بانکى ناوەندی لە ساڵى 2021 زیاتر لە 33 ملیار دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە
ئەمڕۆش خستنە بازاڕى دۆلارى زیاد کرد
ڕاپۆرتى شیکارى- جەگەر محەمەد
بانکى ناوەندیی عێراق، لە ساڵى 2021دا، زیاتر لە 33 ملیار دۆلارى بەشێوەى زیادکردن فرۆشتووە، لە ساڵى نوێشدا بە هەمان نرخى پێشوو، دۆلارى فرۆشت.
دوێنێ دوشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق بەهەمان بەهاىساڵی ڕابردوو، یەکەم ڕۆژی خۆی لە فرۆشتنی دۆلار دەستپێکرد، بڕى 198 ملیۆن و 945 هەزار و 179 دۆلارى خستە بازاڕەوە.
ئەمڕۆش 203 ملیۆن و 402 هەزار و 599 دۆلارى لەڕێی زیادکردنەوە خستە بازاڕەوە، کە 58 ملیۆن و 300 هەزار دۆلارى بە شێوەى کاش بووە.
لەڕێی ئەو هەنگاوەى بانکى ناوەندییەوە کە کۆنتڕۆڵى نرخ و خستنەڕووى دۆلار دەکات، 45 بانک لە ناوخۆ و دەرەوە پێویستییان پڕکڕاوەتەوە، 270 کۆمپانیاش کە کارى نێوەندگیری دەکەن، دۆلاریان لە بانکی ناوەندی کڕیوە، بۆ ئەوەى لە بازاڕ و بۆرسەکان بیفرۆشنەوە.
بە گوێرەى ئەو شیکارییانەى بی ئێن ئەنجامى داون، لە ساڵی 2021دا، بانکی ناوەندیی عێراق لەڕێی زیادکردنەکانییەوە، زیاتر لە 33 ملیار دۆلارى خستووەتەبازاڕەوە چ بە شێوەی حەواڵە بێت یان کاش.
هەروەها دەرکەوتووە، لە مانگى حوزەیرانى 2021دا، زۆرترین دۆلار لەلایەن بانکەکەوە خراوەتەڕوو، کە بڕەکەى 4 ملیار و 824 ملیۆن دۆلار بووە، لە مانگى کانونى دووەمیش کەمترین دۆلارى فرۆشتووە کە بۆ کۆى مانگەکە 492 ملیۆن دۆلار بووە.
زیاتر لە یەک ساڵ بەسەر بڕیارى دابەزاندنى نرخى دینار بەرامبەر بە دۆلار تێپەڕیوە، کە بانکى ناوەندیی بڕیاریدا یەک دۆلار بەرامبەر بێت بە 1460 دینارى عێراقى، تاکە لایەنێکیش کە دەسەڵاتى ئەو بڕیارەى هەبێت، خودى بانکەکەیە.
بانکى ناوەندیی عێراق، هاوشێوەى هەر بانکێکى دیکەى ناوەندی، سیاسەتى نەختینەیی وڵات بەڕێوە دەبات و بە بانکى بانکەکان ناو دەبرێت، یەکێک لە ئەرکەکانى ئەو بانکە کۆنتڕۆڵکردنى دراوى بیانییە لە بازاڕەکان، چ نرخەکەى بێت یان بڕەکەى.