ئایندەی ئابوریی کوردستان لەنێوان دوو خەمڵاندنی یەدەگی نەوتیدا
شیکارییەک بۆ داتاکانى نەوتى هەرێم
ڕێبوار محەمەد ئەمین
بۆ ئەوەی لە ئایندەی ئابوریی هەرێم لە ڕێگەی تاک سەرچاوەی نەوتەوە دڵنیابین، کە ئاڕاستەکەی لەوەزیاتر خراپتر نابێت و تووشی تەنگەژەی گەورەتر نابین، چۆن خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەگەرەکان و پێشهاتەکان.
لێردا دەمەوێت شیکاری بۆ داتاکانی یەدەگی نەوتی کوردستان بکەم و بزانین لەسەرکام تیۆرییە و بۆ هەریەکەیان خۆمان چۆن ئامادە بکەین.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕایگەیاندووە، هەرێم خاوەنی 45 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتە و دابەشکراوە بە سەر 57 ناوچەی نەوتیدا، لەسەر ئەو بنەمایە ڕۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و بە داهاتەکەی ئیدارەی هەرێم دەدات کە بەشی پێداویستییەکان ناکات و هەرێم بەردەوام لە قەیرانی قوڵدایە.
لێردا ئامانجمان ئەوەیە کە بزانین یەدەگی نەوت چۆن دیاری دەکرێت و کام لەو ڕێگایانە زانستیترە و باشترە، لێرەدا دوو تیۆریمان هەن؛
یەکەم؛ تیۆریی (تەمومژاوی) کە خاوەنی ئەم تیۆرییە زانای ماتماتیکی ئازەربایجانی لوتفی عەلی عەسکەرزادەیە.
ئەم لۆژیکە پشت بە مەزەندەکردن دەبەستێت بۆ شیکارى هەر کێشە و هاوکێشەیەک، پشت بە ژمارەی ھەڕەمەکی دەبەستێت، ژمارەی ناو ھاوکێشەکان مەزەندە دەکرێن، بەو پێیە شتێکی ئاساییە و ئەگەر هەیە ژمارەی خەمڵێندراو بۆ ھەر شتێک، ڕاست بێت، نیمچە ڕاست بێت، یانیش تەواو لە ڕاستییەوە دوور بێت.
ئەگەر یەدەگی خەمڵێندراوی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم تیۆری و لۆژیکە خەمڵێندرابێت ئەوا جێگەی مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئایندەى ئابوریی هەرێمی کوردستان، ئەو یەدەگە 45 ملیار بەرمیلە مەزندەکراوە و دووپات نەکراوەتەوە .
کەواتە دەتوانین بەپێی ئەم تیۆرییە بڵێن، هەموو چرکەیەک ئابوریی هەرێم لەبەردەم هەرەس و قەیرانی گەورەدایە و ئایندەى قەوارەی هەرێم دەکەوێتە مەترسییەوە.
هەرچەندە بەدواداچونم کرد بۆ ئەوەی بزانم لەسەر چ بنەما و لۆژیکێک ئەو 45 ملیار بەرمیلە خەمڵێندراوە، بەڵام نەگەشتمە ئەنجام.
دووەم؛ تیۆریی زانیاریی ڕاستەقینە زەویناسی ناوداری جیهان و کۆمپانیای شێڵی هۆڵەندی-ئەمریکی، “کینگ هەبێرت” پشتگیری دەکات و باوەڕی بەوەیە کە دەبێت لەسەر بنەمای زانیاری و داتای ڕاستەقینەی کێڵەگەکان یەدەگی نەوتی وڵاتان دیاری بکرێت بۆ ئەوەی ئابوریی جیهان و وڵاتەکە خۆی تووشی تەنگەژەی گەورە نەبێت.
ئەگەر یەدەگی ڕاگەیاندراوی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر داتا و زانیاریی ڕاستەقینەی ناو کێڵگە نەوتییەکە دیاری کرابێت، ئەوا کارێکی زانستی و عەقڵانییە و دەتواندرێت لە ئایندەدا پشتی پێ ببەسترێت لەگەڵ سەرچاوەکانی تری ئابوری، ئابوریی کوردستانی لەسەر بونیاد بنرێت.
بۆ دڵنیابوون لە ڕاستی ئەو یەدەگە 45 ملیارییە هەموو کێڵگەکان بە ژماڕەی ڕاستەقینەوە نەخراونەتەڕوو کە 45 ملیار بەرمیل نەوت دەکات.
ئێستا هەرێمی کوردستان، بەدەست قەرزێکی زۆر و چەندین قەیرانی دارای و ئابورییەوە دەناڵێنێت، هیچ پلانێکی دیاریکراویش نییە بۆ چارەسەر.
ئێمە هیچ بەڵگەیەکی ڕاست و دروستمان لە بەردەست نییە، کە ئەو یەدەگەی نەوتی هەرێم چۆن هاتوە و لەسەر چ بنەمایەکە .
پێویستە حکومەتی هەرێم سەرچاوەی داهاتی نەوت بە لاوەکی سەیر بکات و ڕووبکاتە بوژاندنەوەی هەر 13ە کەرتەکەی تری وەک کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، پیشەسازی، بازرگانی… هتد، هەروەها وەبەرهێنان بکات لە هەموو کەرتەکان و ئابوریی کوردستان لە تاک سەرچاوەوە بگۆڕێت بۆ فرە سەرچاوە.
ژێرخانی ئابوریی کوردستان بەهێز بکات و پێویستی بە بەغداد نەمێنێت، بە پێچەوانەوە هەموو ساتێکی هەرێمی کوردستان لە بەردەم تەنگەژەی ئابوری و دارایی گەورەدایە و هیچ ئومێدێکیش نەماوە بەغداد بودجە بۆ هەرێم بنێرێت.