“سەمون و پیاز بخۆن”

"ئامۆژگاریکردنى هاوڵاتییانى تورکیایە، کە دەبێت لەمەودوا، یاساى "سک هەڵگوشین"، پەیڕەو بکەن"

دانیار فاروق

ڕۆژنامەنوس و شارەزا لە کاروبارى تورکیا

ئەمەى سەرەوە ناونیشانى گوتەى نورەدین نەباتى، وەزیرى دارایی تورکیایە، کاتێک هەڵاوسان و دابەزینى بەهاى لیرەى وڵاتەکەى لەبەرامبەر دۆلار، تەنگى بە دۆخى ئابورى و دارایی وڵاتەکەى هەڵچنیوە و ناڕەزایی توندى هاوڵاتییانى ئەو وڵاتە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانى لێکەوتووەتەوە، بارتەقاى ئەو دۆخە، وەزیرى دارایى تورکیا، لەبرى دۆزینەوەى رێگەچارەى گونجاو بۆ دەربازبوون لەو دۆخەى تێیکەوتوون، بەوجۆرە موخاتەبەى هاوڵاتییانى دەکات.

گوتەکەى وەزیرى دارایى، بەهۆى ئەو دۆخە ئابورییەوەیە، کە وڵاتەکەى تێیکەوتووە، لەلایەک وەک وەڵامێکە بۆ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانى تورکیا، کە هەڵمەتێکى گەورەیان دەستپێکردووە بە ئامانجى گۆڕانکارى لە دۆخى سیاسى و ئابوریى تورکیا و داواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە دەکەن، لەلایەکى دیکەش وەک ئامۆژگاریکردنى هاوڵاتییانى تورکیایە، کە دەبێت لەمەودوا، یاساى “سک هەڵگوشین”، پەیڕەو بکەن.

ئەم گوتەیە، بەخێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و هاوڵاتییانى تورکیاى توڕەکرد و بووە ترێندی رۆژ، چونکە بڕوایان وا بۆ دروستبوو، کە حکومەت و بەرپرسانى وڵات، وەک گاڵتەجاڕى بەوان، ئەمجۆرە لێدوانانە بڵاودەکەنەوە و ڕەخنەى توندیان لێیگرت.

بەبڕواى من، ئەمە شکستى گەورەى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیا دەردەخات، چونکە ئەوانەى نزیکن لە ئەردۆغانەوە، کە بانگەشەى پەیڕەوکردنى “سک هەڵگوشین” دەکەن، زۆرینەیان لە دەوڵەمەندەکانى تورکیان، لەبەرئەوەى ئەو جۆرە کەسانە، هەمیشە لەکاتى ڕودانى قەیرانە ئابورى و داراییەکان، لەسەر حسابى هەژاران سود و قازانج دەبینن.

تورکیا ئێستا بەدۆخێکى دژوار و ناهەموارى ئابورى و داراییدا تێپەڕدەبێت، کە لەمێژوى خۆیدا، ئەمە یەکەمجارە دووچارى دۆخێکى لەوشێوەیە بوبێتەوە.

نورەدین نەباتى وەزیرى دارایى تورکیا، لەمیانەى چالاکییەکانى کۆمەڵەى پیاوانى کارسازى سەربەخۆى تورکیا، رایگەیاند، ئابوریى وڵاتەکەیان بە ڕێژەى 40% گەشە دەکات لە ساڵى 2022دا، بەڵام شەقامى تورکى، ئەم گوتار و لێدوانانە ناچێت بەگوێیاندا، کار گەیشتووەتە ئەوەى سەرەى ڕاوەستانى هاوڵاتییانى تورکیا بۆ سەمون و نان، بە سەدان مەتر درێژ ببێتەوە.

ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمزى ئەمریکى، لەرێگەى پەیامنێرەکەیەوە، لە یەکێک لە گەڕەکەکانى ناوشارى ئیستەنبوڵى تورکیا، چاوپێکەوتنى لەگەڵ، ئەو هاوڵاتییانە کردووە، کە لەبەیانى زووەوە، وەستاون بۆ سەرەى نان و سەمون.

بەگوێرەى ڕۆژنامەکە، بەشێک لەو کەسانە نەیانویستووە لێدوان بۆ ڕۆژنامە ئەمریکییەکە بدەن، چونکە ترساون لەوەى لەلایەن حکومەتەکەى ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە، لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، ئەگەر بێت و ئەوان ڕەخنە لە حکومەت بگرن، لەوانەیە ڕوبەڕوی گرتن و لێپێچینەوە ببنەوە.

ئەوانەى لێدوانیانداوە، بەمجۆرە باسى دۆخى دەستنەکەوتنى نان دەکەن لە ئیستەنبوڵ، “حکومەت لە دۆخمان ناپرسێتەوە، ئەوەتا نرخى سەمون و نان لە بەیانیان جۆرێکە و ئێواران جۆرێکە، سەرە گەیشتووەتە چەند سەد مەترێک”.

ئێستا دەبینین، دۆخى ئابوریى تورکیا، پێش بڕیاری ئەردۆغان، بە دابەزاندنی بەهای سوی بانک چۆن بوە و دوای بڕیارەکەش چۆنە.

ئەگەر بیر لەماوەی 19 ساڵەی مێژووی حوکمڕانیی ئاک پارتی بکەینەوە لە تورکیا، ئەم دۆخە ئەوە دەسەلمێنێت، کە پێدەچێت خۆرى ئاک پارتى بەرەو ئاوابوون بڕوات.

گوتەیەک هەیە، دەڵێت، “دەستبردن بۆ قوتى خەڵک و دەستخستنە ناو ژیانى تایبەتى خەڵک ئاکامەکەى باشى ناهێنێت”، پێدەچێت ئەم گوتەیە، وێناى ئەو دۆخەى ئێستاى تورکیا بکات و  لە داهاتودا، کاردانەوەى خراپى لێبکەوێتەوە و چیدى هاوڵاتییانى ئەو وڵاتە ئەمە قبوڵ نەکەن.

بەبڕواى من، ئەگەر بەخێرایی ئەردۆغان، چارەسەرى دۆخەکە نەکات، دوورنییە، مێزەکەى بەسەردا قڵپ نەبێتەوە و دۆخەکە باڵبکێشێت بۆ خۆپیشاندانى ملیۆنی و داواى دەستلەکارکێشانەوەى جدى، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکى ئێستاى تورکیا نەکرێت، یاخود لەوانەشە، ببێتە خێر و بەرەکەت بۆ خودى ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەى.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$70.93  $0.2  0.28%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$67.47  $0.26  0.39%  
زێڕ 
$2,787.20  $6.10  0.22%  
یەک ئۆنسە زیو 
$31.39  $0.66  2.15%  
گازی سروشتی  
$2.36  $0.009  0.38%  
گازۆلین 
$1.96  $0.0069  0.35%  
ئەلەمنیۆم 
$2,649.00  $12.25  0.46%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.14  $0.0103  0.48%