عێراق.. کێڵگەى نوێی نەوت دۆزراوەتەوە
حپێشبینى دەکرێت بڕێکى زۆر یەدەگى نەوتى تێدا بێت
لە بیابانەکانى ڕۆژئاواى عێراق، ژمارەیەک کێڵگەى نەوت دۆزراونەتەوە، پێشبینى دەکرێت، بڕێکى زۆر یەدەگى نەوتیان تێدا بن.
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى نەوتى عێراق ڕایگەیاندووە، “چوار ناوچەى نوێ لە بیایانەکانى ڕۆژئاواى عێراق، کارى گەڕانى نەوتیان تێدا دەکرێت”.
وەزیرە عێراقییەکە ئەوەى خستوەتەڕوو، کۆمپانیایەکى سەربە وەزارەتەکەیان سەرقاڵى کارى گەڕانەکەیە، هەماهەنگیش لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەیە بۆ گەڕان بەدواى نەوتدا لە پارێزگاى ناسڕیە.
لەبارەى بڕى نەوتى پێشبینیکراو، ئیحسان عەبدولجەبار ئاشکرایکردووە، “پێشبینى ئەوە دەکەین، بڕێکى زۆرى یەدەگى نەوت لەو شوێنە جوگرافییە نوێیانە بدۆزرێتەوە”.
لەلایەکى دیکەوە، ئاژانسى هەواڵى عێراقى کە سەربە حکومەتە، بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیاى نەوتى نیشتمانیی عێراق، لە گفتوگۆدایە لەگەڵ کۆمپانیاى شیڤرۆنى ئەمریکى، بە مەبەستى گەشەپێدانى کێڵگەکانى نەوت لە ناسڕیە و زیقار، لە باشوورى وڵاتەکە.
پێشتر لە زارى وەزیرى نەوتەوە، ئەوە بڵاوکرایەوە، عێراق پلانى هەیە بۆ زیادکردنى هەناردەکردنى نەوتى خاو بۆ 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلى ڕۆژانە، لە چارەکى یەکەمى ساڵى 2022دا.