تەنها “9.2%”ی ژنانی عێراق کار دەکەن

گەورەترین توندوتیژی بەرامبەر ژنان کرابێت “توندوتیژیی ئابوری” بووە

وەزارەتى پلاندانانى عێراق ئاشکرایکردووە، گەورەترین توندوتیژى بەرامبەر بە ژنان کرابێت “توندوتیژیی ئابوری”یە.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتى پلاندانانى عێراق، دەرئەنجامى ڕوپێوییەکى لەبارەى ژنانەوە بڵاوکردەوە، کە لەگەڵ سندوقى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ژمارەى دانیشتووان ئەنجامیداوە.

لەو ڕوپێوییەدا کە ڕوپێوییەکى ئابورى و کۆمەڵایەتییە بۆ دۆخى ژنان لەنێوان ساڵى 2011ەوە بۆ 2021 ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە، 29%ى ژنانى عێراق دووچارى جۆرە جیاوازەکانى توندوتیژى دەبنەوە، هەروەها دەرکەوتووە ڕێژەى نەخوێندەوارى لەنێو ژنان 20%ە.

لەنێو ئەو ڕێژەیەى توندوتیژى، دەرکەوتووە توندوتیژیی ئابوری “پیاوان ژنەکانیان ناچار دەکەن کە ببن بە سەرچاوەى داهات” بە ڕێژەى 22% لە پلەى یەکەمدا دێت.

ڕێژەى ئەو ژنانەى کار دەکەن لە عێراق، 9.2%ە، بەڵام لە هەرێمى کوردستان ڕێژەکە بەرزترە کە 14%ە، وەک لە دەرئەنجامى ڕوپێوییەکەدا هاتووە.

ئەوەش دەرکەوتووە، پرسیارى ئەوە لە ژنان کراوە، “تا چەند ئامادەییت تێدایە کار بکەیت؟”، لە وەڵامدا تەنها 21%یان ئامادەییان پیشانداوە، 7%ى دیکەشیان ئامادەییان پیشانداوە کار بکەن بەڵام بە مەرج.

عەبدولزەهرە هینداوى، وتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق لەبارەى ئەو ڕوپێویەوە وتویەتى، “ڕوپێوی لەو جۆرە، گرنگیی گەورەى هەیە، چونکە هاوکاتە لەگەڵ دۆخێکى قورس و ئاڵۆز بەتایبەت بەهۆى کۆرۆناوە، هەروەها لە دۆخێکى خراپى ئابورى و کۆمەڵایەتیدا ئەو دەرئەنجامانە بڵاودەکرێنەوە”.

ئاماژەى بەوەشکردووە، “دەرئەنجامەکانى ئەو ڕوپێوییە، بنەمایەکى گرنگە بۆ ئەو کەسانەى داڕێژەرى سیاسەت و بڕیاردەرى ئابورین”.

لەبارەى ژمارەى دانیشتوانەوە، وتەبێژەکەى پلاندانان ڕایگەیاندووە، ساڵى ڕابردوو ژمارەى دانیشتوانى عێراق 40 ملیۆن و 150 هەزار کەس بووە، ئەمساڵیش پێشبینى دەکرێت ژمارەکە گەیشتبێتە 41 ملیۆن کەس.

بە وتەى ئەو بەپرسەى پلاندانان، گەشەى دانیشتوانى عێراق گەیشتووەتە 2.5%، ئەوەشى بە ڕێژەیەکى زۆر ناوبردووە، چونکە ساڵانە ژمارەى دانیشتوانى عێراق 800 هەزار کەس زیاد دەکات.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$71.10  $0.37  0.52%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$67.63  $0.42  0.62%  
زێڕ 
$2,790.80  $9.70  0.35%  
یەک ئۆنسە زیو 
$31.39  $0.66  2.15%  
گازی سروشتی  
$2.36  $0.009  0.38%  
گازۆلین 
$1.96  $0.0128  0.66%  
ئەلەمنیۆم 
$2,641.25  $0.25  0.01%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.14  $0.0106  0.50%