چی دەکەن بۆ ئەوەی بودجەی دیجیتاڵ مارکێتینگ کەم بکەنەوە؟

"فەیسبووک بۆ دیاریکردنی ئادی براوە گرنگی بە کۆبەها دەدات"

بەیاد عەزیز

پسپۆڕی بازاڕسازیی دیجیتاڵی

لێرەدا تەنیا کاتی ئەوە هەیە کە فەیسبووک بە نموونە بێنینەوە، لەبەر سێ هۆکار؛

  1. کات کەمە و ئێوەش تاقەتی ئەو هەموو خوێندنەوەیەتان نییە.
  2. بەشێکی زۆری خەڵکی لێرە فەیسبووک بۆ ڕیکلامکردن بەکاردەهێنن.
  3. جیاوازیی نێوان پلاتفۆرمەکان هێندە گەورە نییە، تێگەشتن لە فەیسبووک وادەکات لەوانی دیکەش بە ئاسانی تێبگەیت.

ئادی فەیسبووک (ئەوانەی لێی نازانن پێی ئەڵێن سپۆنسەر) لەسەر بنەمای مەزاد (Auction)، واتا زیادکردن، کاردەکات. بەو مانایەی کە بەڕێزت دێیتە فەیسبووک، دەستبەجێ مەزادێک دەستپێدەکات لەنێوان هەزاران کۆمپانیا و لایەنی جیاوازدا، کە دەیانەوێت ڕیکلامی خۆیان بە تۆ نیشان بدەن، تۆش چونکە زۆر سەرقاڵیت و کاتت بۆ فەیسبووک نییە، تەنیا پێنج خولەک دەخولێیتەوە و دواتر مۆبایلەکەت لادەبەیت، خۆ ناکرێت فەیسبووک ئەو هەموو ڕیکلامەت نیشان بدات و خێرا بێزار ببیت، بۆیە زۆربەیان نابینیت و تەنیا چەند دانەیەکی سەرکەوتوویان دەکەونە بەرچاوت، بەڵام لەسەر چ بنەمایەک براوە هەڵدەبژێردرێت؟.

یەکێک لە باوترین هەڵەکان ئەوەیە کە دەڵێن، تەنیا بودجەکەت بڕیار لەسەر ئەنجامەکانت دەدات و بودجەیەکی زۆر گەرەنتیی سەرکەوتنە بەسەر ڕکابەرەکاندا، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە و فەیسبووک بۆ دیاریکردنی ئادی براوە گرنگی بە کۆبەها  (Total Value)دەدات و بۆ ژماردنیشی هاوکێشەیەکی هەیە کە بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە؛

[Advertiser Bid] x [Estimated Action Rates] + [User Value] = Total Value

سەرنج بدە کە بڕی پارەکەت لە هاوکێشەکەدا، کە دەکاتە (Advertiser Bid) تەنیا یەک فاکتەرە و بێجگە ئەویش دوو فاکتەری دیکەی گرنگ هەن، کە بریتین لە Estimated Action Rates و User Value.

– بەهای یەکەمیان، Estimated Action Rates، دەڵێت کە ئەو خەڵکەی بە ئامانجت گرتوون ئەگەری چەندە بەدەم داواکەتەوە بێن، جا ئیتر داواکەت لایک و کۆمێنتە، نامەیە، تەماشاکردنی ڤیدیۆیە یان هەرچییەکە گرنگ نییە، فەیسبووک بەپێی داتای پێشینەی ئەو کەسانە دەزانێت کە ئەگەری چەندە ئەو کارە بکەن کە تۆ ئامانجتە. تا ئەگەری زیاتر بێت، کۆبەهای ئادەکەشت زیاتر دەبێت و لە زۆرترین مەزاددا براوە دەبیت.

چۆن دەتوانیت ئەم بەهایە لە ئادەکانتدا زیاد بکەیت؟

پێش ئەوەی دەست بکەیت بە ڕیکلامکردن، جوان دابنیشە و بیر لەو کەسانە بکەرەوە کە ئەگەری زۆرە بەرهەمەکەت بکڕن یان خزمەتگوزارییەکەت بەکاربهێنن، حەزیان لە چییە؟ لە چی دەترسن؟ لە کوێ دادەنیشن؟ تەمەنیان چەندە؟ و چەندین پرسیاری دیکە لە خۆت بکە، دواتر لەسەر بنەمای وەڵامی ئەم پرسیارانە وەرە و لە فەیسبووک بە ئامانجیان بگرە.

– بەهای دووەمیشیان، User Value، پێوانەی نرخی ئادەکەی تۆیە لەلای کڕیارەکان، ڕیکلامەکەت بەلای ئەو خەڵکەوە بێزارکەرە یاخود نا. بۆ نموونە ئەگەر بەشێکی گەورەی کڕیارەکان ئادەکەتیان Hide کردبێت یاخود بەهۆی ڕیکلامەکەتەوە ڕیپۆرتیان کردبیت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئادەکەت کوالێتییەکی نزمی هەیە و خەڵکییت پێ بێزارکردووە.

تا زووتریش دەستکاری بکەیت درەنگە، چونکە دڵنیابە فەیسبووک ڕێگات نادات بە ئاسانی دەستت بە کەسانێک بگات کە حەزیان لە بەرهەمەکەت نییە و پارەیەکی زۆر زۆرت لێدەڕوات بێ ئەوەی ئەنجامێکی باشیش ببینیت، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی تۆ فەیسبووکت لە خەڵکی ناخۆش کردووە، فەیسبووک بۆ ئەوە دانراوە خەڵک کاتێکی خۆشی تێدا بەسەرببات.

خاڵێکی دیکەی گرنگ کە وادەکات کوالێتیی ئادەکەت بێتە خوارەوە خۆی لەو لینکەدا دەبینێتەوە کە لەگەڵ ئادەکەتدا هاوپێچت کردووە و دەتەوێت خەڵکی سەردانی بکەن (Landing Page) خاویی کردنەوەی وێبسایتەکەت و هەر ناشرینی و ناخۆشییەک کە دێتە بەردەم بەکارهێنەر لە وێبسایتەکەتدا لەسەر ئادی فەیسبووکەکەت دەکەوێت، چونکە فەیسبووک خۆی پێش هەموو کەس لینکەکە دەکاتەوە و تەماشا دەکات بزانێت بەکەڵکی ئەوە دێت خەڵکی دیکەش بیبینن یاخود نا.

تێگەشتن لەم هاوکێشە سادەیەی فەیسبووک بەپێی گەورەیی بزنسەکەت ڕۆژانە دەکرێت سەدان و هەزاران دۆلارت بۆ بگەڕێنێتەوە.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$73.22  $0.09  0.12%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$69.27  $0.03  0.04%  
زێڕ 
$2,639.50  $8.50  0.32%  
یەک ئۆنسە زیو 
$28.50  $0.12  0.42%  
گازی سروشتی  
$2.96  $0.043  1.43%  
گازۆلین 
$2.03  $0.0036  0.18%  
ئەلەمنیۆم 
$2,608.00  $13.75  0.53%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.23  $0.0087  0.39%