ڕەنگە جوڵەیەکى بچووک دەرفەتێکى گەورەى کارکردنت پێ ببەخشێت
چیرۆکى ئەو گەنجەى "قژداهێنان"ێک کارەکەى بۆ باشتر گۆڕى
پشتیوان جەلال
بە چیرۆکێک دەستپێدەکەم بۆ ڕوونکردنەوەى ئەو جوڵە بچوکەى مەبەستمە؛
لە شوێنێکى گەشتیاریی نێو شارى سلێمانى کە بە شوێنێکى ڕاقی ناودەبرێت و ئوتێل و ڕێستۆرانتى تێدایە، گەنجێکى بە ڕەگەزە عەرەب بۆ ماوەیەکى درێژوەک پاککەرەوە کار دەکات، ئەو شوێنە سەرتاشخانەیەکەى لێیە، گەنجێکى کورد بەڕێوەى دەبات، ڕۆژێک گەنجە کوردە دەلاکەکە، بیرۆکەیەکى بۆ دێت و پێشنیاز بۆ گەنجە پاککەرەوەکە دەکات، قژ و ڕیشی بۆ چاک بکات و قژیشی بۆ دابهێنێت.
ئەویش لە وەڵامدا پێی دەڵێت، “من پارەم پێ نییە و مەگەر لەکاتى وەرگرتنى موچەکەم لە کۆتایی مانگدا پارەى سەرچاککردنەکەت پێ بدەم”، دەلاکەکە ڕازى دەبێت و کارێکى جوانى بۆ دەکات، لەکاتى باسکردنى ئەم چیرۆکە وتى، “ئەو گەنجە عەرەبە، چاوێکى سەوزى جوانى هەیە و گەنجێکى قۆزە بەڵام هیچ گرنگى بەخۆى نەدەدا بۆیە ئەو بیرۆکەیەم بۆ هات”.
پاش ئەوەى پاککەرەوەکە بۆ یەکەمجار بە ستایلێکى جیاواز و قۆزەوە دەردەکەوێت و سەرقاڵى کارەکەى خۆى دەبێت، خاوەنى شوێنەکە کە بزنسمانێکى دیارى سلێمانییە، بە ڕێکەوت سەردانى ئەو شوێنە دەکات و دیبینێت، ڕاستەوخۆ بانگى بەڕێوەبەرى شوێنەکە دەکات و دەڵێت، “کارى ئەو گەنجە بگۆڕن و بیکەن بە کارمەندى پرسگە”.
دەلاکەکە کە ئەم چیرۆکەى بۆ گێڕامەوە، زۆر دڵخۆش بوو کە بە هەنگاوێکى بچوک و تەنها قژداهێنانێک توانى ژیانى کارى ئەو گەنجە پاککەرەوە بگۆڕێت، چونکە لەو شوێنە کارى پاککردنەوە نزمتریت موچەى هەیە، کارى پرسگەش پێگەیەکى باشى هەیە لەڕووى موچە و پلەوە.
ئەم چیرۆکە، ئەوەمان پێ دەڵێت، کە جوڵەیەکى بچوک دەکرێت ببێت بە خاڵى گۆڕینى کارەکەت بۆ باشتر.
لێرەوە بە کورتى باس لە گرنگیی جوانى ڕوخسار و جلپۆشین دەکەم، لەسەر ئەدات لە شوێنى کارەکەت و تەنانەت لەسەر وەرگرتنت لەو کارەى کە هەوڵى بۆ دەدەیت.
بەگوێرەى ڕاپۆرتێکى گۆڤارى فۆربس، ئەو کەسانەى کاریان دەستدەکەوێت، زیاتر لە نیوە ئەو کەسانەن کە “خاوەنى سیمایەکى باشترن لەڕووى جلوبەرگ و لەشولارەوە”، هەروەها باس لەوەش دەکات، سیما و ڕێکوپێکى پۆشین بە ڕێژەى 5% قازانج زیاد دەکات بۆیە خاوەن کار زۆر گرنگى پێدەدات، هەروەها ناڕێکى و ناشرینى سیماش دەبێتە هۆى لەدەستدانى موچە بە ڕێژەى 7 بۆ 9%.
ژیانى کارکردن سێ قۆناغى سەرەکییە، یەکەم، چاوپێکەوتنى کار بۆ ئەوەى ئەو کارەت دەست بکەوێت، دووەم، دەستپێکى کار، سێیەم، بەردەوامى و کۆشش بۆ بەدەستهێنانى زیاتر، هەر سێ قۆناغەکە بە تایبەت قۆناغى یەکەم و دووەم، پێویستى بە شیکپۆشى و جوان دەرکەوتن هەیە بۆ ئەوەى چواردەورەکەت سەرسام بکەیت.