وەزیری دارایی هەرێم: بۆ چاکسازی لێرەین
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان
وەزیری دارایی هەرێم لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم ڕایگەیاند، “دەمانەوێت نمونەیەکی جوانی چاکسازی پیشان بدەین”.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئۆكتۆبەری 2021، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری دارایی وتی، “دەبێت تاكی كورد لە چەمكی مافی مرۆڤ تێبگات. ئێمە لێرەین بۆ چاكسازی. دیارە كە چەمكی چاكسازی هەموو بوارەكانی ئەم هەرێمە دەگرێتەوە. بۆیە ئێمە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی كارەكانی ئێوەین و بە هەموو توانایەكمانەوە دەمانەوێت نموونەیەكی ناوازە پێشكەشی وڵاتانی جیهان بكەین.”
لای خۆشییەوە، دیندار زێباری ئاماژەی بەوەكرد، “لە پرۆژەی جێبەجێكردنی پلانی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ، وەزارەتی دارایی پشكی شێری بەردەكەوێت. ئەوەش جێگای دڵخۆشی ئێمەیە كە وەزارەت پاڵپشتی سەرەكی ئێمەیە.”