مەسرور بارزانى لە سویسرا بازاڕکارى بۆ سێوى کوردستان کردووە
ڕێککەوتنى لەوبارەیەوە کردووە
لە کۆڕبەندى داڤۆس لە سویسرا، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بازاڕکارى بۆ سێوى بەروارى کردووە و ڕێککەوتنى بۆ بەبازاڕکردنى ئەو بەروبوومە کردووە.
ڕزگار حەمەد، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، “باشترین جۆرەکانی سێو لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێن، ئێمە هەوڵی جدیمان داوە بەتایبەت بۆ باخەکان کە چارەسەری گرفتی بەبازاڕکردنیان بۆ بکەین”.
فەرمانگەکەى حکومەتى ئاشکرای کردووە، “مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتى هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندى ئابوریى داڤۆس لە سویسرا، چەندین کەسایەتیی سیاسی و بازرگانی و کۆمپانیاکانی بینیوە، یەکێک لەو کۆمپانیانە گروپی کۆمپانیاکانی (ماجد الفطيم) بوو کە خاوەنی هایپەرمارکێتەکانی (كارفور)ە، لەو کۆبوونەوەیەدا باسی سێوی بەرواری کرا و بڕیاریان دا ئەم بەرهەمە کوردستانییە بکڕن”.
هاوکات، دلشێر بەردەڕەشى، شرۆڤەکارى پێشکەوتوو لە نوسینگەی سەرۆکی حكومهت بە ڕاگەیاندووە، “لە مانگی کانونى یەکەمى 2022، لە کاتى سەردانی تیمەكهمان بۆ دەڤەری كانی ماسێی سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك، توانرا هەڵسەنگاندن بۆ سێوی ئهو دهڤهره بكرێت و زانرا بڕێكی زۆر لە ساردكەرەوەكانی كانی ماسێدا هەڵگیراون، كە تایبەتن بە جووتیارەكانی ئەو دەڤەرە. پاشان لەلایەن كۆمپانیای كەرتی تایبەتەوە نموونە لە سێوەکە وەرگیرا و پشکنینی بۆ كرا، هەندێك لەو پشکنینانە لە ناوەوە ئەنجام دران و هەندێكیشیان نێردران بۆ وڵاتانی دەرەوە”.
“سێوى بەرواری، کە یەکێکە لە بەرهەمە باشەکانى کوردستان، لە هەموو پشکنینەکان سەرکەوتوو بوو و بە سێوێکی سروشتی و باش هەژمار کرا و ئەمەش بووە هۆی دۆزینەوەی بازاڕێکی باش بۆ ئەو سێوە”، وەک دلشێر بەردەڕەشى ئاماژەى پێ کردووە.
ئەوەشى خستوەتەڕوو، “كۆمپانیای كارفور لقی عێراق، سەردانی دەڤەری کانی ماسێیان کرد و سێوەكەیان زۆر بەدڵ بوو، چونكە سێوێكی سروشتییە و خاوەن تام و بۆنێكی ناوازەیە، لە دوای سەردانەكەیان، لەسەر نرخەكەی لەگەڵ جووتیارەكان ڕێككەوتن و بۆ هەفتەی دواتر سێوەکە گەیشتە لقەکانی کارفور”.
پێشتر حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەناردەکردنى هەنار و هەنگوین و چەندین بەروبوومى دیکەى کشتوکاڵى بۆ دەرەوەى هەرێم ڕاگەیاند.