بڕیارێکى سعودیە نرخى نەوت بەرز دەکاتەوە
تایبەت بە کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوت
سعودیە بڕیاریدا ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە ئاستى بەرهەمهێنانى وڵاتەکەى کەم بکاتەوە، وەک بەشێک لە هەنگاوەکان بۆ بەرزکردنەوەى نرخى نەوت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لە ڤیەنا کۆبووەوە، تایبەت بە دۆخى بازاڕى نەوت و هەنگاوەکانى سەقامگیرکردنى نرخى نەوت.
وەزارەتی وزەی سعودیە ڕایگەیاندووە، بەرهەمی ئەو وڵاتە لە مانگی تەموزەوە بۆ 9 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمدەکرێتەوە، لە کاتێکدا لە مانگی ئایاردا نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیلى بەرهەم هێناوە، ئەمەش گەورەترین کەمبوونەوەیە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا.
ئەو هەنگاوەى سعودیە لەکاتێکدایە، لە تشرینى یەکەمى ساڵى ڕابردووەوە، هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، بڕیاریدا 2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بەرهەمهێنانى وڵاتانى ئەندامى کەم بکاتەوە، هەروەها لە پاڵ ئەوەشدا، هەریەک لە وڵاتانى عێراق، سعودیە، ڕوسیا، عومان، کوەیت، ئیمارات و جەزائیر خۆبەخشانە پێکەوە بەرهەمهێنانى یەک ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوتیان کەمکردەوە.
ئەم هەنگاوانەى هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، بۆ ڕێگریکردنە لە دابەزینى نرخى نەوتى خاو، کە ماوەى چەند هەفتەیەک لە دابەزین بەردەوامە و ئەمساڵ 40%ى بەهاکەى لەدەستداوە.
بەگوێرەى پێشبینییەکانى شیکەرەوانى بازاڕى نەوت، ئەم هەنگاوەى سعودیە نرخى نەوت بەرز دەکاتەوە.