فێنککەرەوەیەک بە وزەى خۆر کار دەکات.. داهێنانى مامۆستایەکى خانەنشین
لە دۆخى بێ کارەبایی قامیشلۆدا
مامۆستایەکى خانەنشین لە قامیشلۆى ڕۆژئاواى کوردستان، لە داهێنانێکیدا، دەیەوێت بە وزەى خۆر ماڵەکان فێنک بکاتەوە.
محەمەد ساڵح، مامۆستایەکى خانەنشینە لە قامیشلۆ، فێنککەرەوەیەکى داهێناوە، بە وزە خۆر تەواوى ڕۆژەکە کار دەکات و ئاوێکى کەمیشی پێویستە.
ئەو مامۆستایە لەبارەى داهێنانەکەیەوە دەڵێت، “هەر 10 فێنککەرەوەیەک پێویستیان بە تەنها یەک ئەمپێر دەبێت، ئاوێکى زۆر کەمیش بەکار دەبەن”.
ئەو فێنککەرەوانەى محەمەد ساڵح، لەپاڵ ئەوەى بە وزەى خۆر کار دەکەن، بە باترییەکى بچوکیش کار دەکەن.
پێشتر، مامۆستا محەمەد ئەو داهێنانەى پێشکەش بە چەند کەسێکى دەوڵەمەند کردووە بۆ ئەوەى پاڵپشتى دارایی بکەن، بەڵام لە ترسی ئەوەى شکست بهێنێت، کەس هاوکاری نەبووە، وەک خۆى باسى لێوە کردووە.
بەڵام هێندە بڕواى بەخۆى هەبووە، کۆڵى نەداوە و لەسەر ئەرکى خۆى بیرۆکەکەى جێبەجێ کردووە، دواجار سەرکەوتوو بوو.
ئێستا، محەمەد ساڵح، شوێنکارێکى کردووەتەوە، هەم فێنککەرەوە کۆنەکان چاک دەکات، هەم ئەو ئامێرانەى خۆى دایهێناون دروست دەکات.
ئەو داهێنانە هاوکاتى خراپیی دۆخى کارەباى ڕۆژئاواى کوردستانە، لەکاتێکدا گەرما بڕستى لە هاوڵاتییان بڕیوە.