کەستمەر سێرڤس.. خزمەتگوزاریی کڕیار چییە؟
ئەو دەستەواژەیەى ڕۆژانە بەر گوێمان دەکەوێت
شارەزاى دیجیتاڵ مارکێتینگ
ڕۆژانە ئەم دەستەواژەیە بەر گوێمان دەکەوێت، بەڵام وەک سەرنجم داوە تێگەشتن لە واتای تیۆری و پراکتیکیی خزمەتگوزاریی کڕیار بووەتە پێویستییەکی زۆر گرنگ لە کاردا.
زۆرباشە ئەمەوێ بە وردی بە سادەترین زاراوە خزمەتگوزاریی کڕیار بخەمە ڕوو، کە خۆی لەو کار و چالاکییە بەردەوامانە دەبینێتەوە کە بۆ پشتگیریکردنی کڕیاران ئەنجام دەدرێن، بە مانایەکی تر کارلێکی نێوان کڕیاری بەرهەمێک و ئەو کۆمپانیایە کە دەیفرۆشێت یاخود پێشکەشی دەکات.
واتا پێویستە بە شێوازێکی وردتر بەرجەستە بکرێت لە پێشکەشکردنی یارمەتی و ڕێنمایی کە کۆمپانیایەک پێشکەشی بەکارهێنەر و کڕیارەکەی دەکات لە پێش کڕین و لە کاتی کڕین و دوای کڕینی بەرهەمێک یان خزمەتگوزارییەک.
خزمەتگوزاریی کڕیار پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و زیندوو، لە نێوان کڕیارە ڕازییەکان و دڵسۆزانی براند و گەشەی داهاتدا دروست دەکات و پێویستە بە هەند وەربگیرێت.
ڕازیبوونی کڕیار هەمیشە بەشێکی بنەڕەتی بووە لە کاردا، بەڵام ئێستا لە جاران گرنگترە، بەکارهێنەران چاوەڕوانی زۆر شت لە براندەکان دەکەن و براندی هەمیشەییان هەیە کە دەتوانن هەڵیبژێرن.
خزمەتگوزاری پێویستە بەشێک بێت لە هەر هەنگاوێکی گەشتەکەیان، لە کارلێکە سەرەتاییەکانەوە تاوەکو دوای کڕینیش، بە سادەیی، براندەکان پێویستە هەنگاو بنێن بەرەو خزمەتگوزارییەکی نایاب کە ئەو ئەزموونە پێشکەش بکات کە کڕیاران چاوەڕێی دەکەن.
ئەو ڕۆژانەی کە خزمەتگوزاریی کڕیار ژمارەیەک بوو کە پەیوەندی پێوە دەکەیت بۆ وەرگرتنی یارمەتی، نەماوە، ئەمڕۆ خزمەتگوزاریی کڕیار لایەنێکی سەرەکیی گرنگی هەر بەرهەم یاخود سێرڤس یان بزنسێکە، کە پێویستە لە هەموو پلاتفۆرم و کەناڵەکانی براندەکەت یان بزنسەکەت هەبێت، لەوانە لە ڕێگەی، (تەلەفۆن، ئیمەیڵ، تۆڕی کۆمەڵایەتی، ماڵپەڕەکەت، کورتەنامە یان پشتگیری بە شێوەی کەسی پڕوپاگەندە).
خزمەتگوزاریی کڕیار چەند توخمێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت لەوانە، (وەڵامدانەوە تا خێراتر بێت، باشترە و نابێت خاو بێت و کڕیار بێزار بکات بە خاوییەکەی و گرنگی بە کات بدات، هەروەها کوالێتی وەڵامدانەوە و شێوازی قسەکردن و هەبوونی وزەی پێویست لەلایەن کارمەندی ئەو بەشەوە و هەبوونی زانیاریی پێویست لەسەر بەرهەم و کارەکەی، هەروەها ئەرێنیبوون، لە کاتێکدا کە بارودۆخەکان بۆ پەیوەندیکردن بە نوێنەری خزمەتگوزاریی کڕیارەوە پەرە دەسێنن بەهۆی کێشەیەکەوە نابێت کارمەندەکە زوو کۆڵبات و دەست هەڵبگرێت لە دۆزینەوەی ڕێگە چارە کە ئەویش بەشی سەرەکی و کۆتایی پرۆسەکەیە کە پێویستە پشتڕاستی بکەیتەوە کە کڕیار لە ئەنجامی کۆتایی ڕازییە و کێشەکانیان چارەسەر کراون.
کەواتە لە کۆتاییدا بۆمان دەرکەوت کەستمەر سێرڤس چییە و هەر لەو ڕێگەیەشەوە ئەزانیت کارامەیی و سکێڵەکان چین کە پێویستە هەبن، ئەو توخمانەی کە لەسەرەوە باسم کردوون بنچینەیین و ئەتوانیت وەک خاوەن کار، تێستی کارمەند بکەیت لەسەری.