عێراق وڵاتێکی برسییە؟

نەتەوەیەکگرتووەکان و عێراق ناکۆکن لەوبارەیەوە

هەرچەندە عێراق ڕەتى دەکاتەوە لە ڕێزبەندیی ئەو وڵاتانە بێت کە برسێتیی سەختیان تێدایە، بەڵام بەگوێرەى ڕیزبەندیی نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراق یەکێکە لەو حەوت وڵاتەى کە برسێتیی سەختیان تێدایە.

لە عێراق ڕێژەى هەژارى بەرزبووەتەوە بۆ 30%، وەزارەتى پلاندانانى وڵاتەکە دەڵێت، “قەیرانى خۆراک لە عێراق بوونى نییە”.

لە ڕاپۆرتێکدا، بەرنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ خۆراک و کشتوکاڵ ئاشکرایکردووە، “عێراق لە ڕیزبەندیی ئەو حەوت وڵاتەیە کە بە سەختى بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن”.

لەو ڕاپۆرتەى نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە، 35%ى دانیشتووانى ئەو حەوت وڵاتە کە هەریەک لە سۆماڵ، کۆنگۆ، کۆریاى باکووریشیان تێدان، بەدەست برسێتیی سەختەوە دەناڵێنن.

لە وەڵامى ڕاپۆرتەکەدا، وەزارەتەکەى عێراق باسی لەوەکردووە، حکومەتى وڵاتەکەى هەموو مانگێک بەشە خۆراکى بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشکردووە.

دابەشکردنى بەشەخۆراک لە عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکانى سەدەى ڕابردوو، کە مانگانە خۆراکە سەرەکییەکان بەسەر عێراقییەکاندا دابەش دەکرێت، وەک “ئارد، شەکر، زەیتى خۆراک”، بەگوێرە وەزارەتى پلاندانان، 95% هاوڵاتییانى عێراقیی، هەموو مانگێک بەشە خۆراکەکەیان وەردەگرن.

ئەوە لەکاتێکدایە، عێراق دووەم گەورە هەناردەکارى نەوتى ڕێکخراوى ئۆپێکە، داهاتى نەوتى وڵاتەکە لە مانگى ڕابردوودا 6 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بووە.

هەژارى چییە؟

نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەى هەژارییەوە دەڵێت، “هەژاری تەنها نەبوونى و کەمى داهات و پێداویستى نییە، بەڵکو هەژارى برسێتى و خراپى خۆراک و دەستنەگەیشتن بە خوێندن و فێرکردن و نەبوونى خزمەتگوزارە سەرەکییەکانە”.

لە ساڵى 2015، زیاتر لە 736 ملیۆن کەس لە جیهاندا لەژێر هێڵى هەژارییەوە بوون، کە یەکسان بوو بە 10%ى دانیشتوانى گۆى زەوى، بەگوێرەى ڕاپۆرتى نەتەوەیەکگرتووەکان.

هەرچەندە پێش کۆرۆنا لە ساڵى 2019 ڕێژەى هەژاری لە جیهاندا کەمبووەوە بۆ 7.1%ى ژمارەى دانیشتوان، بەڵام بەهۆى کۆرۆناوە لە ساڵى 2020 جارێکى دیکە ڕێژەکە بەرزبووەوە بۆ 8%.

پێوەرى هەژاریی چییە؟

بە گوێرەى توێژینەوەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان، هەژاریی ڕەها بەو کەسانە دەوترێت، کە داهاتى ڕۆژانەیان کەمترە لە یەک دۆلار و 90 سەنت.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$74.16  $1.35  1.85%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$70.13  $1.38  2.01%  
زێڕ 
$2,664.60  $12.90  0.49%  
یەک ئۆنسە زیو 
$28.10  $0.4  1.40%  
گازی سروشتی  
$3.37  $0.18  5.64%  
گازۆلین 
$2.09  $0.041  2.00%  
ئەلەمنیۆم 
$2,621.00  $12.00  0.46%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.27  $0.0422  1.90%