دراوى قورس چییە و سوودى چییە؟
بڕى دراوى قورسى عێراق چەندە؟
دراوى قورس، تەنها چەمکێکى ئابوری نییە و بەس، بەڵکو ڕۆڵێکى گەورەى لە سیاسەتى دارایی هەر وڵاتێکدا هەیە، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانى عێراق، بەرزبوونەوەى بڕى دراوى قورسى وڵاتەکەى بە ئەرێنى ناوزەند دەکات.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانى عێراق بە بەشێک لە میدیا عێراقییەکانى وتووە، “بەرزبوونەوەى بڕى یەدەگى دراوى قورسى عێراق، متمانە بە دینارى عێراقى زیاد دەکات، هەروەها سەقامگیری دەبەخشێتە دراوەکە”.
ئاماژەى بەوەشکردووە، “یەدەگى دراوى قورسى عێراق، پارێزگاری لە هێزى کڕین لاى تاکى عێراقى دەکات، هەروەها پارێزگاری لە داهاتى ڕاستەقینەى تاکەکەسیش دەکات لە ئەگەرى داڕمانى دینار، هاوکات هۆکارێکە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵئاوسانى گەورە کە ڕەنگە لە داهاتوودا بێتە ڕێمان، لە ئەگەرى پەیڕەوکردنى سیاسەتێکى نەختى توند”.
“یەکێک لە ئەرکەکانى یەدەگى دراوى قورس، پارەدارکردنى بازرگانیی دەرەکییە، کە پەیوەندى بە گەشەپێدانەوە هەیە و بوژانەوەى ئابوری بەدواى خۆیدا دەهێنێت”، وەک مەزهەر محەمەد ساڵح باسى لێوەکردووە.
ئاشکراشیکردووە، “یەدەگى دراوى قورس لە عێراق، لە مانگى نیساندا گەیشتە 70 ملیار دۆلار، پێشبینى دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ بەرز ببێتەوە بۆ 90 ملیار دۆلار”.
دراوى قورس چییە؟
دراوى قورس، کە دراوى متمانەپێکرا و دراوى بەهێزیشی پێدەوترێت، ئەو دراوەیە کە دەکرێت بە تەواویی متمانەپێکراوە و دەکرێت لە تەنگانەدا پشتى پێ ببەسترێت و دراوێک ئاستى سەقامگیری زۆر بەرزە، هەروەها دەکرێت وەک دراوێکى نێودەوڵەتى بەکارى بهێنیت، دیارترین ئەو دراوانەش (دۆلار، یۆرۆ، یەنى ژاپۆنى)ن.
دۆلارى ئەمریکی ڕیزبەندى یەکەمى دراوى قورسى گرتووە، چونکە لە جیهاندا ناسراوترین دراوە و زۆرترین مامەڵەى پێوەدەکرێت، هەروەها لە هەموو کونجێکى جیهان خواستى لەسەرە.
لە هەرێمى کوردستان و عێراق، دۆلار ڕۆڵێکى گەورەى هەیە، چونکە بۆ ئاڵوگۆڕى دراوەکانى دیکە پەنا بۆ نرخى دۆلار دەبرێت.