خاڵە بەهێزەکانى پاى چین؟
ئەوەى وەک خاڵى بەهێزى پاى باس دەکرێت، ئەوەیە دراوی پای لە ڕێگای مۆبایلەوە ماینینگ دەكات (دروست دەکرێت)، کە ئەمەش كرداری ماینینگ زۆر ئاسانتر و خێراتر دەكات.
بە وتەى بەکارهێنەرانى پاى نێتوۆرک، خاڵێکى دیکە کە ئەم دراوە لەوانى دیکە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە دۆستى ژینگە و ئاووهەوایە، چونکە کردارى ماینینگى پێویستى بە سوپەر کۆمپیوتەر و ئامێرى زەبەلاح نییە وەک ئەو دراوانەى دیکە کە خاوەنى بلۆکچەینن.
یەکێک لە ئامانجەکانى پڕۆژەى پاى نێتوۆرک ئەوەیە، دراوەکە لە دەستى سەرجەم هاوڵاتییاندا بێت، بەشێوەیەک “پای لە خەڵكەوە بۆ خەڵكە”، تاوەکو بتوانن ئاڵوگۆری پێبكەن بە شتومەك، نەوەك دراوێك بێت بە ئەستەم بتواندرێت بەدەست بهێندرێت، وەک لە دروشمى کۆمپانیاکەدا هاتووە.
شەهریار خدر، یەکێکى دیکەیە لەو کەسانەى کە ساڵانێکە لەڕێگەى گروپێکى تایبەتەوە، فێرکاری سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانى پاى دەخاتەڕوو، سەبارەت بە پڕۆژەکە قسەى بۆ بی ئێن کرد و وتى، “وەک لە پەڕەى یەکەمى دراوەکە نوسراوە، پاى یەکەم دراوى ئەلیکترۆنییە کە لە ڕێگەى مۆبایلەوە دەتواندرێت بەدەستبهێندرێت”.
شەهریار خدر ئەوەشى خستەڕوو، “یەکێکى دیکە لە تایبەتمەندییەکانى دراوەکە ئەوەیە، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش دەکرێت بەسەر خەڵکدا لە تەواوى جیهان، توانای دەستپێگەیشتنی (Accessibility )یشی هەیە، بەبێ جیاوازیى نەتەوە، ڕەگەز، تەمەن و ئاین”.
ئاماژەى بەوەشکرد، “دراوە دیجیتاڵییەکانی دیکە، ئێستا تەنیا لە ناو دەستی 2%ى دانیشتواندان، بەڵام پاى ئەو دەرفەتەى داوە بە سەرجەم هاوڵاتییان تاوەکو بتوانن بەدەستى بهێنن”.
هەرچەندە ئێستا رێژەى دروستکردنى دراوەکە زۆر کەم بووەتەوە، بەڵام بە وتەى شەهریار خدر، هێشتا دەرفەت هەیە بۆ ئەو کەسانەى نوێن و ساڵانى داهاتووش بەردەستە بۆیان بەڵام بە ڕێژەیەکى کەمتر.