عێراق.. دەسەڵاتى بڕینەوەى درەخت دەدرێتە پارێزگارەکان
یاسایەکى نوێ بۆ پاراستن و چاککردنى ژینگەى عێراق دەردەکرێت
وەزارەتى ژینگەى عێراق ڕایگەیاندووە، لە “پرۆژەیاساى پاراستن و چاککردنى ژینگە”دا کە خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کراوە، دەسەڵاتى بڕینەوەى درەخت دراوە بە پارێزگارەکان.
لوئەى موختار، وتەبێژى وەزارەتى ژینگەى عێراق بە BN24ى وت، “یاسا نوێیەکە هەندێک مادە لەخۆ دەگرێت، کە پارێزگارى لە ژینگە دەکات و دەیپارێزێت، هەروەها ڕێگرى دەکرێت لە بڕینەوەى ئەو درەختانەى تەمەنیان لە سەرووى 30 ساڵەوەیە”.
“لە یاساکەدا، دەسەڵاتى بڕیاردان بۆ بڕینەوەى هەر درەختێک لە دەستى بەڕێوەبەرى ئەنجومەنى پاراستن و چاککردنى ژینگەى پارێزگاکانە کە ئەو پلەیە هى خودى پارێزگارەکانە”، وەک وتەبێژى وەزارەتى ژینگەى عێراق ئاماژەى پێ کرد.
بەگوێرەى ئەو پرۆژەیاسایە کە لە یەکى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ لە پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کراوە، “قەدەغەیە دارستانەکان و بێستانەکان و ناوچە سەوزەکان لەناو ببرێن”.