نرخى خۆراک لە عێراق “ئاسایی دەبێتەوە”
وەزیرى کشتوکاڵى عێراق دڵنیایی دەدات
وەزیرى کشتوکاڵى عێراق دڵنیایی دەدات کە نرخى خۆراک دادەبەزێت و “وەک پێشووى لێدێتەوە”، بۆ ئەو مەبەستەش میکانیزمێکى خستوەڕوو.
عەباس علیاوى، وەزیرى کشتوکاڵى عێراق بە بەشێک لە میدیا عێراقییەکانى وتووە، “پەلە دەکەن لە هاوردەکردنى خۆراک بۆ ئەوەى چارەسەرى گرانبوونى نرخ بکەن”.
باسى لەوەش کردووە، “ئەو بەرزبوونەوەى نرخەى هەیە، درێژە ناکێشێت و دۆخى بازاڕ ئاسایی دەبێتەوە”.
گرانبوونى نرخى خۆراک پێچەوانەى پێنوێنى نرخى خۆراکى جیهانە.
پێنوێنى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ نرخى خۆراک و بابەتە خۆراکییەکان بە ڕێژەى 2.1% دابەزیووە، ئەوەش نزمترین ئاستى نرخە لە مانگى تەموزى 2021ەوە.
شەڕى ڕوسیا لە ئۆکرانیا نرخى خۆراکى لە جیهان بەرزکردەوە و کاریگەرى لەسەر عێراقیش هەبوو، لەلایەکى دیکەوە بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار لە عێراق هێندەى دیکە هاوکار بوو بۆ بەرزبوونەوەى نرخ.