانی سێكتەری ئاو بە گشتی و جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران”، وەک وەزارەتەکە ئاشکرای کردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئۆفیسی یونیسێف لە عێراق دەیەوێت لە بابەتی وشكەساڵیدا هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات، بۆ ئەو مەبەستەش چەند پرۆژەیەك لە بواری ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر و سلێمانی و دوبز جێبەجێ دەكەن.