گەنج چی بکات؟

حەوت هۆکار کە گەنجی قۆڵبەست کردووە لە دنیای کار و کارسازیدا

ئاراس عومەر

ڕاوێژکاری کار و ڕاهێنەر

تۆ با باسی ئەوە بکەین ئەگەر کەسێک بیرۆکەیەکی ھەبێت بۆ کارسازیی و بونیادنانی کار، بزانە ئەو ھۆکارانەی کار دەکەنە سەری چۆنن؛

1- دەفعی بێ مانا؛ جەماعەتی تەنمیەی بەشەری بێ ئەوەی خۆیان لە ژیانیانا بەردێکیان خستبێتە سەر بەردێک، پەمپی ئەیەن و دەفعی ئەکەن (ھەڵبەت ھەموویان نا بەس زۆرینەیان).. ئیتر کاکە ئەیکەن بە ھەرا: “تۆ ئازایت، تۆ زۆر گەورەیت، تۆ سەرکردەیت، زۆر عەیبە تا ئێستا تۆ خاوەنی کاری خۆت نیت”… ھتد. تا قوڕ بە سەری گەنجی داماوا ئەکەن کە بە کرێکاری 7-8 ھەزار دۆلاری پەیاکردووە لە مەشروعێکا ئیفلاسی پێ ئەکەن.

ئەتوانم بڵێم خۆشبەختانە لە پێنج ساڵی رابردوودا لە جیاتی دەفعی بێ مەعنا چەندین ڕێگای زانستی و واقعی و نوسراوم بە خۆڕایی خستووەتە بەردەم چەندین گەنج کە ھیچ نەبێت وام لێکردوون زیاد لە جارێک بیربکەنەوە و ھەڵ نەخەڵەتێن بە قسەی باق و بریق و بێ مانای جەماعەتی (داڕووخانی مرۆیی)، زۆرێک لەوانە شاھیدن و ئێستا ئەم پۆستەم ئەبینن.

ھەڵبەت لەو نموونانەشم لایە کە دەڵێت بە بەرچاوڕوونییەكانی تۆ ھەنگاو بە ھەنگاو رۆشتووم و بیرۆکەکەم وا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. (ھەر ئێستا ئیمەیڵێکى لەو جۆرەم بۆ ھات کە دنیایەک دڵخۆشی کردم، بەس حەز ناکەم شێری بکەم تا ئەمەی منیش نەبێتە دەفعی بێ مانا).

2- دارایی؛ کە مەسەلە دێتە سەر پارە کەس نییە ھاوکاریی گەنج بکات ئەگەر بیرۆکەکەش باش بێت، تازە بە تازە و لەم دواییە خۆشبەختانە چەند رێکخراوێک دروست بوون کە ئەوانیش ئیمکانیەتیان محدودە و بەداخەوە شتی تریش (وەک مەسەلەی سیاسی) رۆڵ دەبینێت تیایدا. ئیتر نە بانکێک ھەیە، نە جیھەتێکی مەعقول نە ھیچ. ئەوەی ئەمێنێتەوە چوونە بەردەرگای دەوڵەمەند و تەکلیفکردنە، کە زۆرجار لەم حاڵەتەشدا کاکی پارەدار بیرۆکەکەی دزیوە و ھیچیشی بۆ خاوەن بیرۆکە نەکردووە و یاسایەکیش نییە پشتگیریان بکات. بە کورتی رێگاکە ضمان نییە…

3- نەبوونی سەرچاوە؛ ئەکرێت کارساز و خاوەن بیرۆکە کەسێکی زۆر وریا و بیرکەرەوە بێت، بەڵام بۆ نموونە جگە لە کوردی ھیچ زمانێکی تر نەزانێت، ئێ ئەم گەنجە چی بکات کە ھچ سەرچاوەیەکی کوردی ئەوتۆ نییە ھاوکاری بکات و وای لێبکات زیاتر بیر بکاتەوە و پلانی باشتری ھەبێت؟.

4- ھاوکاریی حکومەت؛ تۆ سەیری لەناو ئەو ھەموو دزیی و ڕاو و ڕووت و تاڵانیە بزانە لە 30 ساڵی رابردوودا حکومەت بچوکترین پرۆگرامی ھەبووە بۆ دەستگرتنی گەنجی خاوەن بیرۆکە و پێشخستنی بزنسی بچووک؟! با ئەمەندە بەس بێت و باسی حکومەت ھەر نەکەین چونکە زۆر بێ مانایە قسەکردن لەسەر حکومەت.

5- ناواقعیبوونی گەنج خۆی؛ گەنج خۆشی لە زۆر ھەنگاودا ناواقعیە و بیرکردنەوە و مایندسێتەکەی زۆر بەرتەسکە.. یەک نموونەی سادە؛ ھەر ئەوەندەی خاوەن کارەکەی دەبینێت ئیشی باشە ئیتر وا ئەزانێت ئەو ھەرچی وەرئەگرێت قازانجە، سەرچاوەی ئەم ھەموو قازانجەش ئەمە کە کاری بۆ دەکات، کە لە راستیدا ھیچ وا نییە و ئەسڵەن ھەر بەو شێوەیە بیر لە بزنس ناکرێتەوە، بۆ زانیاریت دوای 17 ساڵ لە کارکردن و چەندین بڕوانامە و دوو کتێب، لەئێستادا کارمەندی دوو جێگام و ئیش بۆ خەڵک دەکەم و ھیچ بە عەیبەشی نابینم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرگەرمی بونیادنانی بزنسی خۆم و کاری فریلانسم لەلاوە.. یەعنی شتەکان پێویستیان پێگەیشتن و تێگەیشتن و لەسەرخۆیی و ھێمنی ھەیە نەک پەلەپەل و دەفع بوون.

6- خولی بێ دەرئەنجام؛ ئەو خولانەی کە دەڵێن وەرە بە هەشت سەعات خۆت رزگارکە لە موەزەفی و ببە خاوەنی کاری خۆت سەری نیوەی گەنجیان خوارد، لە کاتێکا خاوەن خولەکان (بەشێکی زۆریان) خۆیان لە بێ کاریدا دەستیان داوەتە ئەو کارە.

من لە ژیانما دوو خولم کردووەتەوە و فیدباکەکانی خولەکە لە زانکۆی کۆمار پارێزراوە بچن بیبینن و من ھیچ ناڵێم، بمویستایە بە دەرزەن لەو خولانەم ئەکردەوە و ئێستا حسابی خۆم نەئەزانی، بەڵام نە ئەوکات و نە ئێستاش باوەڕم بەو ھەڵاو فەرتەنەیە نییە، تەنانەت لە ریکلامی خولەکانی زانکۆی کۆماریش بە سەریحی لە ڤیدیۆکەدا وتم تۆ بەم خولە نابیت بە شتێکی سەیر، بەڵام ھەوڵەیەین گۆڕانکاری دروست بکەین. ناواقعی بوونی ئەو خولانەش زیانێکی گەورەی لە گەنج داوە.

7- نەبوونی ژێرخان؛ گەنج ناتوانێت بە ئاسانی کار بونیاد بنێت لەبەرئەوەی لە یەکەم ساتەوە کە دانانی ناوی بزنسەکەیەتی تووشی کێشە و ئاستەنگ ئەبێت تا ئەو کاتەی دەست پێ ئەکات. ئاخر تۆ لە وڵاتێکا کە ئەدرەسی نییە و ئۆنلاین بانکینی نییە و ریکۆردی نییە و داتای نییە و ڕێگاوبان و کارەبا و دیلیڤەریەکی باش و چی و چی نییە بزنسی چی ئەکەیت؟!.

بە کورتی، گەنج بەدبەختە چونکە؛ جەماعەتی گەشەپێدانی مرۆیی دەفعی ئەکەن، لەلایەنی داراییەوە کەس پشتگیری ناکات یان بیرۆکەکەی ئەدزن، سەرچاوەی نییە، ھاوکاریی حکومەتی نییە بە زەڕرەش، ژێرخانی ئامادەی بۆ بزنس نییە، خۆشی ھەندێک جار ناواقعیە و کەس نییە تێی بگەیەنێت کە نابێت وابکات.. ئەی چی بکات؟! وەڵاھی ھەر باشە ھەندێکیان توانیویانە کارێکیش بۆ خۆیان بونیاد بنێن و من دەستخۆشیان لێ ئەکەم و بەراستی ئازان.

https://www.facebook.com/aras.omer.505/posts/5778604068833034

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$70.98  $0.25  0.35%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$67.45  $0.24  0.36%  
زێڕ 
$2,787.30  $6.20  0.22%  
یەک ئۆنسە زیو 
$31.39  $0.66  2.15%  
گازی سروشتی  
$2.36  $0.009  0.38%  
گازۆلین 
$1.96  $0.0072  0.37%  
ئەلەمنیۆم 
$2,649.00  $12.25  0.46%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.14  $0.0091  0.43%