ڕیزبەندیى ملیاردێرەکانى جیهان گۆڕانکارى بەسەردا هات
جێف بیزۆس لە پلەى پێنجەمەوە بەرزبووەتەوە بۆ پلەى سێیەم
ناسەقامگیریی بازاڕى جیهان، کاریگەریی گەورەى کردووەتە سەر ڕیزبەندیی ملیاردێرەکانى جیهان، بەجۆرێک بەخێرایی گۆڕانی بەسەردا دێت.
ئێستا جێف بیزۆس گەڕاوەتەوە پێشەوەى لیستەکە و سێیەم دەوڵەمەندى جیهانە، پاش دابەزینى سامانى گۆتام ئادانى ملیاردێرى هیندى.
بەگوێرەى نوێترین لیستى ڕیزبەندیی ملیادێرەکانى جیهان کە گۆڤارى فۆربس بڵاویکردووەتەوە، هەریەک لە بێرنارد ئاڕنۆڵت، خاوەنى لویس ڤیتۆن و ئیڵۆن مەسک، خاوەنى تێسلا و تویتەر، پارێزگارییان لە ڕیزبەندیی یەکەم و دووەم کردووە.
جێف بیزۆس خاوەنى ئەمازۆن، توانیوەتى باز بدات بۆ ڕیزبەندیی سێیەم و ببێت بە سێیەمین دەوڵەمەندى جیهان، بەڵام گۆتام ئادانى بەهۆى دابەزینى بەهاى پشکەکانى کۆمپانیاکەى دابەزیوە بۆ ڕیزبەندیی حەوتم و دواى هەریەک لە سەرمایەداران لارى ئیڵیسۆن، وارین بافێت و بیڵ گەیتس کەوتووە.
یەکێک لە گۆڕانکارییە گەورەکانى ڕیزبەندیی 10 ملیاردێرەکەى جیهان، هاتنى لارى پەیج، هاودامەزرێنەرى گوگڵ و ئەلفابێتە بۆ ڕیزى 10 دەوڵەمەندترین کەسى جیهان، هەروەها چونەدەرەوەى مایکڵ بلۆمبێرگە لەو ڕیزبەندە 10 کەسییە.