پاوەندى بەڕیتانى بە ڕۆژێکى خراپدا تێپەڕ دەبێت
نرخەکەى بە ڕێژەى 1% دابەزى
لە مامەڵەکانى ئەمڕۆدا، پاوەندى بەڕیتانى 1%ى نرخەکەى لەدەستدا بەرامبەر بە دۆلارى ئەمریکى، هۆکارەکەى دەگەڕێندرێتەوە بۆ دەستلەکارکێشانەوەى سەرۆکوەزیرانى ئەو وڵاتە.
تۆڕى هەواڵى بی بی سی-ی بەڕیتانى بڵاویکردووەتەوە، دابەزینى بەهاى پاوەند لە کاتێکدایە کە ئامارە فەرمییەکانی فەرمانگەی ئاماری نیشتمانی دەریانخستووە، قەرزەکانی حکومەت بەرزبووەتەوە بۆ دووەم بەرزترین ئاستی لە مانگی ئەیلولدا.
ئەوەشى ئاشکرا کردووە، خەڵک کەمتر بازاڕکردن دەکەن بەراورد بە پێش پەتای کۆرۆنا و قەبارەی فرۆشتنی تاکەکەسی مانگی ڕابردوو، بە ڕێژەی 1.4% زیاتر لە چاوەڕوانکراو دابەزیوە و لە مانگی ئابەوە بەردەوامە لە دابەزین.
لاى خۆیەوە، دارێن مۆرگان، لە فەرمانگەی ئاماری نیشتمانی (ONS) کە ئامارەکانی بڵاوکردەوە، بە میدیا بەڕیتانییەکەى وتووە، “هەموو جۆرە دووکانەکان فرۆشیان دابەزیوە و فرۆشگاکانی خۆراک بە تایبەتی زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە”.
هاوکات، هەڵاوسان لە بەڕیتانیا لە مانگی ڕابردوودا بۆ 10.1% بەرزبووەوە و پێشبینی دەکرێت زیاتر بەرزبێتەوە.