“سەمون و پیاز بخۆن”
"ئامۆژگاریکردنى هاوڵاتییانى تورکیایە، کە دەبێت لەمەودوا، یاساى "سک هەڵگوشین"، پەیڕەو بکەن"
دانیار فاروق
بەبڕواى من، ئەمە شکستى گەورەى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیا دەردەخات، چونکە ئەوانەى نزیکن لە ئەردۆغانەوە، کە بانگەشەى پەیڕەوکردنى “سک هەڵگوشین” دەکەن، زۆرینەیان لە دەوڵەمەندەکانى تورکیان، لەبەرئەوەى ئەو جۆرە کەسانە، هەمیشە لەکاتى ڕودانى قەیرانە ئابورى و داراییەکان، لەسەر حسابى هەژاران سود و قازانج دەبینن.
تورکیا ئێستا بەدۆخێکى دژوار و ناهەموارى ئابورى و داراییدا تێپەڕدەبێت، کە لەمێژوى خۆیدا، ئەمە یەکەمجارە دووچارى دۆخێکى لەوشێوەیە بوبێتەوە.
نورەدین نەباتى وەزیرى دارایى تورکیا، لەمیانەى چالاکییەکانى کۆمەڵەى پیاوانى کارسازى سەربەخۆى تورکیا، رایگەیاند، ئابوریى وڵاتەکەیان بە ڕێژەى 40% گەشە دەکات لە ساڵى 2022دا، بەڵام شەقامى تورکى، ئەم گوتار و لێدوانانە ناچێت بەگوێیاندا، کار گەیشتووەتە ئەوەى سەرەى ڕاوەستانى هاوڵاتییانى تورکیا بۆ سەمون و نان، بە سەدان مەتر درێژ ببێتەوە.
ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمزى ئەمریکى، لەرێگەى پەیامنێرەکەیەوە، لە یەکێک لە گەڕەکەکانى ناوشارى ئیستەنبوڵى تورکیا، چاوپێکەوتنى لەگەڵ، ئەو هاوڵاتییانە کردووە، کە لەبەیانى زووەوە، وەستاون بۆ سەرەى نان و سەمون.
بەگوێرەى ڕۆژنامەکە، بەشێک لەو کەسانە نەیانویستووە لێدوان بۆ ڕۆژنامە ئەمریکییەکە بدەن، چونکە ترساون لەوەى لەلایەن حکومەتەکەى ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە، لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، ئەگەر بێت و ئەوان ڕەخنە لە حکومەت بگرن، لەوانەیە ڕوبەڕوی گرتن و لێپێچینەوە ببنەوە.
ئەوانەى لێدوانیانداوە، بەمجۆرە باسى دۆخى دەستنەکەوتنى نان دەکەن لە ئیستەنبوڵ، “حکومەت لە دۆخمان ناپرسێتەوە، ئەوەتا نرخى سەمون و نان لە بەیانیان جۆرێکە و ئێواران جۆرێکە، سەرە گەیشتووەتە چەند سەد مەترێک”.
ئێستا دەبینین، دۆخى ئابوریى تورکیا، پێش بڕیاری ئەردۆغان، بە دابەزاندنی بەهای سوی بانک چۆن بوە و دوای بڕیارەکەش چۆنە.
ئەگەر بیر لەماوەی 19 ساڵەی مێژووی حوکمڕانیی ئاک پارتی بکەینەوە لە تورکیا، ئەم دۆخە ئەوە دەسەلمێنێت، کە پێدەچێت خۆرى ئاک پارتى بەرەو ئاوابوون بڕوات.
گوتەیەک هەیە، دەڵێت، “دەستبردن بۆ قوتى خەڵک و دەستخستنە ناو ژیانى تایبەتى خەڵک ئاکامەکەى باشى ناهێنێت”، پێدەچێت ئەم گوتەیە، وێناى ئەو دۆخەى ئێستاى تورکیا بکات و لە داهاتودا، کاردانەوەى خراپى لێبکەوێتەوە و چیدى هاوڵاتییانى ئەو وڵاتە ئەمە قبوڵ نەکەن.
بەبڕواى من، ئەگەر بەخێرایی ئەردۆغان، چارەسەرى دۆخەکە نەکات، دوورنییە، مێزەکەى بەسەردا قڵپ نەبێتەوە و دۆخەکە باڵبکێشێت بۆ خۆپیشاندانى ملیۆنی و داواى دەستلەکارکێشانەوەى جدى، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکى ئێستاى تورکیا نەکرێت، یاخود لەوانەشە، ببێتە خێر و بەرەکەت بۆ خودى ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەى.