ئایندەی هەرێم لەسایەی قەیراندا

“قەیرانی ئابوری، سەرەکیترین قەیرانە کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە“

ڕێبوار محەمەد ئەمین

مافناس و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە گرێبەستی نەوت و گاز

هەرێمی کوردستان نوقمی قەیرانی ئابوری سیاسی کۆمەڵایەتی بووە لە ئێستادا و هیچ ئاسۆیەک بەدی ناکەین بۆ ڕزگاربوون .

کامانەن ئەو قەیرانانەی یەخەیان گرتووین؛

یەکەم؛ قەیرانی ئابوری، سەرەکیترین قەیرانە کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە و بەتەواوی دۆخەکەی شەڵەقاندووە و دۆخە سیاسی، کۆمەڵایەتییەکەیشی تێکداوە.

دووەم؛ قەیرانی کۆمەڵایەتی 

قەیرانی کۆمەڵایەتی تا ئاستێک گەیشتووە کە مرۆڤەکان بێ هیوا و بێ متمانەن و لە بازنەیەکی بەتاڵدا دەخولێنەوە و دنیابینییەکیان بۆ ئایندە نییە.

سێیەم؛ قەیرانی سیاسی 

کاتێک قەیرانی ئابوری ئامانجی خۆی دەپێکێت و ڕاستەوخۆ کۆمەڵگا تووشی قەیرانێکی گەورەتر دەکات، دۆخی سیاسیش دەشێوێت.

هۆکارەکان چین؟

ڕێسایەک هەیە دەڵێت هەرکات ئابوری پێش کەوت، ئەوا کۆمەڵگا گەشەدەکات و دۆخی سیاسیش سەقامگیر دەبێت.

لە هەرێمی کوردستان کار لەسەر دۆخە سیاسییەکە دەکرێت، چونکە پلانەکە هەڵەیە بەردەوام قەیران بەقەیران دەڵێت ڕێم کە.

بە بۆچونی من هۆکارەکان ئەمانەن؛

یەکەم؛ نەبوونی دامەزراوە تابتوانێت پلانێکی ئابوریی تۆکمە دابنێت هەرچی هەیە پلانی کەسییە.

دووەم؛ پشتبەستن بەتاک سەرچاوەی نەوت کە مەترسیترین ڕێگای ئابورییە و پێچەوانەکەی ڕاستە کە فرەسەرچاوەی ئابوری.

سێیەم؛ نەبوونی شەفافیەت و گەندەڵی و نەمانی متمانە.

چوارەم؛ ناکۆکی سیاسی و لێکترازان.

پێنجەم؛ هەڵواسینی هیواکان بە بەغدادەوە کە جگەلە هەناسەساردی هیچی تر نییە.

دۆخی ڕاگوزەر و کاریگەرییەکانی؛

لەئێستادا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دەیان قەیرانی ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆتەوە لەوانە؛

کێشەی مووچه،نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری، هەلی کار، دابەزینی ئاستی داهاتی تاکەکسی و جیاوازیی چیانەیەتی لەڕووی ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی.

لەڕووی کۆمەایەتییەوە؛

کۆچ و هەڵهاتن،بێ هیوایی و نائومێدی، گەڕانەوە بۆ عەقڵی خێڵگەرایی و ململانێی خێڵگەری هەر لە ترۆپکی دەسەڵات تا ناو تاک بەتاکی کۆمەڵگای کوردەواری، بەهۆی بێهیوایی و بێمتمانەیی و نەبوونی دنیابینی و لاوازی سەروەریی یاسا لە ئەمڕۆدا، لەناو بەشێکی زۆری کۆمەڵگا پێشبڕکێی دۆزینەوەی چین و توێژ و خێڵ و پێکهاتەی نوێمانە کە نازانین عەقڵی خێڵ دوژمنی باوەکوشتەی نەگەشتن بەمافی چارەنووس و دەوڵەتی نەتەوەییە.

کاریگەرییە سیاسییەکان؛

نەمانی بیروباوەڕ بۆ کۆکردنەوەی زۆرینەی خەڵک لە دەوری بەرنامەیەک، هەموو حزبەکان لە پاشەکشەدان و هیچ پرۆژەیەکی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فکرییان پێنییە، هەموو حزبەکان تەنها وەک کۆبوونەوەیەکی مرۆیی ماونەتەوە.

لەسەرئاستی هەرێم ململانیەی بەرژەوەندیی تەسکی ئابوری، بنەماڵەیی و تایبەتی، گیرۆدەی کردووین، لەسەرئاستی حزبی خراپتر.

لەسەر ئاستی عێراق؛

کورد لە بەغداد کۆتایی هاتوە و هەموو دەرگاکان داخراون و بەغداد ئامادەنییە مادەکانی دەستور جێبەجێ بکات و ئەوەیشی بەدەستمان هێناوە، بۆ هەلێک دەگەڕێن لێمان وەرگرنەوە.

بوونی کورد لەبەغداد تەنها بوونێکی ڕەمزییەوە ناتوانین هیچ دەستکەوتێکی سیاسی و ئابوری بەدەست بێنین، تەنها بۆ ئەوانە بەسوودە کە پۆست وەردەگرن و هیچی تر.

کوردو پەرلەمانی عێراق؛

کورد نوێنەر دەنێرێتە پەرلەمان، بۆ دانانی یاسا و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی، هەروەها پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە.

عەرەبەکان ناهێڵن هیچ یاسایەک لەبەرژەوەندی کورد پەسەندبکرێت و بودجەش پەسەند دەکرێت جێبەجێ نابێت، کەواتە بونی کورد لە پەرلەمان زیاد و بێ بەرهەمە.

کورد لەحکومەتی بەغداد؛

کورد بە دوو بۆ سێ وەزیرەوە تائێستا نەیتوانیوە هیچ بکات و هیچیشی پێناکرێت و ڕێگانادەن، کەواتە بوونی کورد لەحکومەتیش بێ هودە و بێ بەرهەمە.

کورد لەسەرۆکایەتیی کۆمار؛

دەسەڵاتی سەرۆکی کۆمار دەسەڵاتێکی ڕەمزی و تەشریفاتییە و ناوانێت ببێتە کارتێک مافەکانی کورد لە دەستور بەدەست بهێنێت و ڕابوردووش شاهیدە.

هەموو ئەو دامەزراوە دەستورییانەی کە پێویستە پێکبهێنرێت و کورد سودی لێوەردەگرێت ناهێڵن دروست بێت، تەنانەت ناهێڵن دەستور جێبەجێ بکرێت.

کەواتە بوونی کورد لەبەغداد تەنها سەرقاڵ کردن و کات کوشتنە، هەرچەندە ئەو ڕاستییە دەزانین بەزۆر لەبەغدادین.

چارەسەر؛

تاکە چارەسەر و فریادڕەس، خودی خۆمانین و لەماڵی خۆمان لەناو کوردستان دەتوانین هەموو قەیرانەکان چارەسەر بکەین، ئەویش بەوەی؛

پلانێکی ئابوریی بەهێز دابنێین و لە تاک سەرچاوەی ئابورییەوە بگەڕێینەوە بۆ هەموو سەرچاوەکانی تر لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە.

بە پلان و بە یاسا چاکسازی بکەین و ڕووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە، شەفافیەت و متمانە بگەڕێنینەوە بۆ گەل، ڕێز و سەروەری بۆ دامەزراوە دەستورییەکان و یاسا، پەروەردە و خوێندنی باڵا بگەڕێنینەوە، ڕۆڵ بدەینە زانکو و ناوەندە ئەکادیمییەکان، گەڕانەوە بۆ ئەو بیروباوەڕانەی خزمەت بە گەل دەکەن نەک بێ فکری و بێ ڕوئیایی و سەرلێشێواوی.

ئەگەر ئەمانەی سەرەوە کران، ئەوا هەموو قەیرانەکان چارەسەر دەبن و ئابوری گەشە دەکات، کۆمەڵگا پێش دەکەوێت و دۆخی سیاسیش سەقامگیر دەبێت.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$71.15  $0.42  0.59%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$67.66  $0.45  0.67%  
زێڕ 
$2,791.90  $10.80  0.39%  
یەک ئۆنسە زیو 
$31.39  $0.66  2.15%  
گازی سروشتی  
$2.36  $0.009  0.38%  
گازۆلین 
$1.96  $0.0128  0.66%  
ئەلەمنیۆم 
$2,641.25  $0.25  0.01%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.14  $0.0091  0.43%