چیرۆکى ئەو کچە کارسازەى سەرمایەکەى 220 ملیۆن دۆلارە
تەمەنى 27 ساڵە و خاوەنى کۆمپانیایەکە کە خۆى دایمەزراندووە
دانیلا پێرسۆن، کۆمپانیاى گەشتى هەواڵەکانى تایبەت بە ژنانی دامەزراند بە ناوى “The Newsette“ەوە، ئەو هەنگاوەش سەرى کێشا بۆ ئەوەى بیکات بە خاوەنى 220 ملیۆن دۆلار.
سەرەتا لە تەمەنى 19 ساڵیدا، دانیلا هەستاوە بە دامەزراندنى ئەو کۆمپانیایە لە سفرەوە، کە مەبەستى بووە “خزمەت بە ژنان بکات”.
ئێستا لە تەمەنى 27 ساڵیدا، یەکێکە لە ژنە دەوڵەمەندەکانى جیهان لە ئەمریکا، هەروەها منداڵترین ژنە ئەسمەرى کارسازە کە خاوەنى ملیۆنان دۆلار بێت، وەک گۆڤارى فۆربس ئاشکراى کردووە.
ساڵى ڕابردوو، داهاتى کۆمپانیاى “The Newsette”، 40 ملیۆن دۆلار بوو، قازانجەکەى زیاتر بووە لە 10 ملیۆن دۆلار، وەک خۆى باسى لێوەکردووە.
بەر لە دوو هەفتە، دانیلا پێرسۆن پشکێکى بچووکى کۆمپانیاکەى بە 200 ملیۆن دۆلار فرۆشت بە وەبەرهێنەرێک.
بەگوێرەى هەڵسەنگاندنەکانى گۆڤارى فۆربس، ئێستا سامانەکەى ئەو گەنجە کارسازە، زیاتر دەبێت لە 220 ملیۆن دۆلار.
بیرۆکەى دامەزراندنى کۆمپانیاى “The Newsette”
کاتێک دانیلا پێرسۆن لە ساڵى 2015 لە قۆناغى دووى زانکۆ بووە لە ویلایەتى بۆستن لە ئەمریکا، کاتى نەبووە کە سەردانى هەموو وێبسایتەکان بکات بۆ دەستکەوتنى هەواڵە دڵخوازەکانى، بۆیە بڕیارى داوە، پێگەیەکى هەواڵى دروست بکات، تایبەت بە هەواڵى هونەرى و کار و جوانکارى و تەندروستى، ئەوەى ژنان و کچان پێویستیان پێیەتى.
سەرەتا خۆى وەک دامەزرێنەرى پێگەکە نەناساندبوو، بەڵکو وەک ڕاهێنەرێک لە کۆمپانیایەکى هەواڵى خۆى ناساندبوو، لە ترسى ئەوەى متمانەى پێنەکرێت.
تاوەکو زانکۆکەى تەواونەکردووە، هیچ ڕێکلامیکى وەرنەگرتووە بۆ پێگەکەى، لە ساڵى 2019 داهاتى وێبسایتەکەى گەیشتووەتە یەک ملیۆن دۆلار و ساڵى 2020یش بەرز بووەتەوە بۆ 7 ملیۆن دۆلار.
لەڕێی سەبسکرایبکردنى پێگە هەواڵییەکەى “The Newsette”، بەبێ بەرامبەر هەواڵ و بابەتەکانى پەیوەست بە ژیانى ژنان دەگات بەو کەسەى بەشداریى کردووە.
ئێستا ئەو پێگەیە زیاتر لە 500 هەزار بەشداربووى هەیە، کە زۆرینەیان ژنن و تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 35 ساڵدایە.
ئەو پێگەیە تەنها پێگەیەکى ئاسایی نییە، بەڵکو چەندین تایبەتمەندی تێدایە کە سوود بە بەکارهێنەرانى دەگەیەنێت.
کۆمپانیا هەواڵییەکەى دانیلا، نزیکەى 50 کارمەندى هەیە و ژمارەى کامەندەکانى ڕوو لە زیادبوونن.
خێزانى دانیلا
دایکى دانیلا لە خێزانێکى هەژار بووە لە کۆلۆمبیا، لە کۆتاییدا بووە بە پزیشکى دەم و ددان، باوکیشی خەڵکى ویلایەتى نیویۆرکە و سەنتەرى بریکاریی ئۆتۆمبێلى هەیە.
دانیڵا پێرس لە منداڵیدا تەندروستییەکى خراپى هەبووە و کێشەى خەوى هەبووە و دووچارى نەخۆشیی دڵەڕاوکێ بووەتەوە، خوشکە دووانەکەشى زانکۆى پەنسلڤانیاى تەواو کردووە و لە تیک تۆک لەژێر ناوى ئالێکس ئەستەر یەک ملیۆن فۆڵەوەرسى هەیە.
لە چاوپێکەوتنێکدا، دانیڵا لە پاش چوار ساڵ کارکردن، مانگى پێشوو مۆڵەتى وەرگرتووە بۆ بۆ پشوودان، لەوبارەبەوە خۆى دەڵێت، “نەمتوانى پشوو بدەم، هیچ شتێک هێندەى دامەزراندنى کۆمپانیا و گەشەپێدانى دڵخۆشم ناکات”.